ناونیشانی بابەت: شەقامی پەرت پەرتی کوردی
ناوی نووسەر: #دلێر محەمەد نووری#
ئەگەر شەقامی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و میللیی کوردستانی، بە شەقامێکی ئاسایی وێنا بکەین، ئەوا بێ یەک و دوو دەتوانین بڵێین، شەقامێکی پڕ تاسە و چاڵ و چۆڵی و ناڕێکی و بەرتەسک و پڕ کەم و کوڕیمان هەیە.
شەقامی کوردستانی، ڕەنگە یەکێک بێت لە هەر شەقامە ناکۆک و یەکتربڕەکان و ناقۆڵاکانی نێو گەلانی جیهان. چونکە کوردستانیان بە هۆی ناکۆکی و ململانێی سەخت دەگەڵ یەکتری، هێشتا لە خاڵی سفری تێکۆشانن، ئەگەرچی زۆرترین قوربانی و گەورەترین زیانیشی، لە ئەنجامی خەباتی ڕزگاری نشتیمانی پێ گەیشتووە.
گەلی کوردستان کە هێشتا لە چوارگۆشەی یەکەمی خەباتدا قەتیس ماوەتەوە، دەبوو خاوەن بەهای نیشتیمانیی-کوردستانیی جێگیر بووایە. دەبوو ئەم بەها و و مەسەلە دەست بۆ نەبراوانە بۆ هەموو عەشیرەت و خێڵ و حیزب و بنەماڵە و ئاراستە سیاسییەکان وەکوو قورئان و تەوراتی نیشتیمانیی وابووایە و شێواندن و دەستبردن بۆی هێڵی سوور و حەرامێکی گەورە بووایە.
دەبوو لە پێشینەی هەر کارێکمان حەرام کردنی خوێنی کوردستانیان بووایە بە دەستی کوردستانیان خۆی، کەچی دوو هێندەی شەڕی دوژمنان شەڕی براکوژی و خۆکوژیمان کردووە. دەبوو فرمێسکەکانمان بەر لە هەر ستەملێکراو و خوێن ڕژێنراوێکی بە ناهەقی دنیا، بۆ ستەملێکراو و بۆ خوێن بە ناهەق ڕژێنراوێکی کوردستان بووایە، چونکە تا ئەمڕۆشی لەگەڵ بێت هیچ گەل و نەتەوە و ئایینزا و لایەنێک فرمێسکی بۆ کوردستانییەکی قوربانی نەڕشتووە.
پێم وا نییە گەلێک هەبێت لە سەر ڕووی ئەم زەمینە، بە بەردەوامی و بێ پسانەوە، چرکەیەک لە زەمەن نەڕواتە پێشەوە، بەبێ ئەوەی کەسێکی نەکوژرێ، زیندانی نەکرێ، ئازار نەدرێ، ماڵوێران نەکرێ، تەنها لە سەر کوردستانییبوونی.
گەر بەراوردێک بکەین لە نێوان کوردستانیان و فەلەستینییەکان، ئەوا بۆمان دەردەکەوێ کە ستەملێکراوانیش بێ بەخت و بەدبەختیان هەیە.
تۆ تەماشاکە، فەلەستین یەک دوژمنی هەیە کە ئیسرائیل-ە. یەک جۆر سیاسەتی لە دژ پیادە دەکرێ. یەک جۆر سەرباز و ماشێنی سەربازی دژی دەجەنگێ. جەنگی دوژمنەکەی جەنگە لە سەر خاک، نەک شتێکی دی و سەرەتای ئەم جەنگە تەنها لە چلەکانی سەدەی ڕابردووەوە بەرپا بووە. لایەنی کەم دووجار دەرفەتی بە دەوڵەتبوون و ئەگەری چارەسەری کۆتایی بۆ پێشنیاز کراوە، بەڵام فەلەستینییەکان بە کەمتر لە خستنە ناو دەریای تەواوی جووەکان ڕازی نەدەبوون. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا تەواوی دنیا هاوسۆزی مەسەلەی فەلەستینە. ئەمە لەکاتێکدایە کە بەشێکی گەورەی فەلەستینییەکان خاوەنی بیری خۆکوژی و بە کارهێنەری مێتۆدی تیرۆرن لە خەباتیاندا لە دژی ئیسرائیل.
