ناونیشانی بابەت: شوناس و خودناسی
ناوی نووسەر: #نیشتمان عەبدولقادر ئەحمەد#
تۆ، شوناسی من لەم قسانەوە کە ئێستا دەیکەم، بە زمانی کوردی لە سلێمانی-یەوە لەڕێی ئەم بابەتەوە دەناسیت و پێناس دەکەیت، چونکە لەوانەیە ھیچی تر لەبارەی منەوە نەزانیت، بەپێی پێوەری زانستی و مەعریفی و ھەستەکانت و لێکدانەوەت بۆ ئەم بابەتە شوناسێکم پێ دەبەخشیت. کەواتە دەکرێت یەکێک لە پێناسەکانی شوناس ئەوەبێت کە شوناس ئەو چەمکەیە کە لە بنەڕەتدا ئەوی دیکە کاری لەسەر دەکات سەبارەت بە تۆ نەک خۆت بەبێ ھیچ پاڵنەرێک ئەم کارە بکەیت، چونکە ئاشکرایە کە تۆ بە موسەیەری لەدایکبویت، نەژادت ، زمانت، جوگرافیات ، چینی کۆمەڵایەتیت، ئایینت، کلتوورت ھەرچییەک بێت قبوڵکراوە و شوناست پێکدێنێت. ھەرچەندە دواتر دەتوانیت ھەموو ئەوانە بە فەرمی بگۆڕیت تەنیا نەسل و نەژادت نەبێت، ئەوەش بەومانایەیە کە شوناس پرسێکە دەبێت کاری لەسەر بکرێت چونکە حەتمییەتی گۆڕانکاری لە مرۆڤدا وادەخوازێت جا بە گۆڕینی بێت یا زیاتر پتەوکردن تا ڕادەی زاڵکردنی ئەو شوناسە بە ھەموو شێوەیەک لە بارودۆخێکی دیاریکراودا.
لەو ڕوانگەیەوە کە شوناس ئەوی دیکە وەک تۆ حسابی بۆ دەکات کەواتە بۆی ھەیە بخرێتە کێشمەکێش و ململانێوە بۆ بەکارھێنانی لە ھاوکێشەیەکی وەک “مانەوە بۆ بەھێزترینە” جا لەگەڵ تاکە کەسێکی توخمی خۆت یا توخمێکی تر یان ھەر ئەوی دیکەیەکی تر بێت، لە ھەر قەبارە و ئاست و پێکھاتەیەک بێت. بۆیە مرۆڤ ناچارە کار لەسەر شوناس بکات وەک قەڵغانێک یان دیوارێکی بەربەست لەپێناو پاراستنی خۆی و بۆ مانەوە و بەردەوامبوونیشی.
خودی ئەم شوناسناسی و شوناسکارییە لە قۆناغی جیاوازدا دەبێتە فاکتەرێکی سەرەکی بۆ ناسینی خۆت و بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئایا من ھەم و من کێم؟ واتە من ھەم و من کێم بە پێوەری یەکلاکاریی لە شوناسدا دەکرێت کە ئەگەرچی لە بنەڕەتدا شوناس وەک پەرچەکردار دروستبووە و داڕشتن بۆ مانا و بەھاکەی کراوە، دەنا مرۆڤ گەر ھیچ ترسێکی لە نەمان و ململانێیەکی لەپێناو مان و بەردەوامیدا نەبێت پێویستی بە سەلماندنی ئەوەی کە من ھەم و من کێم نابێت.
گەر ئەو بەرەنجامە وەک خاڵی یەکلاکەرەوەی کێشە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بەکاربێنین، ئەوا شوناس دەبێتە فاکتەرێکی بەھێز یاخود بەھێزترین فاکتەر کە مەسەلە کێشە لەسەرەکان یەکلا دەکاتەوە یاخود یەکلاکردنەوەیان دەسەپێنێ، جا بە زەبری ھێز بێت یاخود بە یاسا،بە بابەتی زانستی و مەعریفی، لە ڕێی ئەدەب و ھونەرەوە، لە ڕێی پڕۆگرامەکانی خوێندنەوە تا دەگات بە کلتوورسازیی لە سەر ئاستی کۆمەڵگە بە گشتی بەشێوەیەک و لەسەر ئاستی چین و توێژی جیاواز بە شێوەی تایبەت
لێرەوە شوناس دەبێتە ئاڵا دەبێتە خاک دەبێتە زمان دەبێتە ھەوێنی مێژوو دروستکردن، دەبێتە توێشووی بەرگریکاری و ھێزی مانەوە، کە ئەگەرچی وەک ھەڵبژاردە لە بۆشاییەوە نەھاتووە بەڵام ھاوکات پیرۆزیش نییە، بەو مانایەی بەرگریکردن لە شوناس لەپێناو مانەوەدا ڕەوایەتی نادات بە دژایەتیکردن تاڕادەی سڕینەوە و فەوتان و کوشتنی ئەوی دیکە، جا ئەوی دیکە گەلێک بێت، دەسەڵاتێک بێت، سەرکردەیەک بێت یان گرووپێک بێت تا دەگات بەوەی کە دراوسێیەک، ھاوپۆلێک، ھاوپیشەیەک، ھاوژینێک یان ھەر ھاوێک بێت.
