=KTML_Bold=ستراتیژی ئەمەریکا لەگەڵ بژاردەی هەرێمێکی بەهێزە!=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
هەرێمی کوردستان وەک (ئەکتەرێکی نادەوڵەتی) ئەو بژاردە بەهێزەیە، کەوا ئەمەریکا گرەوی لەسەر کردووە، بۆ ئەوەی ببێتە هەرێمێکی گەشەسەندوو لە چوارچێوەی ئێراقدا، ئەم دیدگایە لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا هەمیشە جەختی لەسەر کراوەتەوە، بۆیە ستراتیژی نوێی (ئیدارەی بایدن) بەرانبەر بە هەرێم بریتییە لە بوونیاتنانی هەرێمێکی بەهێز لە چوارچێوەی ئێراقێکی فیدراڵدا، ئەویش لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End= ئەمەریکا لەسەر ئاستی پاراستنی (باڵانسی سیاسی) ناوخۆی ئێراق پشت بە هەرێم دەبەستێت بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی هێز لەنێوان هەردوو پێکهاتەی شیعە و سونە، تاکوو شیعە نەتوانێت هەموو جومگەکانی دەسەڵات قۆرخ بکات، هاشێوەی قۆرخکاری سونەی پێش ڕووخانی ڕژێم.
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End= لەسەر ئاستی برەودان بە پرسەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، هەرێمی کوردستان ئەو دیفاکتۆ هەمەڕەنگەیە کەوا ئەمەریکا ئومێدی لەسەر هەڵچنیووە بۆ ئەوەی ببێتە نموونەیەکی جوانی دیموکراسی و پێکەوە ژیان و فرەیی و مافی مرۆڤ بۆ هەموو ناوچەکە.
=KTML_Bold=سێیەم:=KTML_End= لەسەر ئاستی سەقامگیری ئەمنی و دژایەتیکردنی تیرۆر، هەرێمی کوردستان ئەو ناوچە ئارامەیە، کەوا ئەمەریکا متمانەی پێیەتی و بەتەواوی پشتی پێ دەبەستێت، ئەم متمانەیەش بەهۆی قارەمانییەتی هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی #داعش#دا درووست بووە.
=KTML_Bold=چوارەم:=KTML_End= لەسەر ئاستی ئابووری و بازرگانی، هەرێمی کوردستان ئەو ناوچە دەوڵەمەندەیە لە ڕووی سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی، کەوا دەتوانێت ببێتە زەمینەیەکی گونجاو بۆ کۆمپانیا ئەمەریکی و جیهانییەکان تاکوو وەبەرهێنانی تێدا بکەن لە هەموو سێکتەرە جیاوازەکاندا.
=KTML_Bold=پێنجەم:=KTML_End= لەسەر ئاستی پێگەی جیۆپۆڵەتیکیش هەرێمی کوردستان هاوشێوەی (دڵ)ی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست وایە، بۆیە نەک تەنیا ئەمەریکا، بەڵکوو زلهێزەکانی ناوچەکە (تورکیا و ئێران) و زلهێزەکانی جیهانیش (چین و ڕووسیا) چاویان لەسەریەتی، بۆ ئەوەی بتوانن هاوشێوەی ئەمەریکا شوێن پێی خۆیان لەناو هەرێمدا بکەنەوە.
لە ئێستادا پێم وایە دەرفەتێکی زێڕین بۆ هەرێمی کوردستان ڕەخساوە بۆ ئەوەی ببێتە نموونەیەکی جوانی دیموکراسی و پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا، بۆیە کەڵک وەرگرتن لەم دەرفەتە، بەندە بە ئاستی هۆشیاری و هەماهەنگی لایەنەکانە سیاسییەکان و ڕێککەوتن لەسەر ئەجیندایەکی نیشتمانی بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی هاوچەرخ لە پێناو درووستکردنی هەرێمێکی بەهێز و گەشەسەندوو، نەک تەنیا چاوەڕوانکردن وەک میشێل فووکۆ دەڵێت:
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شوێنێکە کە خەڵکەکەی (چاوەڕوانی) ڕۆژگارێکی باشن، نەک (درووستکردنی) ڕۆژگارێکی باش!
لەم چوارچێوەیەدا دەتوانین بڵێین ڕاستە ستراتیژی ئەمەریکا لەگەڵ بژاردەی بوونیاتنانی هەرێمێکی بەهێزە بەڵام ئەم بژاردەیە لەسەرخۆمان وەستاوە، چونکە ئەمەریکا نایەت بۆمان بوونیات بنێت، بەڵکوو دەبێت (خۆمان بۆ خۆمان و نەوەکانی داهاتوو) بوونیاتی بنێین! [1]