=KTML_Bold=پێگەی جوگرافیای ئەمەریکا و یادی ڕاپەڕینی کوردستان=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
=KTML_Bold=پێشەکی سەبارەت بە ڕاپەڕین و جوگرافیا:=KTML_End=
بەشی دووەمی زنجیرە وتاری (چۆن شارستانییەتی ئەمەریکا بناسین) تایبەتە بە جوگرافیای ئەمەریکا، بەڵام هاوکاتیشە لەگەڵ یادی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان، بۆیە بەخێرایی ئەم دوو بابەتە بە یەکەوە دەبەستینەوە، چونکە بەشێک لە هۆکارەکانی ڕاپەڕینی هەردوو گەلی ئەمەریکا و کوردستان هاوبەش بوون، بۆ نموونە ئەو ستەم و ستەمەی کە بەریتانیا لە خەڵکی ئەمەریکای دەکرد بە زیادکردنی باج لەسەر کۆمەڵێک کاڵای (وەک چا) هەروەها بردنی سەروەت و سامانی ئەمریکا، هۆکاری سەرەکی ڕاپەڕین و شۆڕشی ئەمەریکا بوون دژی بەریتانیا، لە بەرانبەردا خەڵکی کوردستان دوای نزیکەی (215) ساڵ لە ڕاپەڕینی خەڵکی ئەمەریکا، لەبەر هەمان هۆکاری ستەم و ستەم کە ڕژێمی #بەعس# لە خەڵکی کوردستانی دەکرد هەروەها سەرخان و ژێرخانی کوردستانی ئەنفال دەکرد، هاوشێوەی ئەمەریکا خەڵکی کوردستانیش ڕاپەڕینی ئەنجامدا، بەڵام جیاوازییەکی ڕیشەیی نێوان ئەم دوو ڕاپەڕینە بریتییە لە پێگەی جوگرافی ئەمەریکا و کوردستان، بەداخەوە پێگەی جوگرافیای کوردستان دەورە دراوە بە کۆمەڵێک وڵاتی دووژن و داگیرکەری وەک (ئێران و تورکیا و سووریا و ئێراق) کە چاویان بە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان هەڵنەدەهات و کۆک بوون بۆ شکست پێهێنانی ڕاپەڕین، بەڵام لەبەر ئەوەی ستەمی بەعس گەیشتبووە لوتکە و بارودۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیش لەبار بوون، خەڵکی کوردستان لە ڕۆژی (#05-03-1991#) لە شاری #ڕانییە#وە بەسەرکەوتوویی ڕاپەڕینی ئەنجامدا.
خاڵێک کە جێگای سەرنجە، لەو کاتەی کە خەڵکی ئەمریکا ڕاپەڕینیان دەستپێکرد، خەڵکێکی زۆر لەو کاتەدا بەلایانەوە ئەستەم بوو کەوا ڕاپەڕین و شۆڕشی سەربەخۆخوازانی ئەمریکا سەربکەوێت بەسەر بەریتانیای مەزن (چونکە ئەو کاتە بەریتانیا بەو ئیمپڕاتۆڕیەتە ناسراوبوو کە خۆری لێ ئاوا نەدەبوو) بەڵام بە هێزی ئیڕادە و هیممەتی سەربەخۆخوازان و شۆڕگیڕان و باوکانی دامەزرێنەی ئەمەریکا توانیان خەونی سەربەخۆیی ئەمریکا بەدەست بهێنن، لێرەدا گرنگە ئاماژە بە خاڵێکی هاوبەشی جوگرافی بکەین لەنێوان ئەمەریکا و کوردستان، ئەویش بریتییە لەوەی کەوا تەنیا چیاکان لە کوردستان هاوڕێی شۆڕشگێڕان و سەربەخۆخوازان نەبوون، بەڵکوو لە ئەمریکاش چیاکانی ئەوێ هاوڕێی سەربەخۆخوازان و باوکانی دامەزرێنەری ئەمریکا بوون، چونکە شۆڕشگێڕانی ئەمریکا زۆر جار هانایان بۆ چیاکانی ئەمەریکا دەبرد وەک پەناگە و لەوێوە پشوویان دەدا و خۆیان ڕێک دەخستەوە، بەڵام لێرەدا گرنگە هەڵوەستەیەک بکەین و کەڵک لە ئەزموونی ئەمەریکا وەربگرین، چونکە خەڵکی ئەمەریکا دوای شۆڕش و ڕاپەڕین، توانیان ئامانجەکانیان بەدەست بهێنن و شارستانییەتێکی نوێ بوونیات بنێن، بەڵام ئایا ئێمە لە کوردستان تا چەند توانیومانە ئامانجەکانی ڕاپەڕین بەدەست بهێنین و خەونەکانمان بەدی بهێنین؟
=KTML_Bold=2-جوگرافیای ئەمەریکا:=KTML_End=
هەڵکەوتەی جوگرافی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا زۆر نایاب و سەرنجڕاکێشە، یەکەمجار کە ئەمەریکام بینی پێش هەموو شتێک سرووشت و ژینگە پاکەکەی سەرنجی ڕاکێشام، ئەویش چونکە مرۆڤ درەنگ دەستی بە ئەمەریکا گەیشتووە، لەبەر ئەوە هەست دەکرێت کە زۆربەی سرووشتەکەی وەک خۆیەتی و بەدەستی مرۆڤ پیس نەبووە.