پاڵپشت بەو بۆچوونانە، شوناس دەبێ یەک ئاراستە بێت، یەک دیوی ھەبێت تاکئامانج بێت، کە ئەویش برەودان بێت بە ھەموو ئەوانەی کە دەبنە ھۆکار بۆ مانەوە و بەردەوامێتی لە ھێشتنەوەیدا. ھاوکات کەرەستەکانی ئەم کارە یان ئەم ڕۆڵە لە خوودی خۆتدا (وەک تاک، وەک کۆمەڵ، یان گرووپی جیاجیا) ھەبێت یان دروست بکرێت و بەردەوام بە ھۆکارە زانستی و مەعریفی و ئەدەبی و تەکنەلۆجییەکان گەشەی پێ بکرێت و بەرەوپێش ببرێت.
گەر شوناسکاریی ئەم ڕێڕەوە وەرگرێت لە زەمەنێکی بەرچاودا گۆڕانکاری لەسەر ئاستی زاڵێتی پێگەی خاوەن شوناسەکە دەسەپێ و ھێز و توانایەکی وا بەرجەستە دەکات کە خۆبەخۆ خۆی فەرز دەکات، لە بەرامبەریشدا ڕەشەبای سڕینەوە و تێکشکاندنی لەلایەن ئەوانی دیکەی دژەوە کاریگەری نابێت.
لەسەر ئاستی تاک لەگەڵ ھەموو ئەوانی دیکە لە مرۆڤەکان لە نزیکترین کەسەوە کە ئەندامانی خێزانە کە ھاونەژاد و ھاوزمان و ھاو زۆر سیفاتی ترن تا دەگات بە ئەوانی دیکە لە پەیوەندی لەگەڵ ھەموو مرۆڤێکی تر بەجیاوازی ھەموو سیفاتێکەوە لە نەتەوە و ئایین و کلتوور و سیاسەت و ئابووری، پرسی شوناس ھەمیشە ئامادەیی ھەیە جا بە ئاگا بیت لێی یان بێئاگا بیت لێی، ئەم پرسە کاری خۆی دەکات ، ھەمیشەش لای کەسی بە ئاگا و هۆشیار لە کرداردا دەردەکەوێ ، لە کەسی بێئاگا یا ناهۆشیار لە پەرچەکرداردا دەردەکەوێ. لەسەر ئەو بنەمایە دەکرێ جیاکردنەوەی کردار لە پەرچەکردار یەکێک لە پێوەرەکانی “شوناسی ڕاستەقینە” بێت. ئا لێرەدا پرسی شوناس بۆ خۆی دەبێتە پێوەر، پێوەر بەو مانایە نا کە لە خزمەت ئیگۆی کەسەکاندا بێت، چونکە شوناس وەک پێوەر لە سروشتی ئیگۆ زۆر جیاوازە، ئەگەرچی لای کەسان و گەلانی دواکەوتوو بە تەواوی تێکەڵ کراوە یان لەگەڵ تێپەڕبوونی ڕۆژگاردا تێکەڵبوون.
دەکرێت بگوترێت کە ئیگۆ (ئەمن، الانا) شوناسە درۆیینەکەیە کە بکوژی شوناسە ڕاستەقینەکەیە بە مانا واقعییە مێژووییەکەی، چونکە ئیگۆ کوێرانە کار دەکات لەپێناو خۆیدا و بەپێچەوانەی سروشتی مرۆڤە (مرۆڤ وەک ئەو وزە و ئاگاییەی کە بەشێکە لە وزە و ئاگایی گەردوونی) لە بازنە گەردوونییە گەورەکەوە بەکێشی دەکات بۆ بچوکترین بازنە کە لە سنووری غەریزەکانی خۆیدا نقوومی دەکات، لە وزە و ھێزی گشتی دایدەبڕێت و بەرەو ئاژەڵبوونی دەبات.
