=KTML_Bold=دەستوور و سیستەمی حوکمڕانی ئەمەریکا=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
باوکانی دامەزرێنەر (Founding Fathers) بریتی بوون لە کۆمەڵێک سەرکردەی سیاسی کە ڕاگەیەنراوی سەربەخۆیی ئەمەریکایان واژۆ کرد و بەشداریان کرد لە جەنگی سەربەخۆیی ئەمەریکا و دەستووری ئەمەریکایان نووسیەوە، بە گوێرەی مێژوونووس (ڕیچارد ب. مۆریس) ئەم (7) سەرکردەیەی خوارەوە وەک باوکانی دامەزرێنەری ئەمەریکا ناسراون: (جۆرج واشنتن، جۆن ئادامز، بنیامین فڕانکلین، جۆن جەی، ئەلێکسەندەر ھامیلتۆن، تۆماس جێفرسۆن، جێمس مادیسۆن).
باوکانی دامەزرێنەر لە چواری تەممووزی ساڵی (1776) سەربەخۆیی ئەمەریکایان ڕاگەیاند و دەقی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییش لەلایەن (تۆماس جیفرسن) لە ڤێرجینا نووسرایەوە، ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بەبێ ڕەزامەندی بەریتانیا بوو، بۆیە بەریتانیا بە هێز بەرەنگاری ویستی سەربەخۆیی ئەمەریکا بووەوە، دوای شەڕێکی (8) ساڵە شانشینی بەریتانیا ناچاربوو ساڵی (1783) لە ڕێککەوتننامەی (پاریس) دان بنێت بە سەربەخۆیی ئەمەریکا، جۆرج واشنتن کە سەرۆکایەتی هێزی سەربەخۆیی ئەمەریکای دەکرد، دوای بەدەستهێنانی سەربەخۆیی گەڕایەوە ماڵی خۆی لە ویلایەتی (ڤێرجینیا) و ئەمانەتی سەرۆکایەتی ئەمەریکای سپاردە کۆمەڵێک لەهاوڕێکانی، بەڵام بەهۆی ئەو ڕێز و پێگەیەی جۆرج واشنتن هەیبوو دوای چوار ساڵ هاوڕێکانی چوونە دوای و داوایان لێکرد سەرۆکایەتی کۆنگرەی نووسینەوەی دەستوور بگرێتە ئەستۆ، ئەم کۆنگرەیە لە ساڵی (1787) لە شاری فیلادلفیای ویلایەتی پێنسلڤانیا بەسترا (ویلایەتی پێنسلڤانیا بە ویلایەتی دایک ناسراوە، چونکە شاری فیلادیلفیا یەکەم پایتەخت بوو بەر لە درووستکردنی واشنتن).
لەم کۆنگرەیەدا نوێنەرانی هەر (13) ویلایەتی ئەمەریکا ئامادەبوون (ئەو کات ئەمەریکا تەنیا 13 ویلایەت بوو) دوای ساڵێک لە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە دەستووری ئەمەریکا لە دایک بوو (کە بە کۆنترین دەستووری کارپێکراو دادەنرێت، چونکە نزیکەی 230 ساڵە بەردەوام کاری پێ دەکرێت).
لێرەدا گرنگە بەسەرهاتێکی هەست بزوێنی (بنیامین فڕانکلین) باس بکەین کە یەکێک بووە لە باوکانی دامەزرێنەر و ئەو کات تەمەنی (83) ساڵ بووە و نەیتوانیوە بە پێیەکانی بڕوات، بۆیە ڕۆژانە لەسەر کورسی هێناویانە بۆ کۆنگرەی نووسینەوەی دەستوور، ئەو لە یاداشتەکانی خۆی بەم شێوەیە باس لە کۆنگرەی نووسینەوەی دەستوور دەکات و دەڵێت:
لە ماوەی ساڵێکدا ڕۆژانە دەچوومە کۆنگرە و لە دەرگای هۆڵی کۆنگرەوە دەمڕوانییە تابلۆیەک کە لەسەرەوەی هۆڵەکە و لەسەر سەری جۆرج واشنتن هەڵواسرا بوو، لەناو تابلۆکەدا زەردەپەڕی ڕۆژهەڵاتن یاخود ڕۆژاوابوون کێشرا بوو، لە ماوەی ئەم ساڵەدا بەردەوام چاوێکم لەسەر ئەم تابلۆیە بوو، چونکە کاتێک کێشمەکێش و گفتوگۆ گەرم دەبوو لەنێوان ئەندامانی کۆنگرە، ترسم هەبوو کەنەتوانین بگەین بە ڕێککەوتن لەسەر دەستوور، بۆیە دەموت ئەمە تابلۆی ڕۆژاوا بوونە و شەوێکی ڕەش چاوەڕێی ئەمەریکا دەکات، بەڵام لە دواڕۆژەکانی کۆنگرە کاتێک گەیشتین بەرێککەوتن و هەموو ئەندامەکان واژوویان کرد لەسەر ڕەشنووسی دەستووری ئەمەریکا، ئەو کات وتم ئەم تابلۆیە ئاماژەیە بە زەردەپەڕی ڕۆژهەڵاتن و بەهۆی ئەم دەستوورەوە ڕۆژێکی ڕووناک و پڕشنگدار چاوەڕێی ئەمەریکا دەکات.
