ناونیشانی بابەت: مانەوەی زمان سەلمێنەری بوونی کوردە
ناوی نووسەر: #کازم عەباس زەندی#
لەڕاستیدا زمان بۆ ئێمەی کورد لە هەموو پێکهاتەکانی تری نەتەوەییمان گرنگترە، چونکە نەتەوەکەمانی دروستکردووە و بە درێژایی مێژوو هەر بەو زمانە خۆمان دەرخستووە و هەر بەو زمانەش خۆمان پاراستووە. ئەمەش بیرکردنەوەی داگیرکەرانی بە لاڕێدا بردووە، کە هەر بەداگیرکردنی خاکەکەمان دڵیان ئاو نەخواتەوە، بەڵکوو هەوڵ بدەن و بیانەوێت لەڕێی زمانەکەمانەوە بمانتوێننەوە و لە ڕێی شێوەزارەکانەوە لەیەکترمان جیابکەنەوە. بۆیە زمانی کوردییان قەدەغە کردووە یان هەوڵیانداوە لە چوارچێوەی شێوەزارەکانییەوە بچووکی بکەنەوە. بۆ ئەم مەبەستەش چەندین پلانیان داڕشتووە و چەندین پیلانیان گێڕاوە، تا زمانی کوردی بێبایەخ ببێت و گرنگی خۆی لەدەست بدات، بەڵام خۆشبەختانە لەمەدا شکستیان هێناوە، چونکە زمانی کوردی هەرگیز لە گەشە و گۆڕان و گونجانی لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەمدا نەوەستاوە ئەگەرچی لەئەنجامی ئەمەدا هەندێ ئاخێوەری ئاسایی و ئەو کەسانەی کە هەستی نەتەوەییان کز و لاوازە، خۆشەویستییان بۆ زمانەکە کەمبۆتەوە و ئەو بایەخەیان بۆ زمانە زگماکەکەی خۆیان نەماوە، کە پێویستە هەیبێت .
ئاشکرایە کە ئەو نەتەوانەی لە ئێستادا بە زیندوو هەژمار دەکرێن، بە چەند خەسڵەتەکی زاڵ دەناسرێنەوە و بەچەند سیفەتەک بوونی خۆیان دەسەلمێنن، لەمەشدا لەوانەیە هەندێ خەسڵەت بە دڵی خۆیان بێت و شانازی پێوە بکەن، بەڵام لە هەندەکی تریاندا خۆیانی لێ بەدوور بگرن و بەخەسڵەتی خۆیانی نەزانن، ئەم خەسڵەتانەش لە سروشت و هەڵسوکەوت و دابونەریتی وەک: بێبەڵێنی، دەنگهەڵبڕین، دڵڕەقی، دڕندەیی، لێبوردەیی، چاونەترسی، میواندۆستی، ساویلکەیی، دڵنەرمی، ڕەنگ دەداتەوە یان لە بچم و شێوەیاندا یان لە ڕەنگی پێست و ڕوخساریاندا دەبینرێتەوە. لەمەشدا ئێمەی کورد لەگەڵ نەتەوەکانی چواردەورماندا، هەندێ سیفەت و خەسڵەتمان بەسەردا زاڵە کە جیاوازە و لەوان ناچێت. بۆ سەلماندنی هەبوون و زیندوویەتی نەتەوەکانیش، دەبینین هەر نەتەوەیەک لە ڕێگەیەکەوە بوونی خۆی دەسەلمێنێت، بۆ نموونە فارسەکان بە مێژوو، چونکە مێژوو بە ڕەگوڕیشەی خۆیان دەزانن، ئەمەش وایکردووە خۆیان بە خاوەنی مێژووی گەلانی ناوچەکە بزانن ئەگەر هی خۆشیان نەبێت. تورکەکان لەڕێی دەسەڵاتەوە خۆیان دەسەپێنن و بوونی خۆیان دەسەلمێنن، ئەمەش وایکردووە بوونی خۆیان لە نەبوونی گەلانی ناوچەکەدا ببیننەوە بەتایبەتیش گەلی کورد، چونکە ئەگەر بەپێی مێژوو بێت، ئەوان نامۆن بە ناوچەکە و وەک میوانەکی تازە هاتوو هەژمار دەکرێن. کەچی عارەبەکان لە دوای پەرەسەندنی ئیسلام بە ئایین خۆیان دەناسێنن و بوونی خۆیان دەسەلمێنن، ئەمەش وایکردووە هەردەم ئایین بکەنە داردەست و لە هەموو بوارەکاندا خۆیانی پێ بپارێزن و لەگەڵیدا مێژووی گەلە موسڵمانەکان بە هی خۆیان بزانن و لە بەرژەوەندی خۆیاندا بەکاری بهێنن.
