بڕیاری (688) و ڕۆژی ویژدانی جیهانی!
#کارۆخ خۆشناو#
ئەمڕۆ (30) ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر بڕیاری (688)ی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی، ئەم بڕیارە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان هات، کاتێک ڕژێمی #بەعس# هێرشی پێچەوانەی کردە سەر هەرێمی کوردستان و بەهۆیەوە کۆڕەوی ملیۆنی دەستی پێ کرد، لە ئەنجامدا کۆڕەو بووە ڕووداوێکی ڕاچڵەکێنەر بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەهۆیەوە وەرچەرخانێکی دەگمەن لە مێژووی باشووری کوردستان ڕوویدا، ئەویش دەرکردنی بڕیاری (688) بوو لە ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی، ئەویش بە هەوڵی بەرچاوی هەرسێ وڵاتی فەرەنسا و ئەمەریکا و بەریتانیا.
=KTML_Bold=ئەم بڕیارە وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگ بوو بۆ کورد لەبەر ئەم سێ خاڵە:=KTML_End=
1-بەهۆی ئەم بڕیارەوە بۆ یەکەمجار (دۆزی کورد) لە پرسێکی لۆکاڵی و ناوچەییەوە بووە پرسێکی نێودەوڵەتی و جیهانی، واتە ئەم بڕیارە هەنگاوێکی گەورە و گرنگ بوو بۆ بەرەوپێشبردن و ناساندنی دۆزی کورد لەسەر ئاستی جیهان.
2-بەهۆی ئەم بڕیارەوە بۆ یەکەمجار (چەتری پارێزبەندی) بۆ باشووری کوردستان هەڵکرا، کە بە هێڵی (36)، یان دژە فڕین (No-fly zone) ناسراوە، لەم ڕێگەیەوە توانرا خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ستەم و زۆرداری ڕژێمی بەعس پارێزراو بێت.
3-بەهۆی ئەم بڕیارەوە زەمینەیەکی لەبار درووست بوو بۆ هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان لە ڕێکەوتی (#19-05-1992#) و دواتریش پێکهێنانی کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لێرەدا گرنگە ئاماژە بە چەند کەسایەتییەکی نێودەوڵەتی بکەین، کە لەو قۆناغەدا ڕۆڵێکی گەورە و گرنگیان هەبوو لە پڕۆسەی لۆبیکردن و کۆکردنەوەی پشتگیری بۆ دۆزی کورد و دەرکردنی بڕیاری (688) لێرەدا تەنیا سێ کارەکتەر وەک نموونە باس دەکەین، ئەوانیش:
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End= (دانیاڵ میتران) وەک دایکی کوردان هەڵویستێکی بێ وێنەی نواند بۆ پشتگیری کردنی کورد و هاندانی (فرانسوا میتران)ی هاوسەری کە سەرۆکی فەرەنسا بوو بۆ پشتگیریکردنی دۆزی کورد.
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End= (جۆن مێجەر) سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی بەریتانیا، ڕۆڵێکی گرنگی لە دەرکردنی بڕیاری (688) و درووستکردنی ناوچەی ئارام هەبوو لە باشووری کوردستان.
=KTML_Bold=سێیەم:=KTML_End= (جیمس بیکر) وەک یاساناس و پارێزەر و (61)مین وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە ئیدارەی (جۆرج بۆشی باوک) بۆ دەرکردنی بڕیاری (688) و هەروەها پێشتریش بۆ دەرکردنی هەردوو بڕیاری (660 و 661) کە تایبەت بوون بە ئیدانەکردن و سزادان و ئابلۆقەدانی (ڕژێمی بەعس) دوای داگیرکردنی وڵاتی کوێت و پێکهێنانی هاوپەیمانییەتێکی گەورە کە لە (34) وڵات پێکهاتبوون بۆ ڕزگارکردنی کوێت، کە لە ئەنجامدا شەڕی دووەمی کەنداوی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە (ڕژێمی بەعس) گورزێکی کەمەرشکێنی پێکەوت، ئەم گورزەش زەمینەیەکی لەباری سازکرد بۆ ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە (#05-03-1991#) و دواتر کۆڕەوی ملیۆنی بەدواداهات و پاشان لە ڕێگای ڕاگەیاندنەکانەوە توانرا وێنە و دیمەنەکانی (کۆڕەو) بە وڵاتانی جیهاندا پەخش بکرێت، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبوو لە ورووژاندن و هەژاندنی ویژدانی شەقام و ڕای گشتی وڵاتانی جیهان.
لە کۆتاییدا شایانی تێڕامان و ئاماژەپێدانە کەوا نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی (2019)ەوە بڕیاریداوە کەوا (5)ی نیسانی هەموو ساڵێک بکرێتە (ڕۆژی ویژدانی جیهانی -International Day of Conscience) ئەم ڕۆژەش هەمان ڕۆژی دەرکردنی بڕیاری (688)ی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتییە! [1]