دەستووری ئەمەریکا لە (7) ماددە پێکهاتووە، کە تێیدا سنووری دەسەڵاتەکانی (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری) بەڕوونی دیاریکراون، ئەم دەستوورە لە ماوەی ساڵێکدا (1787) لە کۆنگرەی فیلادلفیا وەک ڕەشنووس نووسراوەتەوە و ماوەی ساڵێکی تریشی پێچووە (1788) تاکوو بڵاوکراوەتەوە بەسەر دانیشتووانی هەر سێزدە ویلایەتەکە دابەشکراوە، سەرەنجام لە ساڵی (1789) پەسەندکرا و چووە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەم دەستوورە بە شێوەیەک نووسراوەتەوە کە لەگەڵ هەموو سەردەمەکان خۆی بگونجێنێت و دەکرێت بە گوێرەی پێویست هەموار بکرێتەوە و گۆڕانکاری تێدا بکرێت، لە ساڵی (1789) تاکوو ئێستا (27) جار هەموار کراوەتەوە.
لە ڕێگای ئەم دەستوورەوە سیستەمی فیدڕاڵی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چەسپێنرا و بەهۆیەوە ئەمەریکا بوو بە کۆنترین وڵاتی (فیدراڵی دەستووری) کە لەسەر بنەمای دیموکراسی بنیات نرابێت و ئەرک و ماف و ئازادی تاک ئازادی ڕادەربڕین و مافی کەمینەکانیش لەناو ئەم دەستوورەدا پارێزراو بێت.
دەستووری ئەمەریکا بووە دایکی هەموو یاساکان و چەتری هەموو ڕێساکان، بە گوێرەی ئەم دەستوورە دەسەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەسەر بنەمای جودایی و هاوسەنگی (check and balances) دابەشکرا و سنوور و ھێزی هەر سێ دەستەڵاتی (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری) دیاریکرا.
لە سیستەمی فیدڕاڵی ئەمریکیدا، دەسەڵات بەسەر سێ بەشی: (فیدڕاڵی، ویلایەتەکان، ناوچەیی) دابەشکراوە:
=KTML_Bold=1-بەشی فیدڕاڵی خۆی لە سێ دەسەڵاتدا دەبینێتەوە:=KTML_End=
=KTML_Bold=یاسادانان:=KTML_End= پێکھاتووە لە ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەرەکان و ئەم ئەرکانەیان لەئەستۆدایە:
پەسەندکردنی یاسای فیدڕاڵی، ڕاگەیاندنی شەڕ، چاودێری بەشەکانی دیکەی حکوومەت و لێپرسینەوە کە لە ئاکامی ئەمەدا دەتوانن کەسانێک لە حکوومەت لابەرن.
ئەنجوومەنی نوێنەران (435) ئەندامی ھەیە کە مافی دەنگدانیان ھەیە و ھەریەک نوێنەرایەتی ویلایەتی خۆیان بۆ ماوەی (2) ساڵ دەکەن. ژمارەی نوێنەرانی ھەر ویلایەتەک بە پێی ژمارەی دانیشتووانی ئەو ویلایەتە دادەنرێت کە ھەر دە ساڵ جارێک ژمارەی دانیشتووان مەزەندە دەکرێت. بۆ نموونە هەندێک ویلایەتی کەمینە ژمارەی نوێنەرەکانیان کەمن و ویلایەتی گەورەش ژمارەی نوێنەرەکانیان زۆرن بۆ نموونە ویلایەتی کالیفۆرنیا (55) نوێنەری ھەیە.
سەنات یان ئەنجوومەنی پیران (100) ئەندامی ھەیە واتە ھەر ویلایەتەک 2 نوێنەری ھەیە. سیناتۆرەکان بۆ ماوەی (6) ساڵ ھەڵدەبژێردرێن و هەموو دوو ساڵ جارێک یەک لەسەر سێی کورسییەکان دووبارە ھەڵبژاردنی بۆ دەکرێت.
=KTML_Bold=جێبەجێکردن:=KTML_End= سەرۆک کۆمار، سکرتێری گشتیی ھەموو ھێزە نیزامییەکانە، دەتوانێت پەسەندکراوەکانی کۆنگرێس (پێش ئەوەی ببن بە یاسا) ھەڵوەشێنێتەوە. ھەروەھا دەتوانێت وەزیرەکانی کابینە ھەڵبژێرێت (پێویستی بە پەسەندکردن لەلایەن ئەنجوومەنی پیران ھەیە). وادەی خزمەتی سەرۆک کۆمار (4) ساڵە و دەتوانێت تەنیا بۆ دوو خۆل خۆی هەڵبژێرێت.