لەم نێوەندەدا، ئێمەی کورد لە هەموو سەردەمەکاندا بە هەبوونی زمانەکەمان بوونی خۆمان سەلماندووە، بەڵام لەبەر ئەوەی دەسەڵاتمان نەبووە، نەمانتوانیوە خاوەنداری لە خاک و لە کلتوور و لە مێژووی خۆمان بکەین. بۆیە هەرچی هەمانە و هەمانبووە، نەتەوە سەردەستەکان بە ناوی خۆیانیان کردووە، خاکەکەمان دابەشکراوە و هەر بەشەکی بەناوی داگیرکەرەکەوە ناسراوە؛ مێژوومان شێوێنراوە و تێکەڵ بە مێژووی داگیرکەران کراوە؛ کلتوورمان زەوتکراوە و کلتووری داگیرکەرانی پێ دەوڵەمەند کراوە. لە زمانەکەشماندا هەر وشەیەکیان بەکار هێنابێت بە هی خۆیان زانیوە، چونکە زمانی کوردییان بە کانییە ئاوەکی بێخاوەن هەژمارکردووە، تا هەر کەسە بۆ خۆی ئاوی لێ هەڵ بهێنجێت .
لەڕوانگەی ئەم هۆکارو خەسڵەتانەدا، پێویستە ئێمەی کورد لە هەموو بوارەکان زیاتر گرنگی بە زمان بدەین، چونکە مانەوەی زمانەکەمان بە واتای بوونمان دێت و بە نەمریمان دەهێڵێتەوە، هەر بە زمانەکەشمان دەتوانین خاوەنداری لە کلتوور و لە مێژووی خۆمان بکەین و یەکگرتنەوەی نەتەوەییمانی پێ دروست بکەین. لەم پێناوەشدا دەبێت لە هەردوو بواری خوێندن و دەرفەتی کاردا بایەخی زیاتری بۆ پەیدا بکەین، چونکە زمان لەم دوو بوارەدا سووڕ و گەشەی پێش دەکەوێت و بەو ئاراستەیەدا دەڕوات کە لە بەرژەوەندی نەتەوەییدا بێت. ئەمەش بە پاڵپشتی دەسەڵاتەکی دڵسۆز و خەمخۆر و شارەزا دەکرێت، بەکەسانی بەهرەمەند و سەلیقەداری زمانەوانی دەکرێت، کە خەمی زمان بە خەمی خۆیان بزانن و بتوانن ئەو ئەرکە هەڵبگرن، کە لەخزمەتی زماندا بێت، چونکە دەسەڵات دەتوانێت زەمینە بۆ ئەم دوو بوارە بڕەخسێنێت، کە لە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردندا خزمەتکردنی زمان و خۆشەویستکردنی بە ئامانج بگیرێت. بەهۆی بەکارهێنانی لە کارگێڕی و دروستکردنی بەرژەوەندی بۆ بژێوی ژیانی ڕۆژانە، زمانەکە لەلای ئاخێوەران شیرین و بە بەها بکرێت.
ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=