=KTML_Bold=بنەما سەرەکییەکانی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئەمەریکا=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
بە زمانێکی سادە و بە کورتی و پوختی دەتوانین بڵێین بنەما سەرەکییەکانی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئەمەریکا بریتین لە:
1-پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسی و سەربازییەکانی ئەمەریکا.
2-پاراستنی ئاساییشی نەتەوەیی ئەمەریکا.
3-فەراهەمکردنی خۆشترین ژیان بۆ هاووڵاتییانی ئەمەریکا.
4-گرنگیدان لە ناوخۆ و برەودان لە دەرەوە بە (بەها پیرۆزەکان) کەوا ئەمەریکای پێ جیادەکرێتەوە لە وڵاتە دیکتاتۆرەکان، بەهاکانی ئەمەریکا بریتین لە (دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی تاک و ئازادی ڕادەربڕین...هتد).
ئەم چوار بنەمایەی سەرەوە فەلسەفەی کارکردنی هەردوو پارتە سەرەکییەکەی ئەمەریکان (کۆمارییەکان و دیموکراتەکان) بەڵام هەریەکەیان میکانیزم و شێوازی تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ پاراستن و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکان و ئاساییشی نەتەوەیی ئەمەریکا و فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانی بڵاوکردنەوەی بەها بەرزەکان.
=KTML_Bold=لێرەدا دەتوانین بەکورتی سیاسەتی ئەمەریکا پۆڵین بکەین بۆ:=KTML_End=
=KTML_Bold=1 -سیاسەتی ناوخۆی ئەمەریکا:=KTML_End=
سیاسەتی ناوخۆی ئەمەریکا چڕ بووەتەوە بۆ بەدیهێنانی (خەونی ئەمەریکی American dream) لە خوارەوە بەکورتی باس لە چەمکی (خەونی ئەمەریکی) دەکەین:
کاتی خۆی بەهۆی کەشتییەوە زۆرێک لە پەنابەران کاتێک کۆچیان دەکرد بۆ ئەمەریکا یەکەم شت کە دەیانبینی (پەیکەری ئازادی) بوو، هەر بۆیە ئەم پەیکەرە بووە ڕەمزی ژیانێکی ئازاد و نوێ و شکۆمەند، ئێستاش بە نیشانەی خەونی ئەمەریکی ناسراوە.
کەواتە دەتوانین بڵێین خەونی ئەمەریکی: هەستێکی نەتەوەیی گەلی ئەمەریکایە، کە چەند بیرۆکەیەک دەگرێتەوە لەوانە ئازادی و هەلیکار و سەرکەوتنی دارایی و هەستکردن بەیەکسانی لە ئەرک و مافدا، (جەیمس تروسلۆو ئادامز) لە ساڵی (1931) پێناسەی کردووە بە توانای فەراهەمکردنی ژیانێکی باشتر و دەوڵەمەندتر و شەڕەفمەندانەتر و بەختەوەرتر، ئەم خەونە لە دێری دووەمی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمەریکا بەم شێوەیە ئاماژەپێکراوە:
هەموو پیاوان بەیەکسانی درووستکراون و درووستکاریان هەندێک مافی نەگوازراوی پێ بەخشیون لەوانە ژیان و ئازادی و هەوڵی بەدەستهێنانی بەختەوەری، بۆیە حکومەتی ئەمەریکا لەسەر بنەمای ئەم قسەیەی ئەبراهام لینکۆڵن (16)مین سەرۆکی ئەمەریکا کاردەکات کە دەڵێت:
مانا قوڵەکەی ئەم قسەیەی ئەبڕاهام لینکۆڵن (کە دوای جۆرج واشنتن بە گەورەترین سەرۆکی ئەمەریکا لە قەڵەم دەدرێت) ئەوەیە کە حکومەتێک هیی خەڵک بێت و لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرا بێت و لە پێناو خزمەتکردنی خەڵک کار بکات، لەناو ناچێت لەسەر زەوی.
“that government of the people, by the people, for the people, shall not perish from the earth” Abraham Lincoln
بۆیە حکومەت لەدیدگای کۆمەڵگەی ئەمەریکیدا بەچاوی دەزگایەک یاخود ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی گۆمەڵگا سەیر دەکرێت، حکومەتیش بە ئەرکی خۆی دەزانی کە هەموو هەوڵێک بخاتە گەڕ لە پێناو خۆشگوزەرانی هاووڵاتییانی ئەمریکا.
=KTML_Bold=2-سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا:=KTML_End=
سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی بناتنراوە بۆیە دەتوانین بڵێین کە ئەمەریکا نە دۆستی بەردەوام و نە دوژمنی بەردەوامی هەیە، بەڵکوو بەرژەوەندی بەردەوامی هەیە، ئەم ڕاستییەش لە سەردەمی سەرۆکی پێشوو (دۆناڵد ترەمپ) بە ڕوون و ڕاشکاوی دەرکەوت کاتێک وتی America is First واتا ئەمەریکا یەکەمە و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە پێش هەموو شتێکەوەیە، لەو سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین بنەما سەرەکییەکەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا بریتییە لە پاراستنی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابووری و
سەربازیەکانی خەڵکی ئەمەریکا.
ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کەوا واشنتن چەقی بڕیارە چارەنووسسازەکانی جیهانە هەروەها ئەمەریکا بەهۆی پێگەکەیەوە بە زلهێزترین وڵاتی جیهان دەناسرێت و کاریگەریی ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر دۆخی ئابووری و سیاسی و سەربازی هەموو دنیا، چونکە ئەمەریکا ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە بارەگا سەرەکییەکەی لە شاری نیویۆرکە، هەروەها ئەمەریکا ئەندامی (G8 و NATO و G20) پەیوەندییەکی تایبەتیی ھەیە لەگەڵ بەریتانیا و ئیسڕائیل و پەیوەندییەکی قایمیشی ھەیە لەگەڵ کۆمەڵێک وڵاتانی وەک (فەڕەنسا، ئەڵمانیا، کەنەدا، ئۆسترالیا، نیوزیالند، فیلیپین، ژاپۆن، کۆریای باشوور...هتد). ھەروەها ئەندامی دامەزرێنەری ڕێکخراوی ناتۆیە و ھاوکاری و هەماهەنگی تەواوی ئەندامانی ناتۆ دەکات لە ھەوڵەکانیان بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و ئاساییش بۆ وڵاتەکانیان.
لە کۆتاییدا بە کورتی و پوختی دەتوانین بڵێین کەوا ئەمەریکا لە ڕووی سیاسی و ئابووری و سەربازی و....هتد زلهێزترین وڵاتە، هەروەها ئەمەریکا بە پۆلیسی جیهان لە قەڵەم دەدرێت، چونکە لە سەرانسەری دونیادا نزیکەی (865) پێگەی سەربازی ھەیە و هەندێک جار بە (ئیمپراتۆری پێگەکان) ناوی دەبەن. [1]