بەڵام دۆخەکە بۆ کوردستان زۆر جیاوازە. چونکە کوردستانیان لە بری یەک دوژمن چوار دوژمنیان هەیە. چوار سیاسەتی جیاواز لە یەک کاتدا لە دژی کار دەکات. چوار جۆر سەرباز و چوار جۆر ماشینی سەربازی لە دژی کوردستان دەجەنگێت. جەنگی دوژمنانی کوردستانیان جەنگە لە سەر خاکی کوردستان، جەنگە لە دژی زمان و کلتوور و مێژووی کوردستان. مێژووی کورد مێژووی جەنگی چوار نەتەوەیە دژ بە کوردستان و بۆ ماوەی چەندین سەدەییە درێژەی هەیە. کوردستانیان هەمیشە لایەنە ڕازییەکەی ناو هاوکێشەکە بووە بە ئاشتی و پێکەوژیان لە سەر خاکی خۆی لەگەڵ نەتەوە داگیرکەرەکەی. کوردستانیان، دەگمەن نەبێت، هەرگیز لە خەبات و تێکۆشاندا کاری تیرۆر و میتۆدی تیرۆریستیان بە کارنەهێناوە. لە چاو پرسی فەلەستینییەکان، پرسی کوردستانییەکان نیو هێندەی فەلەستینییەکان سۆز و هەستی دنیای بۆ نەجووڵاوە.
ئەوەی بۆ من مایەی هەم خەمێکی قووڵ و هەم تێڕامانێکی قووڵترە، خودی کوردستانیان خۆیانن. بە چ مانایەک کوردستانیان دەتوانن لە پای وەها مێژوویەک لە قوربانی و تێکۆشان و خەبات و ئازاردان و داگیرکاریی، خۆیان لە دوژمن پێ دوژمنتر بێت بۆ خۆیان؟
دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم لە باشوور یەکێکە لە بە تەمەنترین دەسەڵاتە خودبەڕێوەبەرەکان لە مێژووی چەند سەدەی دواییدا. ئەوەی چاوەڕوان دەکرا کە ئەم دەسەڵاتە ڕۆژ بە ڕۆژ لە خەمی خۆسەپاندن و خۆ پتەوکردندا بێت بەڵام ئەوەی مایەی بەدبەختییە کە ڕێک پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان ڕوویدا. من نامەوێ لێرەدا بە مێژووی سی ساڵەی دەسەڵاتی هەرێم لە باشووردا بچمەوە، کە دڵنیام خوێنەرانی ئەم بابەتە یان تیایدا ژیاون یان هەموویان بیستووە. بەڵام ئەوەی لە ماوەی سی ساڵی دواییدا بنەماڵە دەسەڵاتدار و دوو حیزبە کوردستانییەکە کردیان بە یەکتری و بە تەواوی قەوارەکە، لە پەتپەتی و دەردەسەری، بە هەر چوار دوژمنەکە بە ئاگر و ئاسن بۆیان نەکراوە. ئاشکراشە هەم مێژوو بەزەیی بەم بنەماڵە و حیزبانەدا نایەتەوە و هەمیش شەقامی کوردستانیی ڕۆژ بە دوای ڕۆژ خەریکە تۆڵەیان لێ دەکاتەوە.
ئەم دوو بنەماڵە دەسەڵاتدار و حیزبەکانیشیان لە گەڵ هەندێ حزبی دیکە کە دواتر پەیدا بوون یان لە پەیدا بووندان، توانیان شەقامی کوردی پەرت پەرت بکەن. باوەڕ ناکەم پێویست بە نموونە هێنانەوە بکات بۆ ڕادە و کاریگەریی ئەو پەرتبوونە تا چ ئەندازەیەکە و چۆن کاری لە هەستی نەتەوایەتی و نیشتیمانیی تاکی کوردستانی کردووە بە نەرێنی. ئەگەر لەوە بگەڕێین بە نموونە ئاسایی لە وێنەی ناکۆکی برا لەگەڵ برا یان دوو هاوسەری هەمان خێزان یاخود و هاوڕێ و دراوسێ، بگرە ئەم ناکۆکییە پەلی بۆ ناکۆکی شارەکانی باشووریش کێشا دژ بە یەکتری. جگە لەمانەش بەها جێگیرە نیشتیمانییەکانی لای تاکی کوردستانی سڕیوەتەوە. من پێم سەیرە حیزبەکەم خیانەتی ئاشکرا بکات و هەر پێم وا بێت دەبێ بەرگری لێ بکەم. من پێم سەیرە بۆ ئەوەی خیانەتی حیزبەکەم پەردەپۆش بکەم دەبێ خیانەتی حیزبەکانی دیکە باس بکەم. من پێم سەیرە خیانەتی نیشتیمان زۆر بە ئاسانی بکرێ بە کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری و بازاڕی فرۆشتنیشی گەرم بێت. ئەمانە بەشێکن لە ناکۆکی و ناتەبایی شەقامی سیاسی و میللی و گەلی کوردستان.
