ناونیشانی بابەت: یەک ستاندارد یان دوو ستاندارد بۆ زمانی کوردی درووست بکرێت؟
ناوی نووسەر: #کازم عەباس زەندی#
لە سەرەتاوە پێویستە ئەو ڕاستییە بڵێین، کە درووستکردنی یەک ستاندارد بۆ زمانی کوردی ئاواتی هەموو کوردێکە، بۆیە دەبێت هەوڵی بۆ بدەین و بێ ئومێد نەبین لە درووستکردنی، چونکە زمانی کوردی ئەو قۆناغەی جێهێشتووە، کە داگیرکەران بتوانن بیتوێننەوە یان بیمرێنن، ئەگەر خۆمان بە دڵسۆزی خزمەتی بکەین .
ئەگەر لە ستانداردکردنی زمانە جیاوازەکان بڕوانین، دەبینین بۆ ستانداردکردنی هەر زمانەک شێوەزارەک بە بناغە وەرگیراوە ئینجا ستانداردی لەسەر درووستکراوە. ئەم شێوەزارەش لە ڕێی دەسەڵاتی سەردەمێکەوە بەکارهێنراوە یان دەقەکی ئاینیی پێنوسراوە، هەروەک دەزانین ئەمەش بۆ زمانی کوردی نەلواوە. بۆیە لەهیچ سەردەمەکدا بە تایبەتمەندی خۆی خوێندن و نووسینی پێ نەکراوە، تا لە دواتردا ئەو شێوەزارە وەک بناغە بۆ زمانەکە لێی بڕوانرێت، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی جیاواز بیر لە ستانداردکردنی بکەینەوە، کە لەگەڵ تایبەتمەندی خۆیدا دەگونجێت .
لە ڕاستیدا هەر زمانەک لە ڕێگەیەکەوە بناغەی ستانداردی بۆ داڕێژراوە ئینجا بە تایبەتمەندییەکانی خۆیەوە ستانداردی بۆ درووستکراوە، بۆیە دەبێت زمانی کوردیش بەپێی ئەو ڕێڕەوەی کە پێیدا تێپەڕیوە بناغەی ستانداردی بۆ دابڕێژرێت ئینجا لەدواتردا لەسەر ئەم بناغەیە ستانداردی بۆ درووست بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت لە هەموو حالەتەکدا ڕۆڵی دەسەڵات و بەکارهێنانی زمان لە پڕۆسەی خوێندن و فێرکردندا ڕەچاو بکرێت، چونکە ئەمانە وا دەکەن ئەو مەبەست و هەنگاوانە جێبەجێ بکرێت کە بۆ خزمەتکردنی زمان هەڵ دەهێنرێت و ئەو زەمینەیە دەسازێت کە زمانەکە بە ئاڕاستەی ستانداردبووندا بچێت، لەمەشدا گرنگی ڕۆڵی دەسەڵات دەردەکەوێت، چونکە دەسەڵات دەتوانێت ئەو زەمینەیە بۆ پڕۆسەی خوێندن و فێرکردن بڕەخسێنێت .
بۆ بەستانداردکردنی زمانی کوردی دەبێت ڕەچاوی ئەو بارودۆخ و ژینگەیە بکەین کە زمانەکە لە کۆندا پێیدا تێپەڕیوە و لە ئێستادا تێیدا دەگوزەرێت، چونکە لە کۆندا هەرگیز دەسەڵاتەکی سەرتاسەری بەناوی کورد لەسەر خاکەکەیدا نەبووە، کە شێوەزارەکی تێدا بەکارهێنرابێت، تاوەکو ئەم شێوەزارە لەدواتردا وەک بناغە سەیر بکرێت. ئەمەش وایکرد لە هەر سەردەم و لە هەر بەشێکی کوردستان دا شێوەزارەک گەشەبکات. لە ئێستاشدا بەهۆی ئەوەی خاکەکەمان بەسەر چوار پارچەدا دابەشکراوە و لەهەر بەشەکیدا زمانەکی دیکەی بەسەردا زاڵکراوە، بۆیە ئەو ژینگەیەی بۆ ناڕەخسێت تا بە ڕێڕەوەکی تەندرووستدا تێ بپەڕێت. لە ئەنجامی ئەمەشدا بەردەوام زەمینەی لێک دوورکەوتنەوەی شێوەزارەکانی ڕەخساوە و هەرگیز بەرژەوەندی لێک نزیکبوونەوەی بۆ درووست نەبووە.
گومان لەوەدا نییە کە ئەو ڕێڕەوە مێژوویییەی گەلی کوردی پێدا تێپەڕیوە، کاریگەری لەسەر زمانەکەیدا هەبووە، بۆیە وایکردووە بە چەند ئاراستەیەک گەشە بکات و گۆڕانی بەسەردابێت. لەمەشدا سێ شێوە گفتوگۆی درووستبووە:
یەکەم، کرمانجی کۆن و ڕەسەن، شێوەزارەکانی وەک: هەورامی و زازاکی و لەکی و لوڕ و کەلهوڕ.
دووەم، کرمانجی ناوەڕاست، شێوەزارەکانی وەک: بابانی و موکریانی و سۆرانی و ئەردەلانی و گەرمیانی.
