=KTML_Bold=سەرۆکی دێرینی (TIP) دەڵێت دایکم یەک وشەی تورکی نەدەزانی=KTML_End=
#کاوە ئەمین#
دوای کەمێک گەڕان، لە گەڕەکێکی جوان و پاکژی بەری ڕۆژهەڵاتی ئیستەنبووڵ بە هاوکاریی کاک ڕاوین ستێرک، ماڵی کوردێکمان دۆزییەوە کە پێشتر بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ کردبوو، ئەویش محەمەد عەلی ئاسڵان، سەرۆکی پێشووی (پارتی کرێکارانی تورکیا)یە. پیاوێکی سوور و سپی، پۆشتەو پەرداخ، گۆپاڵێک بەدەستەوە لە بەردەم دەرگای ماڵەکەیدا لە پێشوازیمان دا بوو. ئەو خۆیشی باش لەبیری نایێت کە چەند ساڵە لە ئیستەنبووڵ گیرساوەتەوە و چەند جار سەردانی ئەم شارەی کردووە، بە بەراورد بەو هەموو ساڵەی لە دووریی کوردستان ژیاوە، کوردییەکی باش قسە دەکات، بەڵام بەداخەوە منداڵەکانی وەکوو دەیانوت کوردی تێدەگەن، بەڵام ناتوانن بە کوردی قسە بکەن. بۆیە پێناچێت دوای نەمانی باوکیان، شتێک بەناوی کوردبوونەوە لەو ماڵەدا و لە زۆر ماڵی هاوشێوەیاندا بمێنێت، مەگەر ناڵێن زمان بڕبڕەی پشتی مانەوەی هەموو نەتەوەیەکە، ڕەنگە هەستی شانازی بە کوردبوونیشیان هەر بەشی نەوەیەکی دیکەیان بکات.
ئەو زیاتر لە پیرەپیاوێکی ئەڵمان دەچوو، یەکەم پرسیاری ئەوەبوو، لە دوورڕا لە کوردستانەوە هاتوون، بەخێربێن، چاڤێ من ڕۆنی بوو.
دوای چەند کاژێر گفتوگۆ، ڕێککەوتین باسی مێژووی کۆن و نوێ بکەین، بەتایبەتیی گێڕانەوە و بەسەرهاتەکانی چەپ و کۆمۆنیستەکانی کورد کە شوێنپێی کۆمۆنیستە تورکەکانیان هەڵگرتووە، بەنیازی گەیشتنە ترۆپکی کۆمۆنیزم و سۆسیالیزم، بەڵکوو ئەمە خوایە لەپەنای برایەتی گەلان دا بتوانن و بوێرن بە چپەیەکیش بێت بڵێن: ئەز کوردم!
لە هەڤپەیڤینە دوورودرێژەکەم دا لەگەڵ کاک محەمەد عەلی ئەسڵان، ئەوەم بۆ ڕوونبووەوە کە پاش ئەو هەموو ساڵە، گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی دوای کڵاوی بابردوو کەوتبوون، چونکە کۆمۆنیستەکانی تورک کە باسەکە دێتە سەر کێشەی کورد، ڕێک دەگەڕێنەوە بۆ بیروباوەڕی کەمالیزم.
محەمەد عەلی ئاسڵان دوای ململانێیەکی زۆر، بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1969دەبێتە سکرتێری پارتی کرێکارانی تورکیا، بەڵام وەکوو کوردێک نا، چونکە تەنانەت لای زۆربەی کۆمۆنیستەکانی تورک، کوردبوون واتە جوداخوازی، واتە دابەشکردنی تورکیا، بەڵام چونکە محەمەد عەلی ئاسڵان بەنەژاد کوردە و لە شاری ئاگرییەوە هاتووە و ناونیشانە جوگرافیایەکە لە سەردەمی ئەحمەدی خانییەوە بە کورد ناسراوە، هەر زوو کێشەی بۆ درووست دەکەن و تەنانەت کوردە کۆمۆنیستەکانی نێو پارتی کرێکارانی تورکیاش، دەکەونە بەربەرەکانیکردنی، بۆیە سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵێک زیاتر درێژە ناکێشێت.
