=KTML_Bold=بۆچی ئاساییشی #هەولێر#ی پایتەخت دەکرێتە ئامانج؟=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
ئەمە چەند جارێکە هێرشی مووشەکی دەکرێتە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، ڕوون و ئاشکرایە کەوا ئەم هێرشانە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام دراون، بەڵام ڕاگەیاندراوەکان پێمان دەڵێن کەوا هێرشەکەی ئەم جارەی ئێران بۆ سەر هەولێر ڕاستەوخۆ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئەنجام دراوە، بە پاساوی بوونی ناوەندی سیخوڕی ئیسڕائیلی، کە ئەم پاساوە هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە ڕاستییەوە.
=KTML_Bold=لەم چوارچێوەیەدا هێرشی ئەم جارەی ئێران بۆ سەر هەولێر بە مەبەستی گەیاندنی کۆمەڵێک پەیامە، لەوانە:=KTML_End=
1-هەوڵی ئێرانە بۆ تێکدانی پێگەی سەقامگیری و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان.
2-پەیامی ئێرانە بۆ هەرێمی کوردستان تاکوو هاوسەنگی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی تێکبدات و تای تەرازوو لە بەرژەوەندی ئێران بشکێنێتەوە.
3-پەرچەکردارێکی ناڕەوای ئێرانە لە بەرانبەر هەرێم وەک تۆڵەکردنەوەی هێرشی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن.
4-ناردنی پەیامێک بۆ (ئیدارەی بایدن) کەوا شیعەکان خوێنی (موسەوی و سلێمانی و موهەندیس) و قوربانیانی تەقینەوەکەی شاری (کرمان) لەبیر ناکەن.
5-تێرکردن و ڕازیگردنی شەقامی شیعە بە مەبەستی (استهلاک المحلي) و ڕیکلامکردن و کۆکردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئێران.
6-تاقیکردنەوەی (ئیدارەی بایدن) تاکوو بزانن تا چەند بەرگری لە هاوپەیمانەکانی دەکات.
7-فشارێکە بۆ ئەمەریکا تاکوو دەست ھەڵبگرێت لە پشتگیرکردنی ئیسڕائیل و ڕاگرتنی شەڕی حەماس لە غەزە.
دووبارە بوونەوەی هێرشە مووشەکییەکان دەبێت ناچارمان بکات تاکوو هەڵوێستەیەک بکەین بۆ ئەنجامدانی ئەم سێ خاڵە گرنگە:
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End= گرنگە هەرێم داوا لە ئەمەریکا بکات چۆن لە ڕێگای سیستەمی پاتریۆتەوە بنکە و بارەگاکانیان دەپارێزن ئەوهاش (ئاسمان و خاک و خەڵکی) هەرێم لە هێرشی نەیارەکانیان بپارێزن، چونکە سەرەکیترین بەهانەی هێرشکردنی ئەم گرووپانە بریتییە لە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێم.
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End= گرنگە هەرێم بە ڕاشکاوی داوا لە ئێراق بکات تاکوو سەروەری هەرێم و ئێراق بپارێزێت، ئەگەر ئێراق نەتوانێت ئەمە بکات، ئەو کات گرنگە داوا بکرێت ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڕیارێکی هاوشێوەی (688) هەرێم لە هێرشی لایەنە ناوخۆیی و دەرکییەکان بپارێزێت.
=KTML_Bold=سێیەم:=KTML_End= لەپاڵ ئەم دوو خاڵەی سەرەوەدا پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان پەلە بکات لە پڕۆسەی ڕێکخستنەوە و یەک خستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بە مەبەستی ئامادەباشی وەرگرتن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرش و هەڕەشەیەکی سەربازی و ئەمنی بۆ سەر خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان. [1]