لە هەموو ئەمانەش مەترسیدارتر کە لەم ساڵانەی دواییدا سەری هەڵداوە دەنگ و کاریگەریی ئیسلامی سیاسییە لە سەر بیر و مەزاج و فەزای گشتیی لە باشووری کوردستان. ئیسلامییەکان دە هێندەی حیزبە کوردستانییەکان توانیویانە دەنگی شەقامی کوردی بە تەواوی پەرت بکەن و بیری نەتەوەیی و نیشتیمانیی و هەستی کوردبوون وەهای لاواز بکەن کە هەرگیز بە خەیاڵی دوژمناندا نەهاتووە. ئەوەی ئیسلامییەکان بە شەقامی کوردستانی دەکەن ڕێگای دژایەتی ئەوان بۆ زمان و کلتوور و مێژووی کوردستان ئەوەندە کورتکردۆتەوە کە ئیتر ئەوان پشتێنی لێ شل بکەنەوە و پاڵی لێ بدەنەوە و لە بری ئاکتکردن تەماشاکەر بن.
لە چەند ساڵی دواییدا ئیسلامی سیاسی و سەلەفی و وەهابی و ئیخوانی و داعشییەکانیش، هەموویان بە یەک ئاراستە خەریکی بنکۆڵکردنی هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانیی و گیانی کوردەوارین. ئەوەی ئەمڕۆ لە نەوەی نوێدا دەبینرێ کە هێندەی پەیوەستە بە برایەتی موسوڵمانەوە، هیچ بیر و هۆشێکی لای برای کورد و کوردستانیی نییە. بەهای ئایینی لەلا پیرۆزە و هیچ جۆرە تێگەیشتنێکیان بۆ بەها کۆمەڵایەتی و کلتوورییە کوردستانییەکان نەماوە. لە بری ئەوەی وەکو قوربانی دەستی ستەم و نادادپەروەی ڕووە و بەها مرۆڤایەتی و مافە تاکەکەسی و دنیای کرانەوە هەنگاو بنێن، پشتی لە ڕۆژئاوایە و ڕووی لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامییە.
ئیسلامییەکان ڕووە و سیستەمی ئایینی داخراو و بیری زەبروزەنگی داعشی و سڕینەوەی هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان هەنگاویان ناوە. گەر بەر لەم شاڵاوی بەعەرەبکردن و بە ئیسلامیکردنی کۆمەڵگا نەگیرێت، دوور نییە لە ئاییندەیەکی نزیک بەیداخە ڕەشەکە جێگە بە ئاڵای کوردستان و شمشێریش جێگە بە هەتاوەکە لێژ نەکات. ئەم نەوەیە بە جۆرێک لە کورد و کوردستان دوور کەوتۆتەوە کە ئامادەیە تف لە لاشەی ڕۆڵەی کوژراوی خۆی بکات و نوێژی غائیبیش لە سەر لاشەی دوژمنی خۆی بخوێنێت. ئامادەیە هەلهەلە بۆ سەرکەوتنی جەندرمەی ئەردۆغان بکات بە سەر لاشەی گەریلا و شەڕڤانەوە. ئەو بە وشەیەکیش هاوپشتی شۆڕشی ژینا ئەمینی نەکرد بگرە ڕێگری لەو چەند چالاکوانەی سلێمانی-ش کرد کە پاڵپشتی شۆڕشی لەچک فڕێدانیان کرد. نەوەیەک سەرڕێ کەوتووە “ئازاد”ی بووە بە “حەمزە” و “نەوزاد”ی بووە بە “ئوسامە”. نەوەیەک ڕقی لە هەموو بوونێکی کورد و کوردستان-ە و ڕاستەوخۆ بەرنامەی تەعریب و تەتریک و تەفریس پیادە دەکات و کڵاوەکەی سوڵتانی لە سەر ناوە و جبەکەی خالیدیشی داوە بە شانیا.
ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=