=KTML_Bold=دوێنێ #کەرکووک# لە قودس دەچوو=KTML_End=
#عارف قوربانی#
عەبدولڕەحمان خاڵسى باوکى شێخ ڕەزاى تاڵەبانى نزیکەى 150 ساڵ لەمەوبەر لە بەیتێکى هۆنراوەیدا کەرکووکى بە (قودس) شوبهاندووە و دەڵێت: خودایە موبارەککەیت کۆ وەک کەرکووکى موقەدەس. مەککە و قودسى کوردانن ئەم دوو شارەمان. خاڵسى لێرەدا بەمانا پیرۆزییەکەى شارى کۆیەى بە (مەککە) و کەرکووکیشی بە (قودس) چوواندووە. دواى زیاتر لە 100 ساڵ #مام جەلال# بەرگێکى سیاسى بەسەر ناوەرۆکى ئەم هۆنراوەەدا پێچایەوە و کردى بە درووشمى قۆناخێکى خەبات لەژێر ناوى (کەرکووک قودسى کوردستانە)، بەڵام بە درێژایى ئەو سەدە و نیوەى ڕابردوو هیچ کات کەرکووک وەکوو دوێنێ لە قودس نەدەچوو.
ئەوەى دوێنێ لە کەرکووک ڕوویدا، لە پەلامار و هەڵکوتانى پۆلیس و هەمەرى سەربازى بۆ سەر خۆپێشاندەرى کورد، لە گەمارۆدانى گەڕەکە کوردییەکان و تەقەى بە ئەنقەست و نیشانەگرتنى سەربازەکان لە دڵى گەنجانى کورد، تەنانەت شەوى سەر قەبرانى ڕەحیماواش هەر بەڕاستى لە قودس دەچوو.
ئەو جیاکارییەى دەزگا ئەمنى و سەربازییەکان بۆ چاوپۆشین لە گردبوونەوە و ئاژاوەگێڕییەکانى هەفتەى ڕابردووى بەشێک لە عەرەب و تورکمان کردیان، بەراورد بەو ڕەفتارەى دوێنێ دژ بە ناڕەزایەتى ژمارەیەک هاووڵاتى گەڕەکى ڕەحیماوا گرتیانەبەر، هەر بەڕاستى لە دیمەنى ڕەفتارى سەربازەکانى ئیسرائیل دەچوو لە قودس.
پێویستە کورد هەڵوێستە لە ئاستى ئەم ڕووداوانەى کەرکووک بکات، هەرچەندە ئەوەى دەگوزەرێت لەلایەک دەرئەنجامە، بەڵام دەبێت ئەوەش ببینێت لەلایەکى دیکەوە دەستپێکە. بەدیاریکراوی دەرئەنجامى حوکمى ڕەهاى نێوان ساڵانى 2014 بۆ 2017یە، دەرئەنجامى ناکۆکیی نێو ماڵى کوردە. دەستپێکیشە بۆچوونە نێو قۆناخێکى مەترسیدارەوە کە بەرهەمى چاوپۆشینە لەو هەموو زووڵم و ستەمکارییەى لە دواى 16ى ئۆکتۆبەرەوە لە گوندنشین و جووتیارانى کورد دەکرێت و هێز و دەسەڵاتدارانى کورد چاوى لێ دەپۆشن. ئەوەى چەند ساڵێکە بە گوندنشین و جووتیارانى کورد دەکرێت بۆ جێهێشتنى ماڵ و زەویوزاریان، هەروەها ئەو دیمەنانەى چەند ڕۆژى ڕابردوو هاتنى ڕەتڵى عەشیرەتەکانى حەویجە بە هوتافکێشانى دژ بە کورد بۆ شۆراو و ڕەحیماوا، ڕێک لە دیمەنى ساتەوەختى هاتنى حەرەس قەومییەکانى ساڵى 1963 دەچوو. کورد دەبێت بە ئاگابێتەوە لە بەردەم چى دۆخێکى مەترسیداردایە.
بە درێژایى مێژوو، کورد لە نەتەوە و میللەتانى ناوچەکە جیاواز بووە، ڕەفتارى، کولتوورى، داب و نەریتى، تەنانەت مامەڵەى لەگەڵ ئەو داگیرکەرانەش واهاتوونەتە سەر شەرەف و نیشتمانەکەى، مرۆڤ دۆستانە بووە، بەڵام مەرج نییە ئەمە بۆ هەموو هەلومەرج و سەردەمێک باشبێت. بەتایبەت ئەگەر ئەم نەرمونیانى و لێبووردەییەى کورد لەبەرچاو نەگیرا بۆ گۆڕینى ڕەفتارى دەوروبەرەکەى و پێچەوانەوە کەوتەوە، بووە هۆکار بۆ زاڵکردنى دەستى نەیارەکانى، پێویستە کوردیش ڕەفتارى خۆى بگۆڕێت. نابێت لەناو ئەو کۆمەڵگە خێڵەکى و دواکەوتووەى ناوچەکەدا کورد نەرمونیانى (مەسیح)ى هەبێت، کاتێک زللەیەکیان لە بناگوێیدا، لایەکەى دیکەی ڕوومەتیشیان تێبکات بۆ ئەوەى زللەیەکى دیکەشى لێبدەن. پێویستە لە بەرانبەر ستەمکاریى دەوروبەرەکەیدا ئەگەر بەشێوەیەکى کاتیش بووە بۆ دانانى سنوورێک بۆ ستەمکار، ڕەفتارى خۆى بگۆڕێت و فەرمانى ئیسلام پەیڕەو بکات، بکوژ دەبێت بکوژرێتەوە.
