نامەیەکی هەمزە ئاغای مەنگوڕ بۆ #شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری#
دۆزینەوە و ساغکردنەوەی: د. #سامان مستەفا ڕەشید#
نامەکە لە مانگی یەکی 1881 دا بە زمانی فارسی نووسراوە، لە سەروبەندی ڕووداوەکانی شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵا دا بووە، کاتێک شێخ عوبەیدوڵڵا گەشتۆتە دەوروبەری #ورمێ# بە مەبەستی هاندانی هەندێک سەرۆک عەشیرەت و زانایانی ناوچەکە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە شۆڕشەکەیەوە بکەن نامەی بۆ ناردوون و ئەمەش وەڵامی هەمز ئاغای سەرۆک عەشیرەتی مەنگوڕ بووە بۆ شێخ عوبەیدوڵڵا.
لە ناوەرۆکی نامەکەدا حەمزە ئاغا دڵسۆزی و لایەنگری خۆی بۆ شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری دووپاتکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە تاوەکوو گیان لە بەدەن و ڕۆح لە جەستەیدا بێت جگە لە شێخ لایەنگری کەسی دی ناکات.
ئاماژەیشی بەوەکردووە لە هەر کوردێکی هەرکام لە دەوڵەتی عوسمانی یان ئێرانی پرسیار بکرێت لەبارەی دڵسۆزیانەوە بۆ شێخ هەموو ئەوە دەزانن کە حەمزە ئاغا چەند لایەنگر و پەیڕەوکاری فەرمانەکانی شێخ عوبەیدوڵڵایە.
ڕاشی گەیاندووە، کە هەموو کەس دەزانێت کە من گیانفیدای ڕیبازەکەی تۆم.
ئاماژەیشی بەوە کردووە گەرچی ساڵی پێشوو خزمەتی زۆری شازادەی ئێرانیان کردووە، بەڵام ناوبرا لەپای خزمەتەکانیان ناڕەوا مامەڵەی لەگەڵ کردوون و لەگەڵ ئاغاکانی دیکەدا بۆمان دەرکەوتووە فەرمانبەرداری شازادە بین حاڵمان پەرێشان دەبێت، لەسەر ئەو بنەمایە ئەمەوێت ئەوەتان پێ ڕابگەیەنم کە لەگەڵ تەواوی عەشیرەتی بڵباسیش، لە کاتێکدا لەلایەن جەنابتەوە بۆ بانگەوازی کورد بانگ بکرێین گوێڕایەڵی جەنابت دەکەین. [1]
=KTML_Bold=⚠تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=