ناونیشانی بابەت: کە ئازادی نەبوو نانیش هەبێت تامی ژەهر دەدات
ناوی نووسەر: #ئەسرین عاسی شوانی#
لە مێژووی ئێراق و ڕەفتاری دەسەڵاتەکانی ئێراق لەگەڵ کورد، ڕەنگە نەشزانن نانی سەرشۆڕی و ژێردەستەیی چەند بێتامە. بەرەی دووەم پێیان وایە ئازادی لە نان گرنگترە و مرۆڤ بە لەتەنانێکی نێو ماڵی خۆی قەناعەت بکات زۆر باشترە لە خوانە چەورەکەی ماڵی دوژمن و داگیرکەر و نەیار.
لە ڕاستیدا نان و ئازادی دوانەی پێکەوە گرێدراون، هەر یەک لەو دوانە نەبێت، لێڕەوار درووست دەبێت، بەڵام ئەگەر بپرسین چارەسەر لەم نێوانەدا چییە؟ وەڵام ئەمەیە: بە ڕای من دەستەبەرکردنی ئازادی زۆر گرنگترە لە دەستەبەرکردنی نان، چونکە ئەو نانەی لەسەر خوانی دوژمن و داگیرکەرە، ملکەچی و سەرشۆڕیی لەگەڵدایە، ماوەیەک هەناوت دەحەسێنێتەوە و ڕەنگە ڕۆژێک و دە ڕۆژ تێرت بکات، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانیت کە ڕۆژێ دێت، هەمان ئەو دوژمنە سەرچاوەی نانەکەت لێ وشک دەکات و وەک چۆن ئازادی و سەرفرازیی لێ زەوت کردیت، ئاوهاش نانەکەت لێ دەبڕێت، کورد لە مێژە وتویەتی: گۆشتی لاڕانی خۆم بخۆم، لە منەتی قەساب باشترە.
گەلۆ دەبێت ئەوە بزانرێتکە دوژمن و داگیرکەر لە ئێراق، تەنیا شوناسی دەگۆڕێت، دەنا ڕەفتارەکان هەر وەک یەکن، لە شاوە دەبێتە سەرکۆمار و لە عەرەبی سوننەوە دەبێتە عەرەبی شیعە، ئەویان کیمیابارانت دەکات و ئەمیان مووشەکباران، ئەویان گەمارۆت دەخاتە سەر و ئەویان مووچە و بودجەت دەبڕێت.
بیرتان نەچێت، سەرجەم دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێراق، کاتێک لە دەسەڵاتدا نەبوون و ئۆپۆزسیۆن بوون، دۆست و هاوسەنگەری ئێوە بوون، کەچی ئێستا کە لە دەسەڵاتدان بە چاوی دوژمن سەیرتان دەکەن. کەواتە ئەقڵی داگیرکاریی برا چاوڕەشەکانمان! هەمان ئەقڵییەتی دەیان سەدەی داگیرکارییە و هەرگیز بیری پێشکەوتن و دەستهەڵگرتن لە داگیرکردن و زەوتکردنی مافی گەلانی ژێردەستە لە فەرهەنگیاندا نییە.
بۆیە باشترین بژارە لە بەردەمماندا، سەرەتا پاراستنی ئەم ئازادییەیە، ئەویش لە ڕێی وازهێنانی ناپاکان لە ناپاکی و هەنگاونان بۆ ئاشتبوونەوەی نیشتمانی، دەبێت هەمووان بگەڕێنەوە سەر ڕێچکەی کوردایەتیی ڕاستەقینە و دەستبەرداری بەرژەوەندیی تەسکی حزبی بن و بۆ وەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان کە یەکێکیان گوزەرانی باشە بۆ هاووڵاتییان، هەنگاو بنێن، گەڕانەوە بۆ باوەشی دوژمن لە پێناو نان و مووچە، ڕێک وەک ئەو باڵندەیە وایە کە لەبن تەپکەیەکدا گەنمی بۆ ڕۆ کراوە و هێدیهێدی دەچێتە بن تەپکەکە و ئیدی ڕاوچییەکە پەتەکە ڕادەکێشیت و دەکەوێت بەسەر باڵندەکەدا و ئیتر باڵندەکە بۆ هەتاهەتایە، نەک ئازادی، ژیانیش لەدەست دەدات. [1]