لە بنەڕەتدا بەکاربردنى خەڵک لە ململانێى سیاسى و تائیفى کارێکى خراپە، بەڵام دەبێت هەموو لایەنەکانى ناو کایەى سیاسى ئەمە بەخراپ بزانن. ناکرێت دوو تەرەفى ناکۆک یەکێکیان بە هەموو جۆرێک خەڵک بکاتە ئامرازى ململانێ و کارتى گوشار بۆ سەر بەرانبەرەکەى، بەڵام تەرەفى دووەم هەر بکڕوزێتەوە و بڵێت ئەوە کارێکى خراپە. ئەمەى لە کەرکووک ڕوودەدات بەو جۆرەیە. بەشێک لەلایەنى سیاسى شۆڤێنى عەرەب و تورکمان ماف بەخۆیان دەدەن تەنانەت لە حەویجە و دەرەوەى کەرکووکیشەوە خەڵک بهێنن ژیان و گوزەرانى کوردى گەڕەکە کوردییەکان بشێوێنن، ڕێگەى کار و کەسابەتیان لەسەر دابخەن، بەڵام بۆ کورد ڕەوا نییە ئەگەر دانیشتووانى گەڕەکى شۆراو یان ڕەحیماواى کەرکووک داواى ئەوە بکەن ئەو ڕێگەیانەى لەسەریان دایانخستووە، بیکەنەوە.
پێویست بوو زووتریش کورد لە کەرکووک وەک بەرانبەرەکانى سیاسەتى بکردایا، کورد لەمێژە گوتوویەتى مشت لە درەوشە دەگەڕێتەوە. دەبێت بۆ لەمەودوا ئەو ڕێگەیە بگرێتەبەر، لە بەرانبەر قوزەڵقورتدا سندانى هەبێت. ئەگەر ئەوە نەکات بەدڵنیاییەوە ئەمەى ئێستا لە کەرکووک دەگوزەرێت دەبێتە دەستپێک بۆ ڕووداوگەلى زۆرتراژیدى کە لە داهاتوودا ڕووبەڕووى کورد دەکرێتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە ئەوەى پێویستە کورد لە کەرکووک لەبەرچاوى بگرێت دوو شتن: یەکەمیان ئەوەیە لایەنە سیاسییەکانى کورد لە کەرکووک ناڵێم پێویستە یەکگرتوو یەکهەڵوێست بن، کە ناتوانن یەک بن، بەڵام لانى کەم ئەو ڕەفتار و ئەخلاقە سیاسییە تەرککەن کە هەرچى ڕووبدات ئۆباڵەکەى بخەنە ئەستۆى یەکدی و شان و شەوکەوتى شۆڤێنییەکانى عەرەب و تورکمانى لێ پاکبکەنەوە و هەر بڵێن خەتاى فڵان و فیسار لایەنى کوردییە. وەک ئەوەى لە دوێنێوە پارتى دەیخاتە ئەستۆى یەکێتی و یەکێتیش دەیخاتە ئەستۆى پارتى و نەوەى نوێش پارتى و یەکێتی پێ تۆمەتبار دەکات.
دووەم شت گرنگە گەڕەکە کوردییەکان نەکەنە جوگرافیاى بەریەککەوتن، وەک چۆن عەرەب و تورکمان دێن لە دەروازەى کەرکووک بۆ #هەولێر# خێوەت هەڵدەدەن و لە شۆراو و ڕەحیماوا گرفت درووست دەکەن. پێویستە کوردیش بچێت لە بەردەم بارەگاى بەرەى تورکمانى خێوەت هەڵبدات و داواى دادگاییکردنى بکوژانى شەهیدانى 28ى تەممووز بکەن. بچن لە ڕێگەى بەغدا مان بگرن. پارێزگاى تەعریبچى جیاکارى لە پڕۆژەى خزمەتگوزارى دەکات لەنێوات گەڕەکە عەرەبنشین و کوردییەکاندا، بچن خۆپێشاندانى هێمنانە لەسەر ڕێگەى بەغدا بکەن و ڕێى پایتەخت دابخەن، تا بەغدا دەنگتان ببیستێ. حەشدى شەعبى و سەربازى قەومى دێنە سەر جووتیارانى کورد لە ناوچەکانى داقووق و دوبز و پردێ، بچن ڕێگەى کەرکووک بۆ بەغدا دابخەن.
کوردى کەرکووک نابێت چارەنووسى خۆیان ببەستنەوە بە بەرژەوەندیی حیزبى سیاسیی کوردییەوە کە لە پێناو زیادکردنى پشک و داهاتەکانیان لە دزین و دادۆشینى شارەکە، ئامادەى هەموو سازشێکن بە پرسە نەتەوەییەکان. ناشبێت ڕێگە بدەن بکرێنە ئامرازى دەستى حیزبە سیاسییەکان بۆ ململانێ، بەڵام بێدەنگبوونیشیان لەوەى بەسەریان دەهێندرێت لە کەرکووک کارێکى مەترسیدارە. ئەگەر لە ئێستاوە سنوورێک بۆ زیادەڕۆی و ستەمکارییەکانى کە لەسەرین دانەنێت، دڵنیابن ساڵانى داهاتووى ڕەشتر و تاریکتر دەبن لە سەردەمى ستەمکارییەکانى سەدام.
ئەوەى لە هