ناونیشانی بابەت: دەستلەکارکێشانەوە، وەک وانە و پەند
ناوی نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
دەستلەکارکێشانەوە بەمانای دەستبەرداربوون و وازهێنان لە پۆست یان کارێک کە مرۆڤ پێگەی خۆی تێدا بینیبێتەوە و جێدەستی خۆی تێدا دەرخستبێت.
دوو هۆکاردەبنە ئەنجامدانی دەستلەکارکێشانەوە، ئەوانیش ئەمانەن:
1-کەسێک خۆی بڕیاری دەستلەکارکێشانەوە لەکارێک یان پۆستێک بدات، جا لەبەر ڕایی نەبوون و بەدەست نەگەیشتنی ئاکامێک، یان درووستکردنی بەربەست لەلایەن کەسان و لایەنیتر، ئەویش ناچار دەکرێت دەستبەرداری پۆست و شوێنەکەی ببێت.
2-وەرگرتنی هەڵوێست لەسەر ئەوەی هەست بە دەستخستنە ناوکار و ئیشەکانی و سنوور بەزاندن بە یاسا شکینی ، ئەوەش لە بەر بەرژەوەندی کەسی و گرووپێک ئەوە ڕوودەدات.
لە هەرێمی کوردستان، لە دوای ڕاپەڕینەکەوە و دامەزراندنی دەسەڵاتی خۆماڵی، کەمترین بەرپرس دەستیان لە کار و پۆستەکانیان کێشاوەتەوە و بەرداوە، ئەوەی لە کاتێکی هەستیار دەستی لە کارکێشایەوە، شاعیری مەزن (شێرکۆ بێکەس)بوو کە وازی لە پۆستی وەزیری ڕۆشنبیبی هێنا لە بەر ئەوەی دەست خرایە کارو باری وەزارەتەکەی و وەڵامی ئەو بەهەڵوێست وەرگرتن و دەستی لەپۆستی وەزیری ڕۆشنبیری هەڵگرت، لەو کاتەدا ئەو دەستلەکارکێشانەوەیە دەنگدانەوەی نەبوو، ئەویش بەهۆکاری کەمی میدیا و بەربڵاونەبوونی سۆشیالمیدیا، ئەو میدیایانەی هەبوون تەنیا میدیای حیزبی بوون، ئەوەش دەزانین کە میدیای حیزبی لە ئامانج و ستراتیژی بەرژەوەندی خۆی کاردەکات.
هەرئەوەشە ئامانجەکان نزم و کەم بایەخن لایان، چونکە لەبەرژەوەندی گشتی کار ناکات، بگرە زۆرجار بەڕەوتی پێچەوانەوە دژی ئامانجە گەورەکەیە کە خەڵکە.
لە دوای دەستلەکارکێسانەوەکەی (شێرکۆ بێکەس) چەند کەسێکی کەم دەستبەرداری پۆست بوون، کەمترین دەنگدانەوەی هەبووە، بەڵام لەم دواییانەدا بەهۆی زۆری میدیا و بەربڵاوی تۆڕەکان، ئەو دەستلەکارکێشانەوانە، دەنگدانەوەی زۆریان هەبووە، وەک دەستبەرداربوونی (زانا عەبدول ڕەحمان) لە پۆستی قایمقامی شارۆچکەی پێنجوێن و دەستلەکارکێشانەوەکەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە 20-8-2024 کە دەتوانم بڵێم کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و ئێستاش تا نووسینی ئەم وتارە بەردەوامە.
لە مێژووی جیهانیشدا زۆر کەسایەتی وازیان لە پۆستەکانیان هێناوە، تا ئێستاش باسدەکرێن و بە نموونە دەهێنرێنەوە، بە باشی دەزانم چەند نموونەیەک باس بکەم:
1-ریچارد نیکسۆن-سەرۆکی ئەمریکا کە لە ساڵی 1974 دەستی لە پۆستەکەی بەردا بەهۆی سکاندالی واتەرگەیت.
2- فیدێل کاسترۆ–سەرۆکی کوبا کە لە ساڵی 2008 دەستی لە دەسەڵات بەردا بەهۆی خراپی باری تەندرووستی.
3- بۆریس یەڵتسن-سەرۆکی ڕووسیا کە لە ساڵی 1999 دەستی لە پۆستەکەی بەردا.
4- ڕۆبێرت موگابی-سەرۆکی زیمبابوی کە لە ساڵی 2017 دەستی لە پۆستەکەی بەردا دوای کودەتایەکی سەربازی.
5- حوسنی موبارەک، سەرۆکی میسر کە لە ساڵی 2011 دەستی لە پۆستەکەی بەردا دوای خۆپیشاندانەکانی بەهاری عەرەبی.
هۆکارەکانی دەستلەکارکێشانەوە جیاوازن، وەک (گوشاری سیاسی و ناڕەزایەتی گشتی و کێشەی تەندرووستی و دەست وەردان و سنوور بەزاندن وپاوانخوازی، .....)
ئەوەی لای من گرنگ و جیی بایەخە ئەم دەست لەکارکێشانەوەیەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانییە کە لەسەر کەیسێکی گرنگ ئەو کارەی کردووە، کە کەیسی موڵکی گشتییە، بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە بزووتنەوەکەی ئەو کە بۆ دژایەتی گەندەڵی درووست بووە، دەکرێت ئەم دەرفەتە لەدەست نەدات و بازنەی دژایەتی کردنی گەندەڵی و پاوانخوازی بێنێتەوە سەر مێزی گفتوگۆی سیاسی وبیکاتە خاڵی وەرچەرخانی هەنگاونان بۆ سنووردانان بۆ پاوانخوازان، بە فشارخستنە سەر لایەن و حیزبەکانی ناو حکومەت، ئەگەر وەڵامیان نەرێنی بوو، گوێ بە وتەی هەندێک کەس نەدات گوایە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنە، هەنگاوی دەستلەکارکێشانەوەی بە کۆمەڵی وەزیر و پارێزگار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی و ڕاوێژکارەکانی ڕابگەیەنێت، ئەمکارە ئەو پەڕی هەڵوێستی ئەرێنی و گونجاوە، لەم دۆخە سەختەی چاوچنۆکان و تەماعکاران کە خەریکی لووشدان و وێرانکردنی نیشتمانن.
لەم بارەوە (مارک توین) وتوێتی ( بەجێهێشتنی دەسەڵات و پۆست کاتێک دەزانیت کاتەکەی هاتووە، ئەوە نیشانەی ژیریە).
من لە بزووتنەوەی گۆڕان دەپرسم کە بەڕێوەبەری گشتی دەست لە کارکێشاوەی پەروەردەی سلێمانی سەر بەو بزووتنەوەیەیە، ئایا ئێوە هەر سوورن لەسەر گۆڕانکاری و بەدیهێنانی دادوەری یان نا ؟ ئەگەر بەڵێیە ئەوە کرداری ئەوێ، فەرموون ئەم دەرفەتە لەدەست مەدەن، چۆن پشتیووانی بەڕێوەبەری گشتیتان کرد، ئاواش دەست بکەن بە فشارەکانتان، لە بەر بەرژەوەندی گشتی.
وتەیەکی (نێڵسۆن ماندێلا) دەکەمە کۆتایی وتارەکەم، کەوتوێتی: ( دەستبەرداربوون لە دەسەڵات گرنگترە لە دەستگرتن بەدەسەڵاتەوە).[1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بە هیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە.=KTML_End=