ناونیشانی بابەت: نامەیەک بە بۆنی باران و بە گەرمی، پارچەی تۆپەکانی چیاوە نووسراوە!
ناوی نووسەر: حەمە علی
نامەیەکی عاشقانەیە هێشتا بڵاونەکراوەتەوە. و لەناو پەلکەزێڕینەکانی یادەکانمدا پارێزراوە!
دەمێک بوو بە چیای سەرکەش و بڵندی (گوڵێوە بوون) ڕۆژانە بۆنی دووکەڵ و بارووت دەچوو بەگەرووی وشکیاندا!
هەندێک جاریش ویزەی چەند فیشەکێک بەسەریاندا گیزەی دەکرد!
ئەوە گرمە و ناڵەی پارچەی تۆپ و بارینی ڕێژنەی ڕاجیمە لەولاوە بوەستێ! هەندێک جار وەک تاوە تەرزە دەباری بەسەر سەنگەرەکاندا، ئەو شوێنەی دڵۆپەی باران تێی بچوایه، پارچەی ڕاجیمەش خۆی دەکرد بەو شوێنانەدا، (وەلیەکەی شەم) لەناو سەنگەرێکی پڕ لە قوڕ و لیتەدا ڕۆنیشت بوو، بیری چوو بۆ لای خۆشەوویستەکەی! شوێنەکەی پڕ لەئاوی جڵیقاو بوو، بەناچاری ڕۆنیشت، قەڵەمێک و کاغەزێکی لەناو کۆڵەپشتەکەی دەرهێنا و قاچێکی کرد بە کورسی و بە قەڵەمە نووک قوڕاوییەکەی نامەیەکی عاشقانەی لۆ نووسی!
ئاوهادەستیکرد بە نووسین! بۆخۆشەوویستەکەی دڵم ودیدە مەستەکانی ڕۆحم!
ئەم کاتەت پڕ لە خۆشی و بزەی شیرین بێ!
عیشقی دڵ و برۆی دیدەکانت لەسەر بەرزترین لووتکەی چیای نیشتمانێکی داگیرکراو ڕۆنیشتووە!
ئێستا لە ترسی ویزەی گولە و پارچەی گەرمی تۆپەکان لەناو چاڵێکی قوڕاویدام، ئەو شوێنە پێی دەڵێن سەنگەری بەرنگاری و مقاوەمەت...
شیرینەکەی دڵم!
ویژدانم ئاسوودەیە کە ڕووبەڕووی گەورەترین دوژمن بوومەتەوە، ئەو دوژمنەی خاک و عیشق و سەمای نازداران دەکوژێ!
شیرنەکەی دڵم!
من ئێستا لەنێوان ژیان و مەرگدام، پێدەچێ دوای چەند ساتێکی تر گولەیەکی گەرم کۆتایی بەژیانم بێنێ، لاشەکەم بێتەوە بۆ لای دیدەکانی تۆ!
دڵەکەم!
دوێنێ ئێوارێ هاوڕێیەکەم گولەیەکی گڕاوی بەرپەڕەی دڵی کەووت و ئەم چیا و، دووکەڵ و ئاگربارانەی جێهێشت و شەهیدبوو!
شیرنەکەی دڵم!
دەزانی چی لەگیرفانەکانیدا بوو؟
یەک دینار لەگەڵ پارچەیەک بنێشتی سەهم، کەباخەڵەخوێناویەکەی گەڕام وێنەیەکی خوێناوی خۆشەوویستەکەیم لەگیرفانەکەیدا بینی، لە پشت وێنەکە نووسرابوو، لەکیژێکی عاشقی شاریەوە، بۆ هەڵۆکەی شاخی پیرۆز!
داخی گرانم بەناکامی ئەم جیهانەپڕ لەئازار و ژانەی جێهێشت!
شیرینەکەم ئای کەژیان لەسەر ئەم چیا ئاگر بارانە سەختە ودژوارە!
من وهاوڕێ پۆشاک خاکییەکانم لەناو سەنگەری قوڕاویداین وخودا پێداوەکانی ناو کۆشکە زێڕینەکانیش لەناز و نیعمەتی خۆشی ژیاندان!
ئێمە پارچە نانی ڕەق دەخۆین دەوەڵامەندو گیرفان پڕەکانیش نانی چەوروپێکە شەرابی سوور نۆش دەکەن!
ئێستا ئێمە شەوانە سەرما پەتۆمانە وبەردی ڕەقیش سەرینمانە، پیاوەکانی ناوکۆشکە زێڕینەکانیش، شەوی سووریان پڕلە پێکەمەی، لەچاوی ئێمەی سەنگەرنشینەکان نۆشی دەکەن!
شیرینەکەی دڵم!
دەترسم دواڕۆژی سەرکەووتنیش ئەوان بەرهەمی ئێمەی چیا نشین نۆشکەن!
خۆشەوویستەکەی ژینم!
سێ ڕۆژە پێخۆری سێ ژەمەمان نانەڕەق وقومێک ئاوی زەردی باراناویە!
شیرینەکەی دڵم ئەوە!دیسانەوە بارینی گولەی تۆپ، بۆ سەنگەرەکانمان دەستیکردەوە بەبارین!
باوەڕت بێ وەک تاوە تەرزە دەبارێ بەسەر سەنگەرەکانماندا،
شیرینەکەی دڵم!
حەزم دەکرد تۆش لێرەبوویتایە، وەک مرۆڤێکی ئازا بەشداریت بکردایە لەم جەنگە پیرۆزەدا، بەڵام کەڵتوور.و.شۆڕشی ئێمە ڕێگا نادانت نازادرەکانی نیشتمان بێنە ناو سەنگەر وچەکی مەردانە بکە ملی زێڕینیان،
شیرینەکەم!
ئەوە هاوڕێکانم بەهەڵەداوان گەیشتنە ئەو سەنگەری تەنیشتم پێدەچێ هاوڕێەکمان زامدار بووبێ، ئاخ، ئەوە دەنگی گریانی هاوڕێ (شاخەوانە)بەڵام هاوڕێ شاخەوان دڵی گەورەیە، لەخۆوە ناگری دەبێت پۆشاک خاکییەکمان شەهید بووبێ، لەبەر ئەوەی کاتەکەمان زۆر دژوار وتۆپبارانە!
کۆتایی بەنامەکەم دەهێنم ئەگەرلەم ئاگر بارانەی ڕۆژانەدا، شەهید نەبم نامەیەکی ڕزاوەتر بۆدەنووسم، بەهیوام چاوە جوانەکەت.و.لێوە ئاڵەکەت، هەمیشە پڕ لەخەندە و خۆشی بێ! فرمێسک و گریان.وناخۆشی میوانی برۆکانت نەبێ!
لووتکەی گڕاوی.وسەنگەری پڕلەئاوی باراناوی پایزێکی گەڵا ڕێزان...
عاشقی خۆت..
(وەلی) لە
لووتکەی چیای (گوڵێ)
کۆتایی مانگی (10) 1986...
نامەکەی خستە گیرفانییەوە، چەکەکەی لەشان کردوو، بەرەو سەنگەری هاوڕێکەی چوو!
نامەکە تا ئێستا پارێزراوە، ئێستاش بۆنی شاخی گوڵێ.بیرەوەرییەکانی ئەو کاتی لێدێ، نامەکە لە سەردەمی عاشق بوونا نووسراوە. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەمەبەست گۆڕانکاری تێدا نەکردووە.=KTML_End=