ئەوەی کە زۆر پێویستە کاری لەسەر بکرێت جیاکردنەوەی تێگەیشتن و کارکردنە لەسەر پرسی شوناس لە تێگەیشتن و کارکردن لەسەر ئیگۆ بۆ ئەوەی ھەموو ھەوڵێک لەپێناو پاراستنی شوناسدا لەپێناو ئەو تاکئامانجییەدا بێت، نەک ببێتە داردەستێک لەپێناو ھەموو ئامانجێکی تایبەتی ڕووپۆشکراو بە مەسەلەی شوناس و مەسەلە چارەنووسسازەکان.ئیگۆ زادەی تێنەگەیشتن یاخود ھەوڵنەدانە لە تێگەیشتن لە خودی خۆت وەک مرۆڤ بەدەر لە ھەموو پێوەرێکی سیاسی، ئابووری، نەژادی، کلتووری، کۆمەڵایەتی و ئایینی. بەپێچەوانەشەوە ھەموو ھەوڵێک بۆ ناسینی خودی ڕاستەقینە بەدەگمەن بە خۆڕسکی ڕوودەدات بەبێ بیرکردنەوە و ھەڵبژاردن و بەردەوامبوون لە خودناسیدا کە لە مرۆڤەکاندا دەردەکەوێت. بۆیە پێویستە شیکاری لەسەر ئاستی تاکئیگۆ و کۆئیگۆییش بکرێت، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەم بابەتە بەجیاواز لە توخم و چین و توێژەکانی کۆمەڵگە توێژینەوە ھەڵدەگرێت.
بەرئەنجام، ئەم پرسە لەسەر ئاستی تاک و لەسەر ئاستی کۆمەڵیش دەکرێ کاری بۆ بکرێ. ھەرچەندە لەسەر ئاستی کۆمەڵ دووبارە بەشێکی لە بەئاگاھاتنی تاکێتی ڕابەر و بڕیاربەدەست و دەسەڵاتدارانەوە سەرچاوەدەگرێت، بەوەی کە ستراتیجی بیرکردنەوەیان بەرەوپێشبردن و بەزانستیکردنی پلانەکانی بەڕێوەبردن و ئیدارەدان بێت و سەردەمیانە دوور لە کاریگەری ئیگۆی کەسییان ڕۆڵ ببینن. لەسەر ئاستی تاکیش دەکرێ لە پەنابردن بۆ خوێندن و خوێندنەوە و ھەوڵدان بۆ خۆدۆزینەوە لەو بوار و بڕیارانەی کە لەسەر بنەمای توانا سروشتی و وەدەستھێنراوەکانی خودەوە بێت نەک ئەو خواستە گشتییە چاولێکەریی و ئیگۆقەبەکاریی و ماددیانەی کە مرۆڤ لە سروشتی خۆی دادەبڕن.
گەرچی ئەو ئاراستەیە لە بچووککردنەوەی ئیگۆ و پەیوەستبوون بە شوناسی ڕاستەقینەوە بە تەواوی بە پێچەوانەی پلان و ئامانجەکانی ئەو سیستەمە سەرمایەدارییە جیھانییەوەیە کە لەم سەردەمەدا ھەموو جیھانی گرتۆتەوە، بەڵام باوەڕ بەخۆبوون و سەفەری ھەتاھەتایی خودناسی و بەسروشتیکردنەوەی ژیان وادەخوازێ ئەو ئاراستەیەی کە دیاریکردنی شوناس و بەرگریکردنە لێی لەگەڵ خودناسییدا وەک دووانەیەک باشترین بێت بۆ چێژبینین لە ژیان و لە ھەموو ئەوەی بە درێژایی تەمەن دەکرێت، ھەم شادیھێن بێت بۆ مرۆڤ ھەم مایەی باڵاکردنی مرۆڤ بێت وەک باڵاترین و پێشکەوتوترین گیانلەبەر، ھەم پارێزەری شوناس بێت و لایەنی زاڵ بێت لە ھاوکێشەیەکی وەک “مانەوە بۆ بەھێزترینە”، بە مانایەکی تر مرۆڤ لە سەفەری خودناسیدا ڕۆڵ و پێگەی خۆی وەک مرۆڤ بەدەست دەھێنێتەوە و چێژ لە سات بە ساتی ژیان وەردەگرێ گەرچی ململانێ و کێشمەکێش بەردەوامی ھەبێت لە ھەموو جۆرە واقعێکدا، بەتایبەتیش لەسەر مەسەلەی شوناس، کە زادەی دروستکردنی سنوورەکانە لەسەر جوگرافیای ناوەوەی مرۆڤ و دەرەوەی مرۆڤیش لەسەر ئەم ئەستێرەیەی کە ناوی “زەوی”یە.
پرسی شوناس و خودناسی ئەو دووانەیەن کە کەفیلن بە سەرکەوتن و وەدیھێنانی خەون و بەردەوامی و ژیان وەک خۆی لە حەقیقەتدا نەک لە وەھمدا. لەم سەردەمەدا کە ڕۆژانە دەیان پرسی دیکە ھەن ھزر و ھەستمان بەکێش دەکەن و لە وزە و تواناکانمان دەبەن.
ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=