=KTML_Bold=دیوە ئابوورییەکەی هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر #هەولێر#=KTML_End=
#مەحموود بابان#
=KTML_Bold=بەرایی=KTML_End=
شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024 بەهەمان شێوەی شەوی #13-03-2022#، جارێکی دیکە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ماڵی یەکێک لە سەرمایەدارەکانی هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەختی کردە ئامانج، کە جگە لە زیانە مادییەکان، منداڵێکی خوار یەک ساڵ و سەرمایەدارەکە بۆخۆی و بازرگانێکی کریستانی ئێراقی گیانیان لەدەستدا و چەند کەسی دیکە لە خێزان، منداڵ، خزمەتگوزار و پاسەوانەکانیش لە هێرشەکەدا بریندار بوون.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هێرشەکەی بە بێباکانە وەسف کردووە کە تێیدا خەڵکی سڤیل، ژن و منداڵ لەنێو ماڵەکەی خۆیاندا. پاساوی هێرشەکەی ئێران، چیرۆکێکی نەسەلمێندراوی هەبوونی ئیسرائیلە لە هەولێر، بەڵام بە ئامانجگرتنی، منداڵێکی یەک ساڵان و باوکەکەی لە ماڵی خۆیدا پرسیارێکی گەورە لەسەر هۆنینەوە ئێرانییەکەی چیرۆکی هێرشەکانی هەولێر دادەنێت. ئامانجی ڕاستەقینەی ئێران بنکەی موساد و کەسانی ئیسرائیلی و ئەمریکی نییە لە هەرێمی کوردستان، بەڵکوو تێکدانی سەقامگیرییە کە کاریگەریی تەواو لەسەر پێشکەوتنی کەرتە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش کەرتی خانووبەرە و وزە دادەنێت. کەرتی خانووبەرە ڕێژەی 28%ی کۆی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت و گوژمەی وەبەرهێنان بەکەمتر لە 17 ساڵ گەیشتووەتە سەرووی 18.9 ملیار دۆلار و بە دەیان ملیار دۆلاریش لە کەرتی وزە نەوت و گازدا وەبەرهێنان کراوە. لەڕاستیدا، بەدەر لە ڕەهەندە سیاسی، ئەمنییەکانی هێرشەکان، هەڵوێستەکردن لەسەر دیوە ئابوورییەکەی ئەم جۆرە هێرشانە پڕبایەخە و دیوێکی دیکەی هێرشی بالیستیی ئێران بۆ سەر ماڵی سەرمایەداران لە هەولێر دەردەخات کە شایانی هەڵوێستە لەسەر کردنە.
=KTML_Bold=بۆچی کۆمپانیاکانی کەرتی خانووبەرە و وزە بە ئامانجکراون؟=KTML_End=
بەپێی داتاکانی دەستەی وەبەرهێنان، کۆی گشتی سەرمایەگوزاری لە کەرتە جیاوازەکانی وەبەرهێناندا (2006-2023) لە هەرێمی کوردستان 67 ملیار دۆلارە، کە 18.9 ملیار دۆلاری لە کەرتی خانووبەرە بووە. هەروەها، 41 ملیار دۆلار لەو 67 ملیارەی وەبەرهێنان کە لە هەرێمی کوردستاندا لە کەرتە جیاوازەکاندا کراوە لە پارێزگای هەولێر و مەڵبەندی پارێزگاکەدا بووە.
گرووپی کۆمپانیاکانی فاڵکۆن گرووپ بەهاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت، توانییان ژێرخانی کەرتی خانووبەرە بەتەواوی بگۆڕن و بیبەنە قۆناخێکی نوێی تەلارسازی و بیناسازییەوە، بەتایبەتیش لەڕووی بنیاتنانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونەوە.
پێشڕەو دزەیی، خاوەنی فاڵکۆن گرووپە کە لە دوای 2005وە و بەتایبەتیش لە دوای بنیاتنانی ئیمپایەرەوە توانی ژێرخانی خانووبەرە لە هەولێر بباتە قۆناخێکی نوێ و سیمای نوێ بە هەولێر بدات. لەڕاستیدا، ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ ئەو 18.9 ملیار دۆلارەی کە لە کەرتی خانووبەرەدا وەک وەبەرهێنان ئەنجامدراوە، لە ماوەی 17ساڵی ڕابردوودا، ئەوا سەروو 11 ملیار دۆلاری لە کەرتی خانووبەرەی پارێزگای هەولێر بووە، کە بەدڵنیاییەوە پڕۆژەکانی فاڵکۆن گرووپ پێشەنگی لەم بوارەدا دەکات. فاڵکۆن گرووپ لە 16 کۆمپانیا پێکدێت کە لە بواری بیناسازی و بازرگانیدا کار دەکەن و پێچەوانەی ئەوەی کە بانگەشەی بۆ دەکرێت کۆمپانیاکە هیچ کارێکی تایبەتیی لە بواری هەناردەکرنی نەوت و وزەدا نییە کە لە هەندێک میدیا و کەناڵی نافەرمی نزیک لە سوپای پاسداران ئاماژەی پێدراوە.
