=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: دژە ئێزیدایەتی چییە؟=KTML_End=
ناوی نووسەر: #شاسوار مامە#
دژە-ئێزیدایەتی چەمکێکە بە مانای دوژمنایەتی یان ڕقی پێشوەختە لە ئێزیدییەکان دێت. واتە ڕق و دژایەتی بەرانبەر ئەو کەسانەی باوەڕیان بە ئایینی ئێزدی هەیە، بە ڕەچەڵەک ئێزیدین یان سەر بە جڤاکی ئێزدین.
دژە-ئێزیدایەتی پەیوەندی بە ڕەفتار و چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی ئێزیدییەکانەوە نییە، بەڵکوو بڕیاری پێشوەختە و پێشداوەریی ئەوانی دیکەیە. دژە-ئێزیدییەکان بە خراپ بیر لە هەموو ئێزیدییەکان دەکەنەوە. ڕق و کینەی خۆیان لە ڕێی سووکایەتی، درۆ، دوورخستنەوەیان یان تووندوتیژی پیشان دەدەن. ئەمەش لە ژیانی ڕۆژانەدا کاتێک ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، لە قانوون و سیستەمی پەروەردەیی و ئیداریدا، لە مینبەری مزگەوتەکان، لە میدیا، تۆڕە-کۆمەڵایەتییەکان و هەر شوێنێکی دیکە دەکرێت ڕەنگ بداتەوە. تەنانەت دەگاتە ڕادەی کوشتن و جینۆساید، وەک ئەوەی لە مێژوودا دەیان جار لە ئاستێکی گەورەدا بینراوە.
دژە-ئێزیدایەتی بیروڕا نییە، بەڵکوو زاراوەیەکە بۆ هەموو جۆرەکانی دژە-ئێزیدییبوون. ئەو کەسانەی ئەم دژایەتییە دەکەن، پێییان دەگوترێت “دژە-ئێزیدی”.
لە مێژوودا، ئێزیدییەکان زۆر جار لەلایەن دەسەڵاتدارێتییە ئیسلامییە کورد و ناکوردەکانەوە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی، پەراوێزخستن و چەوساندنەوە کراونەتەوە. بەردەوام بانگەشەی ئەوەیان لەسەر کراوە کە بەهۆی خراپی و “شەیتانپەرستی”یەوە لەلایەن “خوا”وە نەفرەتیان لێ کراوە. دژە-ئێزیدییەکان خوا بە پاڵپشتی ڕق و کینەی خۆیان بەرانبەر ئێزدییەکان دەزانن و پێیان وایە ئەو تراجیدیایەی بەسەریان دێت، چارەنووسێکی خواییە. هەمیشە درۆ و تۆمەتی جۆرراوجۆریان لەسەر درووست دەکرێت بۆ ئەوەی خەڵکی نائێزیدی تێکەڵیان نەبن و خۆیان لێ بەدوور بگرن. ئەگەر چی ئێزیدی وەک ئایین داخراوە بەڕووی باوەڕمەندانی دیکە و لە دەرەوەی بازنەی خۆی بانگەشە بۆ باوەڕی خۆی ناکات، بەڵام زۆر بەفراوانی کار لەسەر ترس لە ئێزیدییەکان کراوە و بە مەترسییەک لەسەر ئایینی ئیسلام ناسێندراون.
دژە-ئێزیدایەتی، پێویستە وەک تاوان بخرێتە قانوونەوە و ئەو کەس و لایەن و گرووپانەی بەو ئاڕاستەیەدا کاریگەریی لەسەر جڤاک درووست دەکەن، ڕووبەڕووی سزای دادپەروەرانە بکرێنەوە.
ئێزیدییەکان پێکهاتەیەکی گرنگی جڤاکی کوردستان-ن و هاوبەش و هاوخاوەنی ئەم نیشتمانەن. پێویستە نائارامی و ناسەقامگیریی سەر ئێزدییەکان ڕیشەکێش بکرێت و زەمینەسازی بکرێت کە بەبێ هیچ پەراوێزخستن، هەڵاواردن، سووکایەتی و پێشێلکارییەک بتوانن بەئازادی بژین و ڕۆڵی خۆیان لە دیموکراتیزەکردنی جڤاکدا بگێڕن.
=KTML_Bold=ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.=KTML_End=[1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=