=KTML_Bold=کورد لە ڕوانگەی ئەمەریکا=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
کورد لە ڕوانگەی ئەمەریکادا نەتەوەیەکن کەوتوونەتە سنووری چوار وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (تورکیا -ئێران -ئێراق -سووریا) ئەم ڕوانگەیەش پێمان دەڵێت کە دۆزی کورد لەلایەن ئەمەریکاوە وەک پرسێکی ناوخۆیی چوار وڵاتە داگیرکەرەکەی کوردستان سەیر دەکرێت، بەڵام پێگەی کوردستان لە دیدگای ئەمەریکاوە گرنگییەکی تایبەتیی هەیە، چونکە لەلایەک خاوەن پێگەیەکی جیۆپۆڵەتیکی ستراتیژیە (وەک دڵی ڕۆژهەڵاتی) ناوەڕاست وایە، لەلایەکی تریش ژێرخان و سەرخانێکی دەوڵەمەندی هەیە، بۆیە کوردستان هەمیشە بووەتە جێگای چاوتێبڕینی وڵاتانی دوور و نزیک (وڵاتانی داگیرکەری تورک و عەرەب و فارس + لەگەڵ زلهێزەکان).
=KTML_Bold=دەتوانین کورد لە ڕوانگەی ئەمەریکادا بۆ شەش قۆناغ دابەش بکەین:=KTML_End=
1-قوناغی یەکەم (1914-1918) قۆناغی دوای شەڕی جیهانی یەکەم:
لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی یەکەم سەرۆکی ئەو کاتی ئەمەریکا (ودرۆ وێڵسن Woodrow Wilson) vاگەیەنراوێکی بەناوبانگی (14) خاڵی دەرکرد کە لە خاڵی (12)دا باس لە مافی گەلانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی دەکرد و پەیمانیدا بە کارکردن بۆ سەربەخۆیی هەموو نەتەوە ژێردەستەکانی خەلافەتی عوسمانی، بەڵام دڕندەیی کەمالیستەکان هەروەها چاوچنۆکی و پیلانی (سایکس-پیکۆ)ی بەریتانیا و فەڕەنسا لەگەڵ پشتگوێخستنی مافی گەلان لەلایەن ئەمەریکاوە، خەونی سەربەخۆیی کوردیان لەو کاتەدا لەبار برد.
2-قۆناغی دووەم (1972-1975) قۆناغی سەردەمی نیکسۆن و کیسنجەر:
بەهۆی هاوپەیمانی ئەو کاتی نێوان ئێراق و سۆڤیەت، ئەمەریکا لە ڕێگای شای ئێرانەوە بەنهێنی و بۆ ماوەیەکی کورت پشتگیری شۆڕشی کوردیان کرد، بەڵام دوای گەیشتن بە ئامانجەکانیان و لە ساڵی (1975) شای ئێران ڕێککەوتنی جەزائیری لەگەڵ ڕژێمی سەدام مۆر کرد و پشتیان لە کورد کرد.
3 -قۆناغی سێیەم (1991) قۆناغی ڕاپەڕین و سەردەمی (جۆرج بوش)ی باوک:
دوای شەڕی کەنداو جۆرج بوشی (باوک) لە وتارێکدا کورد و شیعەی هاندا بۆ ئەوەی دژی ڕژێمی #بەعس# ڕاپەڕن، بەڵام لە ترسی هەژموونی ئێران بەسەر ڕاپەڕینی شیعەدا لە باشووری ئێراق، ئەمەریکا ڕێگای بە ڕژێمی سەدام دا کە ڕاپەڕینی شیعە سەرکوت بکات و دوو ملیۆن کوردیش ئاوارە بکات بۆ سەر سنوورەکانی ئێران و تورکیا، دوای ئەم کارەی ڕژێمی سەدام لە ڕێکەوتی (#05-04-1991#) ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی بڕیاری (688)ی دەرکرد، ئەم بڕیارە خاڵێکی وەرچەرخان بوو بۆ کوردی باشوور، چونکە بەهۆی ئەم بڕیارەوە خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستان پارێزران لە دەست ڕژێمی سەدام، لەم قۆناغەدا ئەمەریکا تەنیا لە ڕووی مرۆڤدۆستییەوە گرنگی بە کوردی باشوور دەدا و پێیدەوتن (کوردە باشەکان) بێ گوێدانە کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان (باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا).
