=KTML_Bold=کورد هەموو هێلکەکانی ناخاتە یەک سەبەتەوە!=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
ئەم ناونیشانەی سەرەوە مانای (دیبلۆماسییەتی هاوسەنگ) دەگەیەنێت، کە بریتییە لە ستراتیژیەتی باڵانس ڕاگرتن لەنێوان کۆمەڵێک وڵات و لایەنی یار و نەیاردا، ئەم ستراتیژیەتە لەلایەن بەشێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان لەسەر بنەمای (بەرژەوەندی هاوبەش) پیادە دەکرێت، هەرێمی کوردستانیش لە ئێستادا هەوڵدەدات هەمان ستراتیژیەت جێبەجێ بکات، بەو مانایەی کورد هەوڵدەدات هەموو هێلکەکانی نەخاتە یەک سەبەتەوە، بەڵکوو دەیەوێت دابەشیان بکات بە سەر چەند سەبەتەیەک، ئەمەش ڕێگا ڕاستەکەیە، چونکە لە ڕابردوودا کورد چەند جارێک هەموو هێلکەکانی خسووەتە یەک سەبەتەوە، بەم هۆیەوە ڕووبەڕووی شکستی گەورە بووەتەوە، بۆیە گرتنەبەری ستراتیژی (دیبلۆماسییەتی هاوسەنگ) لەسەر بنەمای (بەرژەوەندی هاوبەش) لە قۆناغەکانی ئێستا و داهاتووشدا باشترین ستراتیژیەتە بۆ پاراستن و بەرەوپێشچوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
لەم چوارچێوەیەدا خاڵێکی گرنگ لە یاسای بودجەدا، ئەوەیە نەک تەنیا کورد هەموو هێلکەکانی نەخستە سەبەتەی بەغداوە، بەڵکوو ئەم یاسایە بە شێوەیەکی فەرمی دانی نا بە دەسەڵات و سەروەری هەرێمی بەسەر سێکتەری نەوت و گازدا، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت داهاتووی هەرێمی کوردستان گەش و ڕووناک بێت، چونکە هەرێمی کوردستان لەسەر (نەخشەی وزەی جیهان) گرنگییەکی تایبەتیی هەیە، ئەویش لەبەر ئەوەی کوردستان خاوەنی نزیکەی (45) ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگ و (5.66) تریلیۆن مەتر سێجا یەدەگی گازی سرووشتییە، لەلایەکی تریشەوە، هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بوونەتە گەرەنتی بۆ پاراستنی ناوچەکە لە هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستان.
بۆ پیادەکردنی زیاتری (دیبلۆماسییەتی هاوسەنگ) دەکرێت هەرێمی کوردستان کەڵک لە ئەزموونی دوو وڵات وەربگرێت، ئەوانیش هەریەکە لە وڵاتانی (سویسرا و سەڵتەنەی عومان)ە، چونکە ئەم دوو وڵاتە توانیویانە باڵانسێکی باش لەنێوان وڵاتانی یار و نەیاردا ڕابگرن، بۆیە دەکرێت هەرێمی کوردستانیش هەوڵبدات ڕێچکەی ئەم دوو وڵاتە بگرێت، ئەگەرچی هەرێمی کوردستان ئەکتەرێکی نادەوڵەتییە و زەمینەسازییەکی هاوشێوەی ئەم دوو وڵاتەی نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین نزیکەی (41) کۆنسوڵگەری و نوێنەرایەتی وڵاتانی جۆراوجۆر لە #هەولێر#ی پایتەختدا هەن و (14) نوێنەراتی هەرێمی کوردستانیش لە کۆمەڵێک وڵاتانی جیهاندا کراونەتەوە. [1]
لە کۆتاییدا پێم وایە چەندە گرنگە هەرێمی کوردستان ستراتیژی (دیبلۆماسییەتی هاوسەنگ) پەیڕەو بکات و هێلکەکانی دابەش بکاتە سەر سەبەتەی چەند وڵاتێکی ناوچەکە و جیهان، دوو ئەوەندەش گرنگە کورد ناوماڵی خۆی ڕێکبخاتەوە و دیدگایەکی هاوبەش درووست بکات تاکوو بتوانێت لە ئاست (هەستیاری قۆناغەکە و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە)دا بێت و کەڵک لە دەرفەتەکان وەربگرێت و ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان بێتەوە. [1]