ڕاپۆرتی / رەوەست نەوزاد
پێش نیوەڕۆی رۆژی شەممە 11-11-2023 لە ساڵۆنی لاپەڕە نۆی ناوەندی هەولێری مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کۆڕێک بۆ نووسەر و شاعیر نازم دڵبەند بە ناونیشانی (دوێنێی زەمەنێکی جوانی هونەر و شیعر لە هەولێر) بەڕێوەچوو.
لە کۆڕەکەدا ژمارەیەک لە نووسەران و رۆژنامەنووسان ئامادەیبوون، تێیدا نازم دڵبەند رایگەیاند: ئەو بابەتە پڕۆژەی نووسینێکمە لەسەر سەردی مێژووی نووسین لە هەولێر لە ساڵانی شەستەکانەوە تاوەکو سەرەتای ساڵانی حەفتاکان لەڕووی شیعر و هونەر و رۆژنامەنووسییەوە.
هەر لە کۆڕەکەدا نازم دڵبەند لەسەر داوای هەندێک لە ئامادەبوان دوو کۆپلە شیعری خوێندەوە کە بە وتەی خۆی شیعرەکان زیاتر هەست و شعوری تایبەتی روحیان هەیە ئەویش عەشقە، کە شیعرێکیان بۆ نووسەر و رۆژنامەنووس مومتاز حەیدەری بوو.
کۆمەڵێک گەنجمان دەدیت
دواتر نازم دڵبەند وتی: ئەو بابەتەی ئەمڕۆم لێکۆڵینەوەیەکە دەکرێ بڵێم لە ساڵی 1968 ەوە کە هاتینە ناو دنیای ئەدەب و هونەر و رۆژنامەنووسی، ویستم ئەو بابەتە بۆ وەبیرهێنانەوە بۆ ئەوەی نەوەیەکی تریش لەو راستییە بگات ئامادەم کردووە، ئێمە ئەوکات چەند قوتابیەک بووین لە هەولێر، ئەوەندە عەشقی خوێندنەوە و شیعر و هونەر بووین بە بەردەوامی هاتووچۆی یەکێک لەچایخانەکانی هەولێرمان دەکرد، ئەویش چایخانەی عوسمان دەرگەڵەیی بوو، لە تەنیشت چاپخانەکەی مامۆستا گیوی موکریانی، ئەو رۆژانەی ئێمە هاتووچۆی ئەو چایخانەمان دەکرد، کۆمەڵێک گەنجمان دەدیت حەزمان لەوەبوو گوێبیستیان بین، دەکرێت بە بنیاتی شیعری نوێی کوردی دایانبنێین، لەوانەش: (عەبدوڵڵا پەشێو، شەهید جەمیل رەنجبەر، سەعدوڵڵا پەرۆش، جەوهەر کرمانج، سامی شۆڕش، موحسین ئاوارە، هیوا سەرهەنگ) و چەند نووسەرێکی تری وەکو (شەهید یوسف دەرگەڵەیی، مامۆستا محەمەد مەنگوڕی) لەپێش ئەوانیش هەندێک شاعیری تر هەبوون وەکو (جاهید، پیرباڵ مەحمود، مەدحەت بێخەو) کە ئەوان پێشەنگ بوون تا ئەوکاتەی بەیاننامەی روانگە دەرچوو، ئەوانیش بەشێک بوون لەو بەیاننامەیە و زیاتر پەرەی پێدرا و دواتر فێستیڤاڵی یەکەمی شیعری کوردی لە کەرکوک سازکرا و خوێندنەوەی 12 وانەکەی عەبدوڵڵا پەشێو بوو.
