کەنگری بەیارێ لۆ کەونە یارێ
وتراویشە: #کەنگری ناو وەردێ لۆ گەردەن زەردێ# یان #کەنگری قومەرانێ لۆ دەستگیرانێ#، ڕووەکی کەنگر لە بەیاراندا زۆر باش دەرناچێت، چونکە بەیار ئەو زەوییە کە چەند ساڵێکە گاسنی لێ نەدراوە و نەکێڵراوە، بەمەش خاکەکەی ڕەقەڵانە و کەنگر ناتوانێت بەتەواوەتی قەد و لاسکی خۆی تێدا ڕابکێشێت، بۆیە کەنگرێکی کورتیلەی خڕیلەی دڕکاوی دەبێت و لەیەک گونییەدا کیلۆیەکی لێ چاک ناکرێت، بەرهەمی ناڕێک و خاپەرۆکیش بۆ دەست و دیاری نابێت، کۆنە دۆست و یاریش دڵی گەردی گرتووە و بەئاسانی لێت خۆش نابێت و هەر دڵی بەرانبەرت ڕەق دەبێت، بۆیە دیارییەکی قرغ و پۆخڵەواتی بۆ دەنێردرێت هەر لەبەر ئەمەش لە سنووری دەشتەکییەکانی #هەولێر#ێ وتراوە: کەنگری بەیارێ لۆ کەونە یارێ. [1]