نمەک لە فارسیدا (خوێ)یە، ئەی لە کوردیدا؟
ناوی نووسەر: #هیوا عەساف#
وشەی (نمەک) لە زمانی فارسی و لەزمانی کوردیدا بەکاردێت. لە زمانی فارسیدا واتای (خوێ) دەدات. لە زمانی کوردیدا بە شێوەیەکی بەربڵاو بەکارنایەت. لە کۆندا لای شاعیران بە واتایەکی نزیک لە واتا فارسییەکەی بەکارهاتووە، بەڵام بەگشتی لە ناو قسەکەری ئاساییدا واتایەکی جیاوازی هەیە.
لای شاعیران بە واتای (خوێ، سوێری، تام و بۆ، وەفا) بەکارهاتووە، بۆ نموونە (سالم) دەڵێت:
دوور لە تۆ دوورم لەخۆ، نەزدیکە مەرگم شه و و ڕۆژ
میحنەتی دووری هەمیسان ڕیتیە ناو چاوم نمەک
لێرە (ڕیتیە ناو چاوم نمەک) واتە (خوێی ڕێشتە ناو چاوم)، لەمەشدا مەبەست ئەوەیە (میحنەتی دوورییەکەی کوێری کردووە). هەروەها لای شاعیرانی کلاسیک وشەکە لە شێوەی جیاوازی وەک (نمەک ڕیتنه برین، نمەک ڕێز، نمەکین..) بەکارهاتووە، کە بە واتای (خوێ لە برین کردن/ ئازاردان، خوێ ڕێژ، خوێیاوی/ سوێر) دێن.
بەم پێیە لای شاعیران واتای وشەکە لە واتای بنەڕەتیی دوورنەکەوتووەتەوە، یان دەکرێت بڵێین ئەگەر وشەکە لە زمانی فارسی وەرگیرابێت، سەرەتا هەر بە واتای خۆی بەکارهاتووە.
لە ئاخاوتنی خەڵکدا ئەوەی هەیە لە پێکهاتەی چەند ئیدیەمی وەک (نان و نمەک، نمەک بەحەرام، نمەک سوێر)، هەروەها وشەی وەک (نیوە نمەک)دا هەیە. زۆر جار لە تەمسیلی و درامای کوردیدا بۆ بەرجەستەکردنی ئه و ئیدیەمانە لە پێکهاتەی ئه و پەندانەی گەورەیی و پیرۆزیی (نمەک) دەردەخەن وا وێناکراوە، کە نمەک لە پێکهاتەی ئه و ئيدیەمانەدا بە هەمان شێوەی زمانی فارسی واتای (خوێ) دەدات و دیمەنی خوێ و خواردنی خوێ پیشاندراوە, بەڵام ئاخۆ لە زمانی کوردیدا پێکهاتە و واتا و پەیامی پەند و ئیدیەمەکان هیچ بیرۆکەیەکی وابەستە بە (خوێ) دەگەیەنن؟
لە ئاخاوتنی ڕۆژانەی خەڵک و لە سەرچاوەی تایبەت بە پەند و ئیدیەمی کوردی، بۆ نموونە فەرهەنگی (کوردواتەنی)ی (ع.ع.شەونم)دا، وشەکە لە چەند پەند و ئیدیەمێکدا هاتووە، وەک (نمەکی سوێرە، نان و نمەکی لەبەرچاوە، نمەکی لەبەرچاوە …). ئێستا ئەگەر وشەی (نمەک) له و دەربڕینانە بکەین بە (خوێ) و بڵێین (خوێی سوێرە*، نان و خوێی لەبەرچاوه*، خوێی لەبەرچاوە*) هەمان واتامان دەستناکەوێت، سەرباری ئەوە ناوێزەییش دێتەئاراوە. ئەگەر نمەک واتای خوێ بدات گوتنی (نمەکی سوێرە) دەبێتە (هەڵئاوسانی واتایی) و پێویست نییە، چونکە خوێ هەر سوێرە و پێویستی به و وەسفە نییە، وەک چۆن پێوست نییە بڵێین (بەفری سارد، ئاگری گەرم، ماستی سپی…هتد).
لە وشەی (نیوە نمەک، نیمە نمەک)دا دەردەکەوێت وشەکە لە زمانی کوردیدا واتای (نان) دەدات، چونکە نیوە نمەک هەویرێکی پانکراوەی بچووکترە لە نان و نیوەبرژ دەکرێت، بۆیە (نیوە نمەک) واتای (نیوە نان) دەدات. (نان)یش وشەیەکی فرەواتایە، واتای (خواردن) و (بژێوی)یش دەدات، وەک لە پێکهاتەی (نان پەیداکردن، نان بڕین)دا دیارە. ئێستا با بێیەنەوە سەر باسی ئیدمەکان، له و دەربڕینانەی سەرەوە ئەگەر وشەی (نان) یان (خواردن) دابنێین و بڵێین (نانی سوێرە، نان و خواردنی لەبەرچاوە، نانی لەبەرچاوە) هیچ کێشەیەکی واتایی و لادانێک نایەتەئاراوە.
لە زمانی عەرەبیدا ئیدیەمی (ملح وزاد) بەکاردێت و پیرۆزییەکی تێدایە، بەڵام وەک دەبینین لە زمانی کوردیدا خوێ هیچ پیرۆزییەکی نییە و بەکارهێنانی له و جۆرەی نییە، ئه و پەند و ئیدیامانەش، کە وشەی (نمەک)یان تێدایە، هیچ بیرۆکەیەک لەبارەی خوێوە نادەن و به کۆتی پەیوەندیی ئاسۆیی نێوان وشەکان ڕێ بە هاتنی ئه و واتایە نادرێت.
نان لە کۆمەڵگای کوردیدا لە پێویستییە هەرە سەرەکییەکانە، بۆیە واتایەکی ئەرێنیی هەیە، بەڵام خوێ نە به و ڕادەیە گرنگە و نە ئه و واتا ئەرێنییەی هەیە. لە کوردیدا دەگوترێت (نانت لە خوانە خزمت- لە دەورانە، نانت نەبێ لە تەشتێ خۆ- تەمات نەبێ بە برایێ خۆ، نانی مەرد لە سکی نامەرددا نامێنێ، نانی هەر کەست خوارد- سفرەکەی مەدڕه، نانێ بخۆ نانێ بکە خێر..)، هەروەها دەربڕین و ئیدیەمی وەک (نان و نیعمەت، نانی بە ناوچەوانەوەیە، نانی بە ناوچەوانەوە نییە …) گرنگی و پیرۆزیی نان و ناندان دەردەخەن، بۆیە لە کوردەواریدا زۆرجا سوێند بە نان دەخورێت و دەگوترێت (بەم نانە، بەم زادە…). هەر لەبەر ئەوەیە ئەوەی وەفای بەرامبەر نانی کەسێک نەبێت و حورمەتی نانخواردن لەگەڵ کەسێک و لە ماڵی کەسێک نەگرێت و ناپاکی بکات، پێی دەگوترێت (نمەک بەحەرام، نمەکی لەبەرچاونییه، نمەکی ئەتگرێ…)، بەپێچەوانەشەوە دەگوترێت (نمەکی لەبەرچاوە). ئەوەی لە دەستاو و خواردنی ماڵێکی خواردبێ پێی دەگوترێت (نمەکی کردووە، نمەکی ماڵی کردووە …). بەم پێیە لە زمانی کوردیدا، جیاواز لە زمانی فارسی، لە ئاخاوتنی خەڵکی ئاساییدا (نمەک) چەمک و واتای (نان، خواردن، دەستاو) دەدات.
ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=