وتیشی: ئەو کات تاکە رۆژنامە کە لەسەر ئاستی کوردستان دەردەچوو، رۆژنامەی هاوکاری سەردەمی (مونزیر عەرێم و سەربەست بامەرنی) بوو، ئێمە عەشقی ئەو رۆژنامەیە بووین پێنج شەممان دەردەچوو، یەکێک لە مێرخاسەکانی رۆژنامەنووسی کوردی کە یەکەم پەیامنێری ئەو رۆژنامەیە بوو، مامۆستا مومتاز حەیدەری بوو، بیرمە هەموو ئێواران دەهاتینە بەردەمی کتێبخانەکەی سۆلاڤ، مامۆستا مومتاز پێش هەموو کەسێک لەوێ ئامادە دەبوو، گەنجێکی باڵا بەرز بوو، دەوەستا تاوەکو رۆژنامەکە بکڕێت، رۆژنامەکە لە بەغداوە دەهاتە هەولێر و دابەش دەکرا و رۆڵێکی زۆر گرنگی هەبوو، هەموو هەفتەیەکیش ریپۆرتاژ و هەواڵی تێدا بڵاودەکردەوە.
دڵبەند لە کۆڕەکەدا باسی لە مامۆستا گیوی موکریانی کرد و وتی: قەت نابێت لەبیر بکرێت، چونکە یەکێک بوو لەو کارێزمایانەی هەولێر کە توانی کۆمەڵێک لەو کتێبانە دووبارە بەچاپ بگەیەنێت، وەکو دیوانەکانی نالی و بابەتاهیر و کوردی و وەفایی و زۆری تر.
ئەو کەسەی زۆرترین رۆڵی هەبوو
سەبارەت بەکاری هونەر لە هەولێر، دڵبەند وتی: بەر لە ساڵی 1968 راستە هونەرەکانی شانۆ و موزیک هەبووە لەو شارە، بەڵام شانۆ زیاتر بە زمانی عەرەبی بووە و ئەو کەسەی زۆرترین رۆڵی هەبووە مامۆستا (سەفوەت جەڕاح و ئەحمەد سابیر) بوون، ئەوانە بە زمانی عەرەبی شانۆیان پێشکەش کردووە، ئەوکات لەسەر شانۆی قوتابخانەکان نمایشیان کردووە، ئەگەر بە بیرمان بێتەوە لەوێ (عوتەیل) یان بە عەرەبی پێشکەش کردووە و ئەحمەد سابیر رۆڵی پاڵەوانەکەی بینیوە و مامۆستا سەفوەت جەڕاحیش رۆڵی (دیزدەمونە)ی بینیوە، بەڵام دوای ساڵی 1968 دیسان گۆڕانکاری هاتە ناو قۆناغی هونەر لە هەولێر کە ئەویش قۆناغی گەڕانەوەی چەند هونەرمەندێک بوون کە خوێندنی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانیان لەبەغدا تەواو کرد و گەڕانەوە هەولێر، لەوانە هونەرمەندان سەباح عەبدولڕەحمان و تەڵعەت سامان و فەرهاد شەریف بوون، لەگەڵ گەڕانەوەی ئەوانە بۆ هەولێر شانۆ گۆڕانکارییەکی تری بەسەردا هات بە تایبەتی هەر لەگەڵ گەڕانەوەی سەباح عەبدولڕەحمان شانۆگەرییەکانی فاڵچی، مارەیی، چڵپاو، مەسەلەی شارێک و زۆری تری پێشکەش کرد، ئەوەش بووە بنیاتێکی هونەری بۆ ئەوەی لەئایندە و تا ئێستاش هونەرمەندانی تر چاو لەو گۆڕانکارییە بکەن و ببێتە بەشێک لە بەرەوپێشچوونی شانۆ و دراما لەشارەکە.
لەبارەی بواری موزیک، مامۆستا نازم وتی: لەگەڵ بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی 11 ی ئازار، دوو تیپ کەوتنە ناو پڕۆسەی کارکردن ئەوانیش تیپی هونەری هەولێر و تیپی هونەر و وێژەی کوردی، کە ئەوەی دووەمیان کۆمەڵێک نووسەر و هونەرمەند توانیان بنیاتی بنێن، لەسەرو هەمووشیانەوە کاکە مەم بۆتانی و محەمەد مەولود مەم بوون کە پێشەنگی ئەو تیپە بوون کە لەپاڵ پێشکەشکردنی موزیک و گۆرانی و شانۆگەری، ناوە ناوە کۆڕ و سیمیناریشیان پێشکەش دەکرد، هەر ئەو ساڵانەش بوو لە تیپی هونەر و وێژەی کوردی مامۆستا تەڵعەت سامان شانۆگەرییەکانی (پیلان، قەل و رووتە، مەم و زین، گێزان)ی پێشکەش کرد کە دیسانەوە بووە گۆڕانکارییەک لە بنیاتی شانۆی کوردی کە ئەمانە بوونە دەستپێکی گۆڕانکاری لەناو شانۆ و درامای کوردیدا.
