ناونیشانی بابەت: زمانگرتن
ناوی نووسەر: #ڕەشاد بەکر حامد#
زمانگرتن (stuttering)، بە یەکێک لە گرفتەکانی ئاخاوتن دادەنرێت، لەسەرتای ساڵەکانی تەمەنیدا منداڵ توشی دەبێت. ئەم گرفتە زمانییە لەکاتی گفتوگۆدا، واتە لەکاتی بەردەوامبوونی ئاخاوتن هەر لە سەرەتای قسەکردن یان لە ناوەڕاستی ئاخاوتەکەدا تاکی گرفتار پێیدا تێپەڕ دەبێت. ڕێژەی زمانگرتن لە هەردوو ڕەگەزدا یەکسان نییە، لە ڕەگەزی نێردا بەراورد بە ڕەگەزی مێ ئەم گرفتە زیاترە.
ژمارەی گرفتەکانی بەردەم کەسی زمانگر زۆرن، دەشێت تووشبوو لە ڕێگای تاکە گرفتێک یان زیاتر لە تاکە گرفتێک تووشی ئەم کێشەیەی ئاخاوتن ببێت، کە بەشێکیان بریتین لە:
1. گشتگیری ئاخاوتن: بەکارهێنانی هەمان زاراوە بۆ هەموو حاڵەتە هاوشێوەکان.
2. ئیکۆ (دووبارەکردنەوە): کاتێک دەنگێک دەبیستێت یان پرسیارێکی ئاراستە دەکرێت، هەمان دەنگ و پرسیار دووبارە دەکاتەوە، بۆ نموونە پێی بڵێی ناوت چییە، ئەویش دووبارەی دەکاتەوە و دەڵێ ناوت چییە… هتد.
3. مەزاجی و فڕێدانی زاراوە: بۆ نموونە لەناو پۆڵدا لە خۆیەوە دەڵێت بابە یان دایە، بەڵام کاتێک دایک و باوکی دەبینێت ناوی دایک و باوکی ناهێنێت، واتە لەکات و شوێنێکی جیاوازدا وشەیەک دووبارە دەکاتەوە، بەڵام لەکات و شوێنێکی تردا هەمان وشە دووبارە ناکاتەوە.
4. تێکدانی ناڕوونی: منداڵ بەجۆرێک قسە دەکات، کە دەوروبەرەکەی تێی ناگات، ئەمەش بەهۆی گۆڕانکاری و ناتەواوی لە شوێنی دەربڕینی پیتەکاندا.
5. گۆڕین: منداڵ لە بری پیتێک پیتێکی تر دەردەبڕێت.
6. سڕینەوە و شاردنەوە: هەندێک پیت دەرنابڕێت، واتە وشەکە بە نیوەیی دەردەبڕێت، زیاتریش پیتی کۆتایی دەربڕینەکان دەسڕێتەوە، بۆ نموونە لە بری ئەوەی بڵێ پرتەقاڵ دەڵێ پرتەقا.
7. زیادکردن: لەم حاڵەتەدا تووشبوو لەکۆتایی دەربڕینەکەیدا پیتێکی زیادە دەردەبڕێت، بۆ نموونە ئەگەر بیەوێ بڵێ بابە دەڵێ بابەو، واتە پیتی (و) زیاد دەکات.
8. تازەگەری: دەڕبڕینی وشەیەکی نوێ و دروستکراوە، کە جگە لەخۆی کەسی تر تێیناگات، ئەم ڕەفتارەش زیاتر لە کەسانی تووشبووی ئۆتیزم بەدیدەکرێت.
هۆیەکانی زمانگرتن
1. بۆ ماوەیی: ئەمەش لە خێزانێکەوە بۆ خێزانێکی تر جیاوازە.
2. بوونی فشاری دەروونی و ترس و دڵەڕاوکێ.
3. توندوتیژی دایک و باوکەکان بەرامبەر بە منداڵەکانیان.
4. نەمانی سۆز و لێکجیابوونەوەی خێزان و بوونی گرفتەکانی ناو خێزان… هتد.
