(غاندی و برنادشۆ) چی دەڵێن!
#کارۆخ خۆشناو#
ئێمەی مرۆڤ بە یەک میکانیزم درووست دەبین، بەڵام بە شێوازی جیاواز دەژین و چیرۆکی ڕەنگاوڕەنگ دەنەخشێنین، لە کۆتاییشدا زوو یان درەنگ هەموومان ماڵاوایی لە ژیان دەکەین.
لێرەدا گرنگە مرۆڤ لەم ژیانە کورتەدا بۆ خۆی بژێت و باوەڕی بەخۆی هەبێت و کاریگەریی و شوێنپەنجەی خۆی لە چیرۆکی ژیان بنەخشێنێت، بەواتایەکی دیکە پێویستە مرۆڤ پاڵەوانی چیرۆکی ژیانی خۆی بێت، ئەمەش کاتێک دەکرێت کە مرۆڤ خۆی چیرۆکی ژیانی خۆی بنووسێتەوە، نەوەک لەژێر کاریگەریی ژیانی خەڵکانی دیکە ژیانی خۆی لە بیربچێت و ببێتە فڵچەی دەستی نیگارکێشێک، یان ببێتە داشی دامە، یان (سەربازی شەتڕەنج)ی چەند کەسێک!
ئەوەی تۆ دەیبینی و ئەوەشی نایبینی! سەرەتا هەمووی بیرۆکە و خەونی چەند مرۆڤێکی وەکوو تۆ بوون، بە شەونخۆنی و باوەڕبەخۆبوون توانیان شوێنپەنجەیان لەسەر تابلۆی ژیان بنەخشێنین، بێ گوێدانە پرتەوبۆڵە و ئیرەیی و حەسوودی خەڵکانێک کە هیچیان لەباردا نییە و خۆیان ناتوانن شوێنپەنجەیان دیار بێت و دژی ئەو کەسانەش دەوەستن کاتێک کارێکی نوێ ئەنجام دەدەن!
لەم چوارێوەیەدا غاندی دەڵێت:
هەر مرۆڤێک کارێکی نوێ ئەنجام بدات بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت: قۆناغی یەکەم خەڵک گاڵتەی پێدەکەن و پێی پێدەکەنن، ئەگەر لەم قۆناغەدا خۆڕاگر بوو، ئەوا دەچێتە قۆناغی دووەم و لەم قۆناغەشدا خەڵک جنێوی پێدەدەن و تەشهیری پێدەکەن، ئەگەر لەم قۆناغەشدا خۆڕاگر بوو، ئەوا دەچێتە قۆناغی سێیەم کە قۆناغی سەرکەوتنە.
تۆ کاتێک بە نیازیت چیرۆکی ژیانت جیاواز بێت، نابێت کۆڵبدەیت و لە تیر و توانجی خەڵک بترسیت، چونکە ئەگەر سەیری ژیانی کەسانی سەرکەوتوو بکەیت لەسەر ئاستی جیهان، بە سەدان نموونەی سەرکەوتوو دەبینین، کە بە هەوراز و نشێووی زۆردا تێپەڕیوون تاکوو گەیشتوون بە ئامانجەکانیان، بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک ئەمەریکادا ژیانی سێ کەسایەتی بووەتە جێگای سەرنجی خەڵک، ئەوانیش:
(ستیڤ جۆبز) داهێنەری ئایفۆن و (بیڵ گێتس) داهێنەر و خاوەنی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و (مارک زوکەربێرگ) داهێنەر و خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، چونکە ئەم کارەکتەرانە و دەیانی دیکە لە کاتی کارکردن بۆ ئامانجەکانیان ڕووبەڕووی چەندین سەختی و نەهامەتی بوونەتەوە، بەڵام کۆڵیان نەداوە و بەردەوام بوون تاکوو گەیشتوون بە داهێنان و ئامانجەکانیان.
لە کۆتاییدا دەڵێم مرۆڤ لەم ژیانە کورتەدا نابێت لە سەرزەنشتی خەڵک بترسیت و هەروەها ناشبێت بە پێداهەڵدان لەخۆبایی بێت، بەڵکوو پێویستە لات ئاسایی بێت، کاتێک خەڵکانێک بە ئینسافەوە مامەڵەت لەگەڵ ناکەن، بەسەرهاتێکی خۆشی برنادشۆ هەیە، ڕۆژێک لەمەجلیسێکدا دەڵێت:
لە بەرگدرووەکەم بە ئینسافترم نەبینیوە، ئەوانیش دەڵێن بۆچی؟ ئەویش دەڵێت چونکە هەر شەش مانگ جارێک کە دەچمە لای بەرگدرووەکەم قیاسی نوێم وەردەگرێت و لەسەر قیاسی کۆن ناڕوات! [1]