گەورەترین دارستان لە ئەمەریکا دەکەوێتە ویلایەتی پێنسلڤانیا، بەهۆی گەورەیی دارستانەکە تاکوو ئێستا هیچ مرۆڤێک نەیتوانیوە بە پیادە ئەم سەر و ئەو سەری دارستانەکە بکات، ئەمەریکا هەر چوار وەرزی ساڵی هەیە بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە بریتییە لە هەبوونی هەر چوار وەرزەکە لە یەک کاتدا، بۆ نموونە لە زستاندا کەیشی نیورک (کە دەکەوێتە سەر ئۆقیانۆسی ئەتڵەسی لە ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا) زۆر سارد و بەفراویە، بەڵام ئەگەر هەر لەو کاتەدا و لە زستاندا بچیتە ویلایەتی کالیفۆڕنیا (کە دەکەوێتە سەر ئۆقیانۆسی پاسیفیک لە ڕۆژاوای ئەمەریکا) ئەوا کەشێکی گەرم و فێنک و مامناوەندی هەیە.
پێگەی جوگرافی و خاکی ئەمەریکا گونجاو و دەوڵەمەندە بۆ هەموو جۆرە بەروبوومێک، بە جۆرێک ئەگەر ئەمەریکا هەموو پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و بازرگانی و دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ جیهانی دەرەوە بپچڕێنێت، ئەوا بەروبووم و بەرهەمە ناوخۆییەکانی ئەمریکا بەزیادەوە بەشی خەڵکەکەی دەکەن، چونکە زەویەکی پڕ بەپیت و بەرەکەتی هەیە و بۆ چاندنی هەموو جۆرە بەرهەمێک گونجاوە، بە جۆرێک (بەگوێرەی دواین داتا) لە ئێستادا ئەمەریکا زۆربەی کاڵا و بەرهەمە ناوخۆییەکانی هاوردەی دەرەوە دەکات.
ئەمەریکا بەشێوەیەک هەڵکەوتووە کە هەندێک جار ڕووبەڕووی کارەساتی سرووشتی گەورە دەبێتەوە، وەک زریان و لافاو و ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان و.....هتد، بەڵام ئەوەی ئەمەریکا جیا دەکاتەوە لە وڵاتانی تر، ئامادەباشی و بە ئاگایی دەسەڵات و خەڵکی ئەمەریکایە بۆ هەر ڕووداوێکی سرووشتی وەک زریانی تۆڕنادۆ و ساندرا و....هتد.
ڕووبەری ئەمەریکا (9,826,900) کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، لە دوای ڕووسیا و کەنەدا سێیەمین وڵاتی گەورەی جیھانە، ئەمەریکا پێکھاتووە لە (50) ویلایەت کە (48)یان پێکەوە لکاون وئالاسکا و ھاوایی لەوانی دیکە دابڕاون.
بەشێک لە زنجیرەی شاخەکانی ڕاکی لە لای ڕۆژاواوە دێتە نێو ئەم وڵاتە، هەروەها ڕوباری (میسیسیپی) درێژترین ڕووباری باکووری ئەمەریکایە.
ئەمەریکا لە باکوورەوە لکاوە بە کەنەداوە و لەسەر سنووری باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا و کەنەدا تاڤگەی (نییاگارا) ھەڵکەوتووە کە ناودارترین تاڤگەی جیھانە، هەروەها ئەمەریکا لە ڕۆژھەڵاتەوە دەکەوێتە سەر ئۆقیانۆسی ئەتڵەسی و درێژ دەبێتەوە بەرەو ڕۆژاوا تاکوو دەگاتە سەر ئۆقیانۆسی پاسیفیک، لە باشووریشەوە دەگاتە سەر کەنداوی مەکسیک. [1]