=KTML_Bold=چۆن شارستانییەتی ئەمەریکا بناسین؟=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، بە دیاریکراوی لە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانەوە تاکوو ئەمڕۆ، یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی مانەوە و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بریتی بووە لە پشتگیری ڕاستەوخۆی ئەمەریکا بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان، لەم چوارچێوەیەدا پەیوەندییەکی فراوان و پتەو درووست بووە لەنێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان، (ئەم پەیوەندییە فراوانە) هەماهەنگی و هاوبەشی بەردەوامی لە پرسە جۆراوجۆرەکاندا لێکەوتۆتەوە لە ئاستەکانی (سیاسی و دیبلۆماسی و ستراتیژی و ئابووری و ئەمنی ....هتد).
بۆیە لەم قۆناغە چارەنووسسازەدا گرنگە بۆ ئێمەی کورد هەڵوێستەیەک بکەن لەسەر شێوازی بوونیاتنانی شارستانییەتی ئەمەریکا، بە مەبەستی کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی ئەم (وڵاتە زلهێزە)ی کە سەرمەشقی جیهانی گرتووە لە زۆربەی سێکتەرە جۆراوجۆرەکاندا، لەم پێناوەدا ئەم زنجیرە وتارەمان تەرخان کردووە بە شارستانییەتی (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا) لە ڕوانگەیەکی جیاواز و بە دیدگایەکی ئەکادیمی هەوڵدەدەین هەفتەی دوو ڕۆژ (دووشەممە و پێنجشەممە) لە ڕێگای چەند سەرەقەڵەمێک بە کورتی و بە پوختی تیشک بخەینە سەر ئەم بابەتانە:
1-مێژووی ئەمەریکا.
2-جوگرافیای ئەمەریکا.
3-دەستوور و سیستەمی حوکمڕانی ئەمەریکا.
4-بنەما سەرەکییەکانی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئەمەریکا.
5-ئابووری ئەمەریکا.
6-کلتوری ئەمەریکا.
7-جیهان لە ڕوانگەی ئەمەریکا.
8-کورد لە ڕوانگەی ئەمەریکا.
=KTML_Bold=1-مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا:=KTML_End=
باسکردنی مێژووی شارستانییەتێکی نوێ و زلهێزترین وڵاتی دونیا قسەی زۆر هەڵدەگرێ، لە ڕابردوودا خەڵکێکی زۆر لەسەر ئەم بابەتەیان نووسیووە، لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمەوە بە دیاریکراوی لە ساڵی (1819)دا (هامیر پۆرگشتاڵ)ی نەمساوی لە یەکەمین کەسەکان بوو کە لە (ڤیەننا) بناغەی پڕۆژەیەکی دانا بەناوی (ئەمەریکاناسی) و دواتریش لە سەدەی بیستەم ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و کەسانی ئەکادیمی سەدان لێکۆڵینەوەیان ئەنجامدا، ئەم هەوڵانە تاکوو ئەمڕۆش بەردەوامن بۆ شارەزابوونی زیاتر دەربارەی شارستانییەتێکی نوێ لە کیشوەری ئەمەریکای باکوور، منیش بە پێویستم زانی لە زنجیرەی یەکەمدا چەند زانیاریەکی گرنگ سەبارەت بە مێژووی (شارستانییەتی ئەمەریکا) بخەمەڕوو.