لە درێژەی کۆڕەکەیدا نازم باسی لە کێشەی نەبوونی ئەکتەری ژن لەو سەردەمە لە هەولێر کرد و وتی: دەبێت ئێمە ئەوە لەبەرچاو بگرین لەپاڵ ئەو هەموو دەردە کۆمەڵایەتیانەی ئەوێ، لە هەولێری موحافیزکار بە تایبەتی لەسەر تەختەی شانۆکان لەبەر قەیرانی نەبوونی ئافرەت، کوڕەکان رۆڵی ئەکتەری ژنیان دەبینی، لەوانە خوالێخۆشبوان جەلال بەیار، سوبحی کۆیی، رەسمی جەلال، پەیمان بەگۆک، سەلام کۆیی، عەبدولڕەزاق شەمسەدین و چەندین هونەرمەندی تر کە زۆر بە داهێنانەوە توانیان رۆڵی ژن ببینن بەتایبەتی لەشانۆگەرییەکانی مارەیی و مەسەلەی شارێکدا رۆڵی سەبریە قیتێ و مەنیج بەربوکیان بینی، بەڵام هەر لەو ساڵانەدا کۆمەڵێک کچی بوێر هاتنە سەر شانۆ و پەردەی ئەو دەردە کۆمەڵایەتییەیان دڕاند، ئەوانیش ئازادە جەلال، نازەنین محەمەد ساڵح، قانیعە رەشید، سم سم ئەنوەر، ئاشتی کەریم رەئوف، بەلقیس عەبدوڵڵا ، ئاواز مەحمود، رۆژهەڵات مەحمود، شەوقیە، چیمەن کاوێس و هەندێکی تر.
توانیان بەرهەمی زۆر جوان پێشکەش بکەن
ئاشکراشی کرد هەر لە هەولێر لەناو تیپی موزیک کۆمەڵێک لە هونەرمەند هاتنە ناو تیپی موزیک و توانیان بەرهەمی زۆر جوان پێشکەش بکەن و بەشدارییەکی کاریگەر بکەن لە فێستیڤاڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری بەغدای سەردەمی خوالێخۆشبوو ئیحسان فوئاد لەساڵی 1974 لەو گۆرانیبێژ و هونەرمەندانەش حەمەجەزا، قادر زیرەک، جەلال سەعید، نیزام شوکر، سامان کەرکوکی، عارەب عوسمان کە بەر لەوانیش هونەرمەندان مامۆستای گەورە تاهیر تۆفیق و رەسول گەردی و فوئاد ئەحمەد و تەحسین تەها و باکووری و یەحیا مەرجان و مامۆستا خەیڕوڵڵا و زۆری تر، لەپاڵ ئەو گۆرانیبێژانەش موزیکژەنی زۆر بەتوانا هاتنە کایەوە لەوانیش رزگار خۆشناو، وریا ئەحمەد، سەردار ئەحمەد، سەید ئەحمەد بەرزنجی، جەودەت شاکر، مستەفا رەئوف، شێرزاد عوزێری، شێرزاد سەرسپی، شەریف جەرجیس، شاکر سابیر، فوئاد محەمەد، جەلیل ئازید و ژمارەیەکی دیکە کە ئەوانە توانیان گەورەترین بەرهەم بۆ هەولێر تۆمار بکەن لەساڵی 1978 تیپی هونەری هەولێر کۆمەڵێک گۆرانی تۆمار کرد تا ئێستاش لە گوێچکەی هەمووماندا دەزرنگێنەوە.[1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=