لە (13-03-2022)شدا سوپای پاسداران بەهەمان پاساو هێرشێکی مووشەکی کردە سەر ماڵی شێخ باز بەرزنجی سەرمایەدار و بازرگانی کەرتی وزە کە خاوەندارێتی کۆمپانیای کار گرووپ دەکات. بە ئامانجگرتنی خاوەنی کار گرووپ و کاتی ڕووداوەکە لە قسەکانی بانوو شێخ بازەوە، کە چەند ڕۆژێک دوای هێرشەکە قسەی بۆ ڕووداو کردووە بەڕوونی پاساوەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ هێرشی بالیستیی بۆ سەر هەولێر و ماڵیان ڕەتدەکاتەوە کاتێک کە دەڵێت: کەس نەیدەتوانێت لە شوێنی خۆی بوەستێت، چونکە پەنجەرەکان ورد ببوون. ئەو شەوە ئەوە دۆخی ئێمە بوو. هەر پێڵاوێکمان کەوتە بەردەست لەپێمان کرد و هەر قەمسەڵەیەکمان کەوتە بەر دەست لەبەرمان کرد؛ لەنێو باخچەکەدا بووین و مووشەکەکانمان بە ئاسمانەوە دەبینی کاتێک بەسەرماندا تێدەپەڕین.
لەڕاستیدا، کۆمپانیای کار گرووپ و بەهەمان شێوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی IOC ڕۆڵی سەرەکی لە بەرەو پێشبردنی کەرتی نەوت و گاز و تەنانەت پاڵاوتندا هەبووە، کە هەر لە سەرەتاوە توانیویەتی قۆناخێکی نوێ لە هەرێمی کوردستان بهێنێتە ئاراوە. بۆ نموونە، کۆمپانیای کار گرووپ لە دوای 2003وە توانیویەتی بەرهەمهێنان و پاڵاوتنی وزە لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکات و پەرەی پێبدات. ئێستا کار گرووپ نزیکەی 100 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەرهەمدەهێنێت و سەروو 100 هەزار بەرمیل نەوتی خاو دەپاڵێوێت بۆ بەرهەمەکانی وەک بەنزین، نەوتی سپی و قیر و هتد، کە ئەم بەرهەمانە لەنێوخۆدا بەکاردەهێنرێن و تەنانەت هەناردەی پارێزگاکانی ئێراقیش دەکرێن.
هەروەها، ڕۆژانی دوای هێرشەکەی دوو ساڵی ڕابردوو لێکدانەوەی جیاواز و گرێدانەوەی جیاواز بۆ هێرشەکە کرا، بەڵام چ چیرۆکە نێوخۆییەکان و چ پاساو و چیرۆکەکانی کۆماری ئیسلامی ڕاست دەرنەچوون. ئەو لیژنەی لێکۆڵینەوەیەی کە حکومەتی ئێراق لەسەر ڕووداوەکە پێکیهێنا، دوای دوو مانگ لە ڕاپۆرتێکدا ئەنجامەکانی خستەڕوو و وتی، هیچ بەڵگەیەک یان ئامڕازێک لە شوێنی هێرشە مووشەکییەکەی هەولێر نەدۆزراوەتەوە کە ئاماژە بە چالاکی سیخوڕی بکات، ئەو هاووڵاتییە ئێراقییانەی لە ڕووداوەکەدا زیانیان بەرکەوتووە، مافی ئەوەیان هەیە داوای قەرەبوو لە ئێران بکەن. هەر بۆیەش چاوەڕواندەکرێت ئەوەی شەوی ڕابردووش بەهەمان شێوە بێت، کە ئەم جارە لە ئەنجامی هێرشەکەوە لەنێو قوربانییەکان سڤیل (پیاو و ژن و منداڵ) هەن.
=KTML_Bold=کۆتایی=KTML_End=
هێرشەکانی شەوی ڕابردوو بە بەراورد بەوەی نزیکەی دوو ساڵ پێش ئێستا لەڕووی کاتەوە زووتر کرایە سەر ماڵی سەرمایەدارەکەی بواری خانووبەرە، کە جگە لە ڕەهەندە سیاسی و ئەمنی و تەنانەت ئابوورییەکەی کە لێرەدا ئاماژەیەکی بۆکرا، ئەوا بۆ ترسانی زیاتری خەڵک و ئاگاداربوونی خەڵک و هاونیشتمانییان لە هەرێمی کوردستان و هەولێر بوو.
ڕاگەیاندنی بەرپرسیارەتی دوای کەمتر لە ماوەیەک بە لێدوانی جیاواز و درووستکردنی گێڕانەوەی چیرۆکی درووستکراو لە پشت هێرشە مووشەکییەکانەوە ئەمجارەیان هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کەوا خەڵکی سڤیل و بەتایبەتیش منداڵێکی تەمەن کەمتر لە یەک ساڵان لەژێر دار و پەردووی خانووەکەدا دۆزرایەوە، کە دیمەنەکان بەردەست و ناخ هەژێنن. ئەوەش ڕاستییە کەوا هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش هەولێری پایتەخت بەجیاواز لە تەواوی ناوچەکە (نێوەڕاست و باشووری ئێراق) قۆناخێکی نوێی لە بواری وزە و خانووبەرە دەستپێکردبوو کە بە بەراورد بە هەموو کەرتەکانی دیکە تەواو جیاواز بوو. هەر بۆیەش بەدڵنیاییەوە دووبارەبوونەوەی هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسداران مەترسی جیدی دەخاتەسەر ئەو کەشەی بۆ ئەم دوو کەرتە و کەرتە جیاوازەکانی دیکەش ڕەخساوە و کاردەکاتە سەر بابەتی مانەوە و نەمانەوەی وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانیش لە هەرێمی کوردستان.
لە کۆتاییدا، دەشێ بێژین چیرۆکە ئێرانییەکەی پشت ئەو هێرشانە کە زادەی ترس و خەیاڵە بەرانبەر ئیسرائیل شتێکە و ڕاستییەکانی سەر زەوی لە هەولێرەش شتێکی دیکەن کە پێویستە سەرنجیان بدەینێ. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=