4-قۆناغی چوارەم (2003) قۆناغی ڕزگارکردنی ئێراق و سەردەمی (جۆرج بوش)ی کوڕ:
دوای یازدەی سێپتەمبەری ساڵی (2001) جۆرج بوشی کوڕ بڕیاریدا ڕژێمی سەدام بڕووخێنێ، بۆ ئەم مەبەستەش کوردی ئێراقی وەک فاکتەرێکی بەهێز لە قەڵەمدا بۆ ڕووخاندن و دووبارە بنیاتنانەوەی ئێراق، لەم قۆناغەشدا کورد هەمیشە گوێڕایەڵی ئەمەریکا بووە و بەهۆیەوە هەندێک دەستکەوت و مافی لە دەستووری نوێی ئێراقدا جێگیرکران، ئەگەرچی بەشێکی زۆری ئەو بەند و بڕگانەی دەستووری ئێراق کە پەیوەندی بە مافی کوردەوە هەبوون تەنیا وەک (حبر علی الورق) مانەوە و جێبەجێ نەکران.
5-قۆناغی پێنجەم (2014) قۆناغی شەڕی #داعش#:
دوای سەرهەڵدانی داعش لە ناوچە سووننییەکانی (ئێراق و سووریا) و درووستبوونی هەڕەشەی جدی لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا، لەو کاتەدا ئەمەریکا هێزی (پێشمەرگە و #شەڕڤان#)ی وەک (پرۆکزی و ئامراز و کارەکتەرێکی بەهێز) بەکارهێنا بۆ تێکشکاندنی ئوستوڕەی داعش، بەتەنیا هێزی پێشمەرگە لەم شەڕەدا نزیکەی (2) هەزار شەهید و (10) هەزار برینداری بەخشی، لەم قۆناغەدا قارەمانییەتی پێشمەرگە و شەڕڤانان بووە جێگای سەرنجی میدیا و شەقامی هەموو وڵاتانی دنیا، چونکە کورد لە جیاتی جیهانی ئازاد شەڕی تیرۆریستانی داعشی کرد.
6-قۆناغی شەشەم (2017) قۆناغی ڕیفراندۆم:
سەرکەوتنی کورد بەرانبەر بە (داعش) لەلایەک و گەیشتن بە بنبەست لەگەڵ حکومەتی بەغدا لەلایەکی تر، کوردی هاندا کە ئەم هەلە بە دەرفەت بزانێت بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و جیابوونەوە لە ئێراق، خەڵکی کوردستانیش بە جۆش و خرۆشێکی بێ وێنە لە پڕۆسەی ڕیفراندۆمدا بە ڕێژەی (92.7%) دەنگیاندا بە جیابوونەوە لە ئێراق، بەڵام لەبەر ئەوەی ڕیفراندۆم لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا یەکانگیر نەبوو، ئەمەریکا نەک تەنیا ناڕەزایەتی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەڵکوو گڵۆپی سەوزی بۆ حەشدی (ئێراق و ئێران) هەڵکرد بۆ ئەوی لە ڕێگای گەلەکۆمەیەکی ناوخۆیی و ناوچەییدا نیوەی خاکی کوردستان داگیر بکەن.
لە کۆتاییدا ئەگەر گوزەرێکی خێرا بە مێژووی نزیکی خۆماندا بکەین، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی (ڕاشکاو و بوێر) دەست لەسەر ئەو برینانە دابنێین کە هۆکار بوون لە درووستنەبوونی دەوڵەتی کوردستان، دەبینین چەندە هۆکار و فاکتەرەکان دەرەکین، دوو ئەوەندەش ناوخۆیین!
بەشێک لە هۆکارە ناوخۆییەکان بریتین لە (پەرتەوازەیی کورد و خیانەت و نەبوونی ستراتیژ و ئەجێندایەکی نیشتمانی... هتد) لەگەڵ هۆکارە دەرەکییەکانی وەک (چاوچنۆکی دوژمنان و دڕندەیی هێزە ناوچەیی و داگیرکەرەکان و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بێهەڵوێستی زلهێزەکان بەهۆی یەکانگیرنەبوونی بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ دۆزی کورد) ئەو کۆمەڵە فاکتەرە بوون کە بە درێژایی (سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیست و یەک) ڕێگربوون لە درووستبوونی دەوڵەتی کوردستان.
بەڵام هەر کاروانێ
بۆ پرشنگی خۆر بڕوانێ
کەم بن یان زۆر
دەگەن بە خۆر! [1]