سێیەم، کرمانجی سەروو، شێوەزارەکانی وەک: بۆتانی و جەزیری و بادینی و شەمزینی و بایەزیدی.
ئینجا لەهەر یەک لەم شێوەزارانە چەندین بنەزار و دەڤۆکی بچووکتری ناوچەیی و عەشایری پەیدابووە .
ئەگەر ئێمەی کوردیش لەهەر سەردەمەکدا دەسەڵاتەکی سەرتاسەریمان هەبوایە و خوێندن و نووسینمان بە شێوەزارەک بکردابوایە، بە دڵنیایی لە ئێستادا شێوەزارەک دەبووە بناغە بۆ یەک ستاندارد. بناغەی ئەم ستانداردەش لەوانەیە یەکەک لە شێوەزارە کۆنەکان بوایە یان یەکەک لە شێوەزارەکانی کرمانجی سەروو یان لە کرمانجی ناوەڕاست بوایە، چونکە ئەگەر وا بوایە دەمانتوانی شێوەزارەکی بێڕکابەر بکەینە بناغە بۆ ئەو ستانداردەی کە دەمانەوێت درووستی بکەین، بەڵام ئیدی وانەبووە. بۆیە بەپێی ئەو ڕێڕەوە مێژوویییەی کە پێیدا تێپەڕیوە و ئەو واقیعەی کە لە ئێستادا نەتەوەی کوردی تێکەوتووە، کە خاکەکەی بە سەر چوار پارچەدا دابەشکراوە و هەر چەند شێوەزارەکی کەوتۆتە ژێر کاریگەری زمانەکی بێگانەی زاڵ (تورکی، فارسی یان عەرەبی)، بۆیە ناتوانین یەک ستاندارد لەسەر شێوەزارەک درووست بکەین، چونکە هەموو شێوەزارەکان خۆیان بە شایستە دەزانن بۆ ئەوەی بە بناغە دابنرێن.
لەم حالەتەشدا باشترین چارەسەر ئەوەیە دوو ستاندارد درووست بکرێت. یەکەکیان لە کرمانجی ناوەڕاست بێت، کە شێوەزاری بابانی تێدا بە بناغە وەربگیرێت، چونکە ئەم شێوەزارە نوێترین شێوەزارە لە نێو شێوە گفتوگۆی خۆیدا، کە گەشەی کردبێت و دوا گۆڕانی بەسەرداهاتبێت. ئەوی دیکەیان بۆ کرمانجی سەروو بێت، کە شێوەزاری بۆتانی تێدا بە بناغە بزانرێت، چونکە ئەم شێوەزارەش لە نێو شێوە گفتوگۆی خۆیدا هەمان سیفەتی شێوەزاری بابانی هەیە.
لە درووستکردنی ئەم دوو ستانداردەدا دەبێت هەندێ تایبەتمەندی ناوچەیی لەم دوو شێوەزارە لاببردرێت لەهەمانکاتدا بە دەستەواژەی شێوەزارەکانی دیکە موتوربە بکرێن ئینجا بۆ یەکلاییکردنەوەی گرفتە ڕێزمانییەکان و هەڵبژاردنی دەستەواژەکان، شێوەزارەکانی شێوە گفتوگۆی کۆنی وەک (هەورامی و زازاکی و لەکی و لوڕی و کەلهوڕی بەسەرچاوەی گەڕانەوە بزانرێت، چونکە ئەم شێوەزارانە کۆنترین شێوە ئاخاوتنی کوردین و نزیکترین شێوە ئاخاوتنن لە بنچینەی زمانی کوردی کە زمانی میدی و ئاڤێستایە.
بۆ ئەم مەبەستەش ئاخێوەرانی هەموو شێوەزارەکانی دیکە لەم دوو شێوە ستانداردە نزیک بکرێنەوە، بۆ سەرخستنی ئەم بیرۆکە و بەرنامەیەش دەبێت هەردوو ستاندارد لە پڕۆسەی خوێندن و فێرکردن بەکار بهێنرێن، بەمەرجەک هاوتا و بەراوردی یەکتر بکرێن، بەواتای ئەوەی، ئەو خوێنکارەی بە ستانداردی بابانی دەخوێنێت لە بۆتانی شارەزا بکرێت، ئەوەی بە بۆتانی دەخوێنێت بە بابانی ئاشنا بکرێت، تاوەکوو لە دەرئەنجامدا نەوەیەکی خوێندەوار پەروەردە دەبێت کە ستانداردەک دەزانێت و بە شێوەزارەک دەئاخڤێت لە بەرامبەردا ستانداردەکەی دیکەش دەزانێت و لە شێوەزارەکەش دەگات. ئەمەش لە داهاتودا ڕەنگدانەوەی لەسەر ڕێڕەوی زمانەکەمان دەبێت، چونکە وادەکات زمانەکی هاوبەشی لێکتێگەیشتن لەنێو ئاخێوەرانیدا درووست ببێت کە بتوانرێت لە دواڕۆژدا ئەم زمانە وەک بناغە بۆ درووستکردنی یەک ستاندارد بەکار بهێنرێت.
ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=