=KTML_Bold=دەتوانین مێژووی ئەمەریکا پۆڵین بکەین بۆ چەند قۆناغێک:=KTML_End=
=KTML_Bold=1 -قۆناغی پێش سەربەخۆیی:=KTML_End=
بە گوێرەی هەندێک بەڵگەنامەی مێژوویی متمانەپێکراو، ژیانی سەرەتایی لە ئەمەریکای باکووردا دەگەڕێتەوە بۆ (12000) ساڵ پێش زایین، ئەمەش مانای ئەوەیە کە بیست و دوو هەزار ساڵ لە دوای چاخی سەهۆڵبەندانەوە مرۆڤ هەوڵی دۆزینەوەی زەوی نوێی داوە تا دەگاتە ئەو شوێنەی کە ئێستا بە کیشوەری ئەمەریکا ناسراوە. دانیشتووانی ڕەسەنی ئەمەریکا، پێیان وایە کە (1200) تا (1400) ساڵ پێش ئەمە لە کیشوەری ئاسیاوە ھاتوونەتە ئەم وڵاتە نوێیەوە. لە ڕاستیشدا نیشانەی شارستانییەتێکی کۆن لە قەراغ ڕووباری میسیسیپی کە (درێژترین ڕووباری ئەمەریکایە) دۆزراوەتەوە کە پیشەیان کشتوکاڵ بووە.
لە ساڵی (1492)دا کریستۆفەر کۆلۆمبس دۆزەرەوەی ناودار، کاتێک لەژێر فەرمانی پاشای ئیسپانیادا بوو، گەیشتە دوورگەکانی (کاڕائیب) و لەوێدا بۆ یەکەم جار ئەوڕووپییەکان چاویان کەوت بە دانیشتووانی ڕەسەنی ئەو وڵاتە. بە ھۆی ئەوەی کە مەبەست لەو گەشتە، گەیشتن بوو بە وڵاتی ھیند، کاتێک گەیشتنە ئەو وڵاتە بە ھیندیان دەزانی و دانیشتووەکانی ئەمریکا بە (ھیندیە سوورەکان) ناسران. دوای ئەوە کۆمەڵێک وڵاتی دیکە بە سوپایەکەوە لە گۆشەیەکی ئەو وڵاتە دادەبەزین و پارچەیەکیان دەکرد بە بەشی وڵاتی خۆیان؛ وەک بەریتانیا و ئیسپانیا و ھۆڵەندا و فەڕەنسا. ئەم خاکەی ئەمڕۆ ناوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لە ڕابردوودا خاکی نەتەوەیەک بووە کە ناویان (Indian Sioux) یاخود هیندییە سوورەکان.
ئەم ئەمریکایە داگیرکرابوو لەلایەن ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا، ئیمپراتۆریەتی فەرەنسی، هۆلەندا، دانیمارک، ئیتاڵیا، پۆڵەندا، بەلجیکا، ئیسپانیا، پرتوگال) وە بەشێکی کەم بۆ ڕەش پێستەکان وهیندەسوورەکان مابوویەوە.
ئەوروپیەکان ژمارەیەکی یەکجار زۆر هیندیە سوورەکانیان کوشتن و ژمارەیەکی تریشیان بەهۆی ئەو نەخۆشیانەوە لەناو چوون کە لەگەڵ هاتنی ئەوروپیەکان گواسترابوونەوە ئەمەریکا.
لە کۆتایی سەدەی پانزەهەم و سەرەتای سەدەی شانزەهەم دەستپێکی شەپۆلە مەزنەکانی کۆچی ئەوروپیەکان بوو. لە ساڵی (1732) ئەم وڵاتە بریتی بوو لە سێزدە کۆڵۆنی کە موستەعمەرەی بەریتانیای مەزن بوون، ھەر یەکێکیان یاسا و ھەڵبژاردنی تایبەت بە خۆیان ھەبوو بەڵام لە کۆتاییدا ھەموو یاساکان لەژێر حوکمی بەریتانیادا بوون.