محەمەد عەلی ئاسڵان کوڕی دەڤەری ئاگرییە کە شۆڕشگێرانی ئارارات بە سەرکردایەتیی ئیحسان نووری پاشا، ئاڵای کوردستانی لێ هەڵدەکەن و جاڕی سەربەخۆیی دەدەن، بەڵام وەکوو کاک عەلی دەڵێت: گەلەکۆمەی ئێران و تورکیا و هاوکاریی سەرۆک خێڵە بەرژەوەندیخوازەکانی کورد، هۆکاری سەرەکی دەبن بۆ ڕووخانی شۆڕشی ئارارات. کاتێک باسی گەلیێ زیلان و کۆمەڵکوژییەکانی گوندییەکانی گوندنیشانی دەوروبەری وان دەکات، وەکوو ئەوە وایە بۆنکوروز لە جەرگی هەڵسێت و دەڵێت: چل هەزار کەس کۆمەڵکوژکران، تەنیا یەک دوو کەس بەزیندوویی دەرچوون، منداڵێکی شیرەخۆرە و پیاوێکی تەمەن حەفتا ساڵ!
زۆرجار مێژوونووسان باس لەوە دەکەن کە زلهێز و دامەزرێنەرانی تورکیای نوێ، کوردیان هەڵخەڵەتاندووە، بەڵام محەمەد عەلی دەڵێت خۆمان دەستەچەورەکەمان بەخۆمان سڕی، کورد خۆی خۆی فریودا، مەگەر نوێنەرانی کورد لە تورکیاوە تەلەگرافیان بۆ کۆنگرەی لۆزان نەنارد و بە دەنگی بڵند نەیانوت عیسمەت پاشا تەنیا نوێنەری تورک نییە، نوێنەری ئێمەشە، دوای گەیشتنی ئەو تەلەگرافانە کابرای ئینگلیز قسەکەی خۆی دەخواتەوە کە پێشتر بە عیسمەت پاشای گوتبوو خۆ تەنیا تورک لە تورکیا ناژین کوردیش لەو وڵاتەدا دەژین، ئەی بۆ نوێنەریان لێرە نابینم!
محەمەد عەلی پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات، کە ئەرمەنی لە باکووری کوردستان لەلایەن کوردەوە جینۆساید نەکراون بەڵکوو کورد پاراستوونی. سەید ڕەزا زیاتر لە 15 هەزار ئەرمەنی دێرسمی پاراست و ڕێگەی بۆ 30 هەزار ئەرمەنیی دیکە کردەوە بەرەو ئەرمەنستان بڕۆن، بەڵام لە #ئامەد# بە دنەدانی ڕەشید پاشای والی ئەو شارە، کە بە دوژمنی سەرسەختی ئەرمەن ناسراوە، لەلایەن هەندێک دەربەگی کوردەوە ناهەقی بەرانبەر ئەرمەن کراوە.
محەمەد عەلی ئاسڵان هێشتا پەرتووکخانەکەی باوکی لەبەرچاوە کە بە سەدان سەرچاوەی کوردی بەپیتی عەرەبی تێدابووە و لەنێو هەموویاندا (مەم و زین)ی ئەحمەدی خانی وەک توحفەیەکی دانسقە دەبینێت، کە هێشتا ئەو دێڕە هۆنراوەانەی لەیاد نەچووەتەوە کە ئەحمەدی خانی تێیدا گازندە لە سەرۆک خێڵەکانی کورد دەکات و هۆکاری شکستی کورد بە تەفرەقە و یەکنەگرتنی کورد دەبەستێتەوە، ئەوەتا هێشتا بەدەست ئەو برینەوە دەتلێینەوە و بەتاسەوە ئەو چەند دێڕە لەبەرخۆیەوە دەڵێتەوە:
گەر دێ ھەبوا مە پادشاهەک
لایەق بدیا خودێ کولاهەک
تورک و عەرەب و گورجی و ڕومی
ھەمیا ژ مە ڕا دکر غولامی
تەکمیل دکر مە دین و دەوڵەت
تەحسیل دکر مە عیلم و حیکمەت.
لە ئەڵقەی یەکەمی بەرنامەی پەنجەمۆر کە شەوی چوارشەممە لە ڕووداودا بڵاودەکرێتەوە، کاک محەمەد عەلی ئاسڵان، لە گۆشەنیگای خۆیەوە باسی مێژووی شۆڕشی شێخ سەعید، ئارارات، کۆمەڵکوژییەکان و دامەرزاندنی دەوڵەتی نوێی تورکیا دەکات، کە کورد لێی زیانمەند بوو. لە کاتی گفتوگۆیەکەدا پێیوتم: دەزانی دایکم ژنێکی کوردەواری بوو، یەک وشەی لە زمانی تورکی نەدەزانی، ئەو ڕۆژانەم لەیاد ناچن، کە خەڵک بۆ نووسینەوەی (مەم و زین) لەبەر ئەو تەنیا نووسخەیەیی کە لە پەرتووکخانەکەی باوکمدا هەبوو، نۆبەتیان دەگرت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=