=KTML_Bold=ئەمڕۆ گەڕی سێیەمی دیالۆگی ستراتیژی بەغدا -واشنتن بەڕێوەدەچێت!=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
بڕیارە ئەمڕۆ (#07-04-2021# قۆناغی سێیەمی (دیالۆگی ستراتیژی) بەشێوازی ئۆن لاین (ڤیدیۆ کۆنفرانس) لەنێوان (بەغدا و واشنتن) بەڕێوە بچێت، بەشداربووانی ئەم گەڕەی دانووستان لەلایەنی ئەمەریکاوە بریتی دەبن لە وەزیری دەرەوە (ئەنتۆنی بلینکن) و کۆمەڵێک ڕاوێژکار لە سێکتەرەکانی (سیاسی و ئابووری و سەربازی و ئەمنی و کولتووری و تەندرووستی و خوێندنی باڵا)، لە بەرانبەردا بەشداربووانی دانووستان لەلایەن ئێراقەوە بریتی دەبن لە وەزیری دەرەوە (فوئاد حسێن) و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم (فەوزی هەریری) و کۆمەڵێک ڕاوێژکاری تایبەت بە سێکتەر و بوارە پەیوەندیدارەکانی دانووستان.
ئەم گەڕەی دانووستان لە کاتێکدایە، بڕیارە دوای شەش مانگی تر هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی ئێراق بەڕێوەبچێت، لەم چوارچێوەیەدا ئەمەریکا بڕیاری داوە بڕی (10) ملیۆن دۆلار هاوکاری پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی ئێراق بکات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت.
لەم گەڕەی دانووستاندا (حکومەتی کازمی) لە بەردەم دوو داواکاری سەخت و دژوواری هەر یەک لە (ئەمەریکا و ئێران) دایە، بە جۆرێک ئەمەریکا داوای چارەسەرکردنی کێشەی میلیشیاکانی سەربە ئێران لە ئێراق دەکات، بە تایبەت ئەو ملیشیایانەی کە بە وەلائی ناسراون، چونکە بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانیانەوە بە بەردەوامی هەڕەشەی جددی دەکەنە لەسەر بەرژەوەندییە دیپلۆماتی و سەربازییەکانی ئەمەریکا، لە بەرانبەردا میلیشیاکانی سەربە ئێران داوا لە کازمی دەکەن بڕیاری ڕۆژی (#05-01-2020#)ی پەڕڵەمانی ئێراق جێبەجێ بکات کە تایبەتە بە وەدەرنانی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان، مەبەستیان ئەو بڕیارەی پەڕڵەمانی ئێراقە کە شیعەکان دوای دوو ڕۆژ لە کوژرانی (قاسم و #سلێمانی# و ئەبوو مەهدی موهەندس) لەژێر فشاری شەقامی شیعەی وەلائی ئێراق و ئێران، (بێ بەشداریکردنی کورد و سووننە) دەریانکرد.
بە واتایەکی تر حکومەتی کازمی کەوتووەتە نێوان بەرداشی ئەمەریکا و ئێران، چونکە لەلایەک ئەمەریکا داوای لێ دەکات چارەسەری کێشەی میلیشیا چەکدارەکان بکات و بیانخاتە ژێر چەتری سوپای ئێراق، لەلایەکی تر میلیشیاکان داوا لە کازمی دەکەن بڕیاری پەڕڵەمان جێەجێ بکات و هێزەکانی ئەمەریکا لە ئێراق دەربکات، حکومەتی کازمیش ناتوانێت هیچ یەکێک لەم دوو داواکارییە جێبەجێ بکات، چونکە نە دەتوانێت ڕووبەڕووی میلیشا چەکدارەکان بێتەوە کە ڕۆژانە هەڕەشەی گوێ بڕینی لێدەکەن نە دەشتوانێت دەستبەرداری ئەمەریکا بێت، چونکە ئێراق خاوەنی ژێرخانێکی تۆکمە نییە لە بوارەکانی (سیاسی و ئابووری و سەربازی و ئەمنی) تاکوو بتوانێت دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا خۆی لە بەردەم هەڕەشەکانی #داعش# و گرووپەکانی #حەشدی شەعبی# ڕابگرێت، بەڵام ئاماژەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کەوا ئیدارەی (بایدن) زیاتر لە حکومەتی ئێران موڕاعاتی حکومەتی کازمی دەکات، بەڵگەش بۆ ئەمە دوای هێرشە مووشەکییەکەی سەر فڕۆکەخانەی #هەولێر#، ئەمەریکا وەڵامی میلیشاکانی سەربە ئێرانی دایەوە لەناو خاکی سووریا نەک لەناو خاکی ئێراق، بە مەبەستی دوورخستنەوەی گۆڕەپانی ئێراق لە ململانێی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئێران، ئەمەش وەک ڕەچاوکردن و ڕێزگرتن لەسەروەری ئێراق و دوورخستنەوەی کێشە و ئاڵۆزی لە گۆڕەپانی ئێراق لە قەڵەم درا.
لە بەرانبەردا لەوە ناچێت ئێران وەک پێویست موڕاعاتی حکومەتی کازمی بکات، چونکە هیچ جۆرە بەرەوپێشچوونێک لەگەڵ ئیدارەی (نوێی بایدن) ڕووینەداوە لە بارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و سووکردنی سزاکانی سەر ئیران، ئەمەش وا لە ئێران دەکات کە لە ڕێگای میلشیاکانەوە فشار بکاتە سەر ئەمەریکا بۆ هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان و گەڕانەوەی بۆ ڕێککەوتنی (5+1)، بەم جۆرە پرسی ئەتۆمی ئێران کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر سەقامگیری ئێراق، لەم چوارچێوەیەدا (ئیسماعیل قائانی) فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی بەغدای کردووە و چاوی بە فەرماندەی گرووپە چەکدارەکانی حەشد کەوتووە و باسیان لە قۆناغی سێیەمی دیالۆگی ستراتیژی نێوان ئێراق و ئەمەریکا کردووە.
لە کۆتاییدا پێم وایە لە دانووستانەکانی ئەمڕۆدا واژووی کۆتایی لەسەر نوێکردنەوەی (ڕێککەوتنامەی چوارچێوەی ستراتیژی) ناکرێت، بەڵکوو دەخرێتە گەڕی داهاتووی دانووستانەکان، ئەویش دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی ئێراق کە بڕیارە لە ڕێکەوتی (#10-10-2021#) بەڕێوەبچێت. [1]