کۆمەڵێک وشە و دەستەواژە لە کاتی چاوپێکەتنی مێژووی زارەکی لە دەمی کەسانی بە تەمەنەوە بیستوومە و دوای بەدواداچوون لای خۆم یاداشتم کردوون:
ئامادەکردنی: #دیلمان محەمەد سابیر#
شاقاو: هەنگاوی گەورە.
لەندەهووڕ: زەبەلاح و گەورە.
زیرگن: چڵکن.
وار: زێد، نیشتمان.
ئاشاخە: شتی کەم بایەخ و سوکەڵە، بەتایبەتیی لە کاتی گواستنەوەی بوک هەندێک کەلوپەلی هەرزان و کەم بایەخ پێی وتراوە ئاشاخە.
کرمەک: خشڵی ژنانە.
وەوی: بووک.
چاوش: گۆرانیبێژ.
خومگەر: لە ڕابردوودا بە زۆری قوماش خامبووە، دەبرا لای خومگەڕ ڕەنگ دەکرا.
هیزە: زۆر جار ئاژەڵێک کراوە بە قاورمە و هەڵکزێندراوە، لە هیزەدا هەڵگیراوە بۆ ماوەیەکی زۆر.
چێشتی مجەوەر: ئەو خواردنەی دەبرا بۆ مزگەوت بە بۆنەی جەژن و یادەکانەوە، ئەوەی دەمایەوە مجەوەر کۆی دەکردەوە.
لالە: مۆمدان، یاخود چرای شوشە.
پێخەسوو: بەربووک، ئەو ژنەی لەگەڵ بوکدا دەچی بۆ ماڵی زاوا.
ئەسکەمل: کورسی.
زاوەر: نەترسان، چاونەترس.
مەرحەمە: خاولی.
شێلک: دەستڕێژ.
نوێردوو: بابۆڵەی نان.
دوێت: ئەو قوتووەی مەرەکەفی تێدایە.
چەتفە: دەسماڵێکە پیاوان دەیپێچن بە سەریاندا.
پیران: لە هۆش خۆ چوون، بورانەوە.
کەت: قەڕەوێڵە.
نەشتەر: ئاسنێکی دەسکداری دەمپانی تیژە بۆ چەرم بڕین.
سووچ: تاوانبار، سووچبار.
بەردەماخ: ڕووبەند، ماسک.
مشتە: ئامرازێکی ئاسنینە بۆ کوتانی چەرم بەکاردێت.
سندان: دەزگایەک شتی لەسەر دەکوترێت.
دورەوشە: ئامرازی دەسکداری چەرم کونکردن.
میرزا: ئەو کەسەی کەمەکێ خوێندەواری هەیە، زۆربەی ئاغاکان میرزا یان هەبووە.
کاریتە: کۆڵەکە.
مووتاب: کەسێ کە جەواڵ و خەروار لە موو درووست ئەکات.
ئۆدە: ژوور، دیو.
بۆژە: ئەو گیایەی کە بۆنی گرتووە مەڕوماڵات نایخوات.
هۆڕ: جەواڵی زۆر گەورەی یەکتایی.
گاڕام: تێڵای ئەستوور، داری ئەستوور.
دەرگێڵ: وردەواڵە فرۆش، دەسگێڕ.
قاڵ: کەسێک لە کارێکدا لێ هاتووە.
گاوس: پێستی کەوڵکراوی مانگە.
لۆس: دارێک یان چەند دارێک بۆ هەڵگرتنی شتی قورس بەکاردێت.
چەپەر: دەرگا یان دیوارێک کە لە شووڵ و تووڵ درووستکراوە.
سوێنە: تەشت.
نوخان: هەڵگەڕانەوە.
بیراز: تیژ کردنەوە یان گرنج کردنی ئامرازێک دوای ساف بوونی.
سەپان: ڕەنجبەر.
نیرە: ئەو دارەی دەخرێتە سەر ملی گا جووت و زەوی پێ دەکێڵرێت.
کەڵەمە/چەمەڵە: بەهەمان شێوە دارێکە بۆ زەوی کێڵان بە گاجووت بەکاردەهێنرێت.
لیژنە: داری لەسەر یەک ڕیزکراو بۆ سووتاندن.
دالیە: ئەو زەوییەی ئامادەکراوە بۆ چاندن.
پێتاو: پێ پۆش پارچەیەک پەڕۆیە لە پێ دەکرێت و بەسەریدا پێڵاو لەپێ دەکرێت.
سێڵ: ساج.
تەویزم: کارێک کە پێوویستە ئەنجامبدرێت.
کەمکۆڵ: توێکڵی ناو گوێزی سەوز.
چەمووش: سڵکردنەوە.
پاڵە: کرێکار.
ئەنگاوتن: پێکان.
(Dilman Mhamad). [1]