=KTML_Bold=دادوەریی:=KTML_End= دادگای باڵا و دادگاکانی فیدڕاڵی کە سەرۆکەکانی لەلایەن سەرۆک کۆمار پێشنیار دەکرێن و ئەنجوومەنی پیران (سینات) پەسەندیان دەکات، چاودێری یاسا و چۆنییەتی جێبەجێکردنی یاسا و ڕێساکان دەکەن.
سەرۆک کۆمار بە ڕای ڕاستەوخۆی خەڵک پەسند ناکرێت بەڵکوو خەڵک ئەنجوومەنێک هەڵدەبژێرن (ئیلیکتۆڕاڵ کۆلێج) کە ژمارەیان (538) ئەندامە ئەم ژمارەیە هاتووە لە کۆی ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران (435) لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران (100) لەگەڵ (3) نوێنەری واشنتنی پایتەخت، ئەم ئەنجوومەنە سەرۆک هەڵدەبژێرن، بە جۆرێک هەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی دەنگی (نیوە+1)ی ئەم ئەنجوومەنە بەدەست بهێنێت ئەوا دەبێتە سەرۆکی ئەمەریکا. ئەندامەکانی دادگای باڵای فیدراڵی ئەمریکاش پێک هاتوون لە (9) ئەندام کە تاکوو مردن وەک دادوەر لە پۆستەکانیاندا دەمێننەوە.
2-بەشی ویلایەتەکان بەهەمان شێوەی دەسەڵاتی فیدڕاڵ دەسەڵاتی تایبەت بەخۆیان هەیە لە هەرسێ جۆرەکەدا (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری)
3-بەشی ناوچەیش بۆ نموونە (شارەوانی) وەک دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە ئەرکی خزمەتگوزاری لەئەستۆدایە.
جێگای ئاماژەپێدانە کەوا مێژووی نزیکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا خاوەنی سیستەمی دوو حیزبیە، کە بریتین لە پارتی دیموکرات کە ساڵی (1828) دامەزراوە هەروەها پارتی کۆماری کە لە ساڵی (1854)دامەزراوە. لە ھەلبژاردنەکانیشدا، نوێنەرانی ئەو دوو حیزبە وەک نوێنەرانی سەرەکیی جەماور لە قەڵەم دەدرێن، بەڵام جگە لەم دوو حیزبە گەورەیە، حیزبی تریش هەن وەک پارتی سەوز و پارتی ئازادیخوازەکان، بەڵامی لاواز و بێ کاریگەرن.
لە کولتووری سیاسی ئەمریکادا، کۆماریخوازەکان زیاتر خۆپارێز و ڕاست ڕەون بەڵام دیموکراتەکان زیاتر لیبڕاڵ و چەپڕەون.
ویلایەتەکانی باکووری ڕۆژھەڵات و کەناری ڕۆژاوا بە پشتیووانی دیموکراتەکان دادەنرێن بەڵام ویلایەتەکانی باشوور و ناوەڕاست و ڕۆژاواش بە پشتیووانی کۆماریەکان دادەنرێن، بەڵام ئەم نەخشەیە جێگیر نییە بەڵکوو جارجارە گۆڕانکاری بەسەردادێت.
لە ئەمەریکادا تاکوو ئێستا (46) کەسایەتی بوونەتە سەرۆک کۆمار کە دوانیان کوڕ و باوکن ئەوانیش (جۆرج دەبلیوو بوش و جۆرج بۆشن) کە ھەردووکیان کاندیدی پارتی کۆماری بوون. لەنێوان ئەو (46) سەرۆکە تەنیا یەکێکیان ڕەش پێست بوو، ئەویش (باراک ئۆباما) بوو کە کاندیدی پارتی دیموکرات بوو لە ساڵی (2008) ھەڵبژێردرا بە (44)ەمین سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، بەڵام یەکێک لە خەوشەکانی دیموکراسییەتی ئەمەریکا بریتییە لەوەی کە تاکوو ئێستا هیچ ژنێک یاخود ئافرەتێک نەیتوانیووە بگاتە کورسی سەرۆکایەتی کۆشکی سپی، ئەمەش بە یەکێک لە کەم و کوڕیەکانی دیموکراسییەتی ئەمریکا لە قەڵەم دەدرێت بەتایبەت لە کاتێکدا کە ئەمڕۆ ژنان و ئافرەتانی ئەمەریکا و جیهان یادی (8)ی مارس دەکەنەوە و داوای ماف و یەکسانی زیاتر دەکەن لە هەموو بوارەکاندا. [1]