=KTML_Bold=#هەولێر# نابێتە بەغدا!=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
یەکێک لە سامانە نیشتمانییەکانی (هەرێمی کوردستان) کە نکۆڵی لێ ناکرێت و سازشی لەسەر ناکرێت، بریتییە لەو پێگە سەقامگیرەی کە لەم (ناوچە پڕ لەکێشەیە)دا هەیەتی، ئەو پێگە ئارامەی کە هەمیشە هەرێمی کوردستانی پێ جیاکراوەتەوە لە ئێراقێکی ئاڵۆز و ناسەقامگیر، ئەم سامانە نیشتمانییە هەمیشە جێگای شانازی خەڵکی کوردستان و نێردە دیپلۆماسییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بووە، چونکە لەژێر سایەی ئەم پێگە سەقامگیرەدا نەک تەنیا خەڵکی کوردستان، بەڵکوو سەدان هەزار ئاوارەی ناوەڕاست و خوارووی ئێراق و پارچەکانی تری کوردستانیش حەواونەتەوە، بۆیە ئاساییشی هەرێم بەگشتی و ئاساییشی هەولێری پایتەخت بەتایبەتیی هێڵی سوورن، نابێت بە هیچ شێوەیەک ڕێگا بدرێت بە هیچ گرووپ و میلیشیایەک لە (ژێر هەر ناو و ناونیشانێکدا بێت) هەولێر بکەنە گۆڕەپانی ململانێی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی (هاوشێوەی بەغدا).
ئەمە چەند جارێکە هێرشی دڕۆن و موشەکی دەکرێتە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت هێرشی دوێنێ کە بە سێ درۆن ئەنجام دران، لەسەر درۆنەکانیش نووسرا بوو:
(یا صاحب الزمان و یا زهراء)
ئەم درووشمانەش بەڵگەی ڕوون و ئاشکران کەوا هێرشەکەی ئەم جارە ناڕاستەوخۆ لەلایەن پڕۆکزیەکانی ئێرانەوە ئەنجام دراوە، بە گوێرەی هەندێک زانیاری باوەڕپێکراویش (میلیشیاکانی حیزبوڵای ئێراق و کەتیبەکانی سەید شوهەدا) ژوورێکی ئۆپەراسیۆنیان پێکهێناوە بۆ کردنە ئامانجی دامەزراوەکانی ئەمەریکا لە (هەولێر و کوردستان) و ناوەندی ژووری ئۆپەراسیۆنەکەیان لە سەربازگەی (ئەشرەفی) پێشووی (موجاهیدینی خەڵق) دامەزراندووە، کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی حیزبوڵای ئێراقیدایە.
مەبەستی ئەم جۆرە هێرشانەش گەیاندنی کۆمەڵێک پەیامە، لەوانە:
1-هەوڵدان بۆ گەیاندنی پەیامێک کە (ھەولێر و کوردستان هاوشێوەی بەغدا و ئێراق ناسەقامگیرن).
2-ناردنی پەیامێک بۆ (ئیدارەی بایدن) کەوا شیعەکان خوێنی (#سلێمانی# و موهەندیس)یان لەبیر نەکردووە.
3-تێرکردن و ڕازیگردنی شەقامی شیعە بە مەبەستی (استهلاک المحلي) و ڕیکلامکردن و کۆکردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەڕڵەمانی ئێراق.
4-تاقیکردنەوەی (ئیدارەی بایدن) تاکوو بزانن تا چەند بەرگری لە هەرێم و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا دەکات.
5-فشارێکە بۆ سەر ئەمەریکا تاکوو لە (دانووستانەکانی ڤیەننا) نەرمی بنوێنێت و گەمارووەکانی سەر ئیران ھەڵبگرێت و بگەڕێتەوە ناو ڕێکەوتنی ئەتۆمی (5+1).
6-فشارێکی ئیرانە بۆ سەر هەرێم تاکوو لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دوور بکەوێتەوە، بە مەبەستی تێکدانی ئەم باڵانسەی کەوا هەرێم بە شێوەیەکی هاوسەنگ ڕایگرتووە لەنێوان ئەمریکا و ئێران.
7-پەیامێکی ئێرانە بۆ ئەمریکا کە دەتوانن لە ڕێگای پڕۆکزیەکانیانەوە لە هەموو شوێنێکی ئێراق هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکان و هێزەکانی ئەمریکا، بە تایبەت کە ماوەیەکە لە میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکرێت کە باشترین و سەقامگیرترین و ئارامترین ئەلتەرناتیڤی ئەمریکا لە شوێنی (بەغدا) ڕەنگە هەولێر بێت.
دووبارە بوونەوەی هێرشە موشەکییەکان دەبێت ناچارمان بکات تاکوو هەڵوەستییەک بکەین بۆ ئەنجامدانی پێنج خاڵی گرنگ:
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End= گرنگە هەرێم بە فەرمی داوا لە ئەمریکا بکات تاکوو فشار لە حکومەتی ئێراق بکات بۆ ئەوەی هێزەکانی حەشد لە سنووری هەرێم دووربخرێنەوە، چونکە لە ساڵی (2017) بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا هێزەکانی حەشد توانیان بێنە سنووری ناوچە دابڕێنراوەکانی هەرێم.
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End= گرنگە هەرێم داوا لە ئەمریکا بکات چۆن لە ڕێگای سیستەمی پاتریۆتەوە بنکە و بارەگاکانیان دەپارێزن ئەوهاش (خاک و خەڵکی) هەرێم لە هێرشی نەیارەکانیان بپارێزن، چونکە سەرەکیترین بەهانەی هێرشکردنی ئەم گرووپانە بریتییە لە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێم.
=KTML_Bold=سێیەم:=KTML_End=گرنگە هەرێم داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکات تاکوو فشار لە ئێراق بکات بۆ جێبەجێکردنی مادەی (140).
=KTML_Bold=چوارەم:=KTML_End= لەگەڵ ئەم سێ خاڵەی سەرەوەدا پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان پەلە بکات لە پڕۆسەی ڕێکخستنەوە و یەک خستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بە مەبەستی ئامادەباشی وەرگرتن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی سەربازی و ئەمنی بۆ سەر خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان.
=KTML_Bold=پێنجەم:=KTML_End=ئەم (هەڕەشە مەترسیدارە) دەبێت ببێتە دەرفەتێک بۆ ڕاچڵەکین و بەخۆداچوونەوە لە پێناو تێپەڕاندنی جیاوازییە سیاسییەکان و لێکنزیکبوونەوەی هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەم هەڕەشەیە تەنیا بۆ سەر لایەنێک و شارێک نییە، بەڵکوو هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی لایەنەکان و هەموو قەوارەی هەرێمی کوردستان، واتە ئەمە هەڕەشەیەکی جدیە بۆ سەر کەشتی هەرێمی کوردستان، بە نغرۆبوونی ئەم کەشتییەش (خوانەخواستە) هەموومان دەخنکێین! [1]