چارەسەر
چارەسەرکردنی ئەم گرفتەی زمان، پێویستی بە ئارامگرتن و هۆشیاری دایک و باوک و ئەندامانی خێزان و مامۆستاوە هەیە، واتە ئەگەر خێزان و مامۆستا یاخود کۆمەڵگا لەسەر ئەم گرفتە زمانییه هۆشیارییان هەبوو، دەشێت ئەم هۆشیارییە ببێتە هۆکاریک بۆ ئەوەی تووشبوو بەکاتێکی کەمتر باشتر ببێت، بە پێچەوانەوە گرنگی نەدان بە بەباری دەروونی تووشبوو ئەوەندەی تر چاکبوونەوەکە دوادەخات، زۆر جاریش لە بری باشبوون و چاکبوونەوە بەره و خراپتر دەڕوات.
دایک و باوکی هۆشیار هەر زوو درک بە گرفتی منداڵەکەیان دەکەن و سەردانی پزیشکی پسپۆر دەکەن، واتە ئەگەر زوو درک پێکرا و پزیشکی تایبەت کەسی تووشبووی بینی دەشێت ئاسانتر و باشتر گرفتەکە چارەسەر بکرێت، چونکە چارەسەرکردنی ئەم گرفتە هەرچەندە لە لایەن دایک و باوکەوە دوابخرێت، جا بە هەر بیانوێک بێت، ئەوا ئەرکی پزیشک قورستر دەبێت، تەنانەت باری دەروونی تووشبووش بەره و خراپتر دەڕوات، چونکە هەوڵدەدات کەمتر تێکەڵی هاوڕێکانی ببێت لە کۆڵان یاخود لە قوتابخانە. بەمەش دەبێتە تاکێکی داخرا و هەستی متمانەی لە دەستدەدات، بۆیە پێویستە دایک و باوک هەست به و بەرپرسیارەتییە گەورە بکەن و بزانن، کە هاوکاریکردنی تووشبوو بە پلەی یەکەم ئەرکی ئەوانە نەک کۆمەڵگا و پزیشک.
زمانگرتن زۆرجار دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵێک تووشی منداڵ دەبێت، واتە سەرەتا منداڵێکی ئاسایی و بێ گرفتە لە قسەکردندا، هۆکارگەلێکی زۆر هەن، کە ڕاستەوخۆ دەبنە هۆی زیادبوونی زمانگرتن، بەشێکیان بریتین لە:
تووشبوو کاتێک هەست دەکات دەوروبەرەکەی وەکوو پێویست گوێی لێناگرن.
ئاخاوتن لە ژێر فشاری کاتدا.
بەکارهێنانی زاراوەی قورس و گران، تاکوو هاوشانی هاوڕێکانی بێت.
ناچارکردن بەوەی، کە لە یەک کاتدا وەڵامی چەند پرسیارێک بداتەوە.
شوێنگۆڕین، یاخود شوێنی تازە و نامۆ.
ماندووبوون و شەکەتی، شلەژان، ناچارکردنی بە قسەکردن.
لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک هۆکاری گرنگ هەن، دەبنە هۆی کەمکردنەوە یاخود چارەسەری گرفتی زمانگری، بۆ نموونە:
1. یاریکردن لەگەل هاوڕێکانی.
2. گۆرانی گوتن.
3. یاریکردن لەگەڵ ئاژەڵان.
4. ئاخاوتن لەگەڵ خودا.
مامۆستا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە چارەسەرکردنی گرفتی زمانگرتن، هەندێکجاریش کارەکتەری مامۆستایەکی توندوتیژ دەبێتە هۆی زیادبوونی گرفتەکە، بۆ چارەسەرکردن و هاوکاریکردنی تووشبوونی گرفتە زمانییەکان پێویستە پەیوەندییەکی تەندروست و ڕاستگۆیانە هەبێت لە نێوان مامۆستا و دایک و باوکی فێرخواز، بۆ ئەوەی هەموویان پێکەوە کاربکەن لە پێناو باشترکردنی گرفتە زمانییەکانی منداڵ و فیرخوازەکانیان.
ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=