=KTML_Bold=کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چیتر بێدەنگ نابێت!=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
دوێنێ (#16-04-2021#) پێنج وڵاتی زلهێزی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی (ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا) لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستێکی پڕبایەخ و ڕوون و ئاشکرایان نواند بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان، ئەم جۆرە هەڵوێستە ئەگەر کرداری بەدوادا بێت گرنگییەکی تایبەتیی هەیە و دەکرێت هاوشان و هاوشێوەی (لۆبیکردن) وەبەرهێنانی دیپلۆماسی تێدا بکرێت، چونکە ئەم بەیاننامانە زەمینەسازی دەکەن بۆ ئەوەی بەرپرسانی هەرێم داوای نێوەندگیری نێودەوڵەتی بکەن بۆ جێبەجێکردنی ماددەی (140) و ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ناوچە جێناکۆکەکان (ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم) و دانانی سنوورێک بۆ هێرشی میلیشیاکان و دوورخستنەوەیان لە سنوورەکانی هەرێم، لەبەر ئەوەی ئەم میلیشیایانە بوونەتە هەڕەشەی جدی لەسەر ئاساییشی هەرێمی کوردستان.
ئەگەرچی لە دوایین گەڕی دانووستانەکانی نێوان (ئەمەریکا و ئێراق) ئەمەریکا بڕیاریدا هەموو هێزە شەڕکەرەکانیان لە ئێراق بکشێنێتەوە و تەنیا ڕاهێنەر و ڕاوێژکاری سەربازی (لەسەر داوای حکومەتی ئێراق) بهێڵێتەوە، ئەم بڕیارەش بە مەبەستی بڕینی بەهانەی گرووپ و میلیشاکان بوو، بۆ ئەوەی هێرش و فشارەکانیان کەمبکەنەوە و کەشێکی ئارام ساز بێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئێراق کە بڕیارە لە مانگی (10)ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام لەوە ناچێت ئەم هەوڵەی ئەمەریکا سوودی هەبێت، چونکە هێرشی میلیشیاکان لە دوای ئەم بڕیارەی ئەمەریکا نەک تەنیا نەوەستاون، بەڵکوو زیادیشیان کردووە.
ڕەفتارەکانی ئەم میلیشیا و گرووپانە لە شەش ساڵی ڕابردوودا سەلماندوویانە کەوا جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە لەگەڵ #داعش#، چونکە هەمان ڕەفتار و میکانیزم و ئامانج و ستراتیژیان هەیە، کە بریتییە لە هێرشکردنە سەر سەرباز و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی هاوپەیمان و تێکدان و شێواندنی ئاساییشی هەرێم، بۆیە دەکرێت بڵێین داعش و ئەم گرووپ و میلیشیانە دووڕووی یەک دراون!
لە چوارچێوەی ئەم بەیاننامە و هەڵوێستەی ئەم پێنج وڵاتەدا دەکرێت بەرپرسانی هەرێم داوای نێوەندگیری نێودەوڵەتی بکەن، تاکوو فشار لە حکومەتی بەغدا بکەن و چاودێر بن لە جێبەجێکردنی ماددەی (140)ی دەستووری ئێراق، بە مەبەستی دوورخستنەوەی هەڕەشە و مەترسی ئەو گرووپ و میلیشیانە لەسەر هەرێمی کوردستان و لە جێگایاندا هێزی پێشمەرگە و سوپای ئێراق بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی ناتۆ جێگیر بکرێن. [1]