=KTML_Bold=2-قۆناغی سەربەخۆیی:=KTML_End=
خەڵکی ئەمەریکا لە (#04-07-1776#) زایینی سەربەخۆیی ڕاگەیاند و ئامادە نەبوون هیچی تر لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیایی مەزندا بمێننەوە بەڵکوو کۆمارێکی دەستووری فێدراڵییان درووستکرد، ئەو کات ئەمەریکا تەنیا لە (13) ویلایەت پێکھاتبوو، کە ئەمانەی خوارەوە بوون:
(پێنسلڤانیا، نیویورک، نیوجێرسی، ڤیرجینیا، ماساچوست، میریالند، ڕودئایالند، کنتکت، کاڕۆڵینای باکوور، کاڕۆڵینای باشوور، دالوێر، نیوهامشر، جۆرجیا). بەریتانیا دژی سەربەخۆیی ئەمەریکا وەستایەوە و شەڕ دەستی پێ کرد، پاش ماوەیەک لە ڕووی هێزەوە بەریتانیا زۆر ناوچەی ستراتیژی لە دەست نەمابوو و توانای ڕووبەڕوو بوونەوەی نەمابوو، هەروەها بەریتانیا دەیزانی کە کۆتایی دێ. لە ساڵی (1778) بەریتانیا هێزی دۆزەخی دەریای (مارشاڵ)ی داوا کرد کە نیۆرک بگرێتەوە، بەڵام مارشاڵ تەنیا توانی لە دووری چەند میلێکەوە تۆپ بارانی نیۆرک بکات. هەر لەم جەنگانەدا بەریتانیا (2) ملیۆن هیندی سووری جینۆساید کرد هەر لەو ساڵەدا فەرەنساش جەنگی ڕاگەیاند دژی بەریتانیا.
لە ساڵی (1781) بەریتانیا (45) هەزار سەربازی هێزی تایبەتیی لەلایەن جەنەڕاڵ (جۆرج واشنتۆن)ەوە بە دیل گیران لە ساڵی (1783) بەریتانیا پەیمانی (پاریس)ی بۆ ئاشتی مۆر کرد و دانی نا بە سەربەخۆیی ئەمەریکا.
دوای بەدەستهێنانی سەربەخۆیی باوکانی دامەزرێنەر بەسەرۆکایەتی جۆرج واشنتن توانیان کۆنگرەیەک ببەستن لە شاری فیلادیلفیا لە ساڵی (1787) بە مەبەستی نووسینەوەی دەستوورێک بۆ وڵاتە تازە لەدایک بووەکەیان، دوای ساڵێک توانیان دەستوورێکی (7) مادەیی بنو#سنە#وە و پەسەندی بکەن کە بووە بنەمایەکی گرنگ بۆ بنیاتنانی زلهێزترین وڵاتی جیهان.
=KTML_Bold=3-قۆناغی شەڕی ناوخۆ:=KTML_End=
لە کلتوری هەندێک لە ویلایەتەکانی باشووردا ڕاگرتنی بەندە یاخود عەبد باو بوو؛ بەڵام لە ویلایەتەکانی باکووردا وانەبوو، بۆیە کاتێک ئەبراھام لینکۆڵن وەک یەکەم سەرۆکی پارتی کۆماری (پارتی کۆماری لە ساڵی 1854 دامەزراوە و پارتی دیموکراتیش پێشتر لە ساڵی 1828 دامەزراوە) هەروەها لینکۆڵن بە نوێنەری زۆربەی ویلایەتەکانی باکوور لە ساڵی (1860)دا بووە سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، بانگەوازی لابردنی ئەو یاسا و کولتوورەیدا و ھەموو بەندەکانی بە پێی یاسا ئازاد کرد.
ئەوە بووە ھۆی ئاڵۆزی نێوان ویلایەتەکانی باکوور و باشوور. لە ساڵی (1861) ئاگری شەڕی ناوخۆی ئەمریکا هەڵگیرسا کە تێیدا نزیکەی (620) ھەزار کەس کوژران بۆیە بە خوێناویترین شەڕی مێژووی ئەم وڵاتە دەناسرێت. لە ئاکامدا باکوورییەکان سەرکەوتن و بەندەداری (عبودیەت) بە پێی یاسا نەما. ئەو (ئەفریقی-ئەمریکایانە)ش کە بە پێی یاسا ئیتر بەندە نەبوون، بوونە خاوەن مافی شارومەندی و دواتریش بوونە خاوەن مافی دەنگدان.
=KTML_Bold=4-قۆناغی بنیاتنان و خۆپارێزی:=KTML_End=
ئەم قۆناغەم ناو ناوە بە قۆناغی بنیاتنان و خۆپارێزی چونکە خەڵکی ئەمەریکا لە دوای شەڕی ناوخۆ هەوڵیاندا وڵاتەکەیان بە شێوەیەکی تۆکمە بوونیات بنێن و بپارێزن لە هێرشی دەرەکی، ئەم قۆناغە تا سەرەتای سەدەی بیستەم درێژەی هەبوو.
=KTML_Bold=5-قۆناغی دەرکەوتنی ئەمەریکا وەک وڵاتێکی زلهێز:=KTML_End=
لە شەڕی جیھانی یەکەمدا و لە ساڵی (1914) ئەمریکا بێلایەن بوو، لە شەڕی جیھانیی دووەم، ئەمریکا دیسان بێلایەن بوو بەڵام پاش داگیرکرانی (پۆڵەندا) لەلایەن نازییەکانەوە، ئەمریکا بە ناردنی پێداویستییەکانی شەڕ بوو ھێزەکانی ھاوپەیمانی و دواتر، کە ژاپۆن ھێرشی کردە سەر دوورگەی (هاربێرد)ی ئەمریکا، بە فەرمی بووە ئەندامی ھاوپەیمانان و تێکەڵ بە شەڕ بوو. ئەمریکا یەکەم وڵات بوو کە دەستی گەیشتە چەکی ناوەکی و بۆ یەکەم جار لەسەر ھیرۆشیمای ژاپۆندا تاقی کردەوە. شەڕەکە بە کۆڵدانی ژاپۆن کۆتایی ھات.
ئاکامی شەڕ ئەگەرچی بردنەوە بوو لە ئەوروپادا، بەڵام ئەمریکا دوورترین وڵات لە گەرمەی شەڕبوو بۆیە بێ ئەوەی تووشی خاپووری و تێکچوونی ئابووری بێت بە درێژایی شەڕ گەشەی ئابووری بەردەوام بوو، بە شێوەیەک کە پاش شەڕی جیھانی دووەم ئەمریکا بووە زلھێزترین ئابووری دونیا.
=KTML_Bold=6-قۆناغی شەڕی سارد و ململانێی ناوخۆ:=KTML_End=
پاش شەڕی جیھانی دووەم و لە درێژەی ئەوەی بە (شەڕی سارد) ناسراوە، ئەمریکا و سۆڤیەت کێبڕکێیان بوو بۆ گرتنی نازناوی زلھێزترین وڵاتی جیھان؛ ئەگەرچی لەم شەڕەدا بەرەنگاری چەکی تێدا نەبوو، بەڵام ئەمریکا لەگەڵ کۆریای باکوور و چین لە ساڵی (1950) تاکوو (1953) بە شەڕھات کە بە شەڕی کۆریا دەناسرێت. لە ناوخۆشدا بەرەنگاری بزووتنەوە کۆمۆنیستییەکان دەبووەوە. لە ساڵی (1961)دا سۆڤیەت یەکەمین کەشتی ئاسمانی بە بنیادەمەوە نارد بۆ بۆشایی ئاسمان و ئەمە بە جۆرێک نیشانەیەکی پیشکەوتنی سۆڤیەت بوو و ھەروەھا جێگەی مەترسی بۆ ئەمریکا لەبەر ئەوەی تەکنەلۆجیای ئەو کەشتییە بۆ بۆردومانی ئەمریکاش دەکرا کەڵکی لێوەربگیرێت. کێبەرکێی ناوەکی دوو زلھێز لەم سەردەمەدا گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی. ئەمەریکا لە ناوخۆ بەرەنگاری بزووتنەوە نەتەوەپەرستەکان و ھەروەھا بزووتنەوەی مافخواز بە سەرکردایەتی (مارتین لوسەر کینگ) دەبووەوە.
(جۆن ئێف کێنێدی) سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ساڵی (1963)دا تیرۆرکرا، کاتێک ڕیچارد نیکسۆن بووە سەرۆک کۆمار، ئەمریکا دەستی بە شەڕێک کرد لە باشووری ئاسیادا، لە ڤێتنام بەڵام سەرکەوتوو نەبوو بەڵکوو دوای کوژرانی زیاتر لە (58) هەزار سەرباز شکستی هێنا و کشایەوە. پاش ڕیسواییەکەی واتێرگەیت، نیکسۆن یەکەمین سەرۆک کۆماری ئەمریکا بوو کە دەستی لە کار کێشاوە. ھاتنەسەرکاری جیمی کارتێر هاوکات بوو لەگەڵ بەدیلگیرانی دیپلۆماتەکانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران لەلایەن چەکدارانی سەربە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. بە لەیەکجودابوونەوەی کۆمارەکانی یەکییەتی سۆڤیەت، شەڕی سارد کۆتایی هات.
=KTML_Bold=7 -قۆناغی بوون بە زلهێزترین وڵاتی جیهان:=KTML_End=
دوای ڕووخانی دیواری بەرلین و بلۆکی سۆڤیەت، ئەمەریکا خەونی بوون بە زلهێزترین وڵات (سوپەر پاوەر)ی هاتەدی. لە کاتی دەسەڵاتداریی (جۆرج بووشی باوک) ئەمریکا لە شەڕی کەنداودا بەشداریکرد. لە ساڵی (1998) سەرۆک (بیل کلنتۆن) تووشی ڕیسواییەکی سێکسی بوو بەڵام لە دەسەڵات مایەوە. ساڵی (2000) پاش ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری، کەدادگای باڵای ئەمریکا ڕای کۆتایی سەبارەت بە ئاکامەکەی دەربڕی (جۆرج بووشی کوڕ) بووە سەرۆک کۆمار. گرووپی ئەلقاعیدە لە #11-09-2001# زنجیرەیەک پەلاماری تیرۆریستی لە شارەکانی نیویۆرک واشینگتۆن ئەنجام دا کە نزیکەی (3000) کوژراوی لێکەوتەوە. ئەمریکا بە ھاوکاری ناتۆ ھێرشی کردە سەرئەفغانستان و تاڵیبان، دەوڵەتی ئەو کاتی ئەفغانستان و پاڵپشتی فەرمیی ئەلقاعیدەی سەرەوخوارکرد. لە ساڵی (2003)دا و ھەر لە کاتی بووشی کوڕدا بە ھاوکاری زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی دونیا ھێرشی کردە سەر دەسەڵاتی #بەعس# و ڕژێمی سەدامی دیکتاتۆری ڕووخاند. ساڵی (2008) ئۆباما وەک یەکەم ڕەش پێست بووە سەرۆکی ژمارە (44)ی ئەمەریکا و لە سەردەمی ئەودا و لە کۆتایی ساڵی (2011) بەپێی ڕێکەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی ناسراو بە (سۆفا) لەگەڵ حکومەتی ئێراق ئەمەریکا هێزەکانی خۆی کشاندەوە کە بووە هۆی درووستبوونی بۆشاییەکی ئەمنی گەورە و سەرهەڵدانی #داعش# و کۆشتارێکی زۆر و وێرانبوونی ناوچە سونییەکانی ئێراقی لێکەوتەوە.
لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی (2016)ی ئەمەریکادا بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو بزنسمانی گەورە (دۆناڵد ترەمپ) توانی ببێتە سەرۆکی ژمارە (45)ی ئەمەریکا و لە سەردەمی تڕەمپدا جیهان بەگشتی و هاوپەیمانانی ئەمریکا بەتایبەتیی تووشی دڵەڕاوکی بوون و ئەم سەردەشیان ناونا سەردەمی نادڵنیایی، بەڵام لە دوای چوار ساڵ نیگەرانی (جۆ بایدن) توانی لە دواین هەڵبژاردنەکانی ساڵی (2020)دا بەسەر (ترەمپ)دا سەربکەوێت و لە کوشکی سپی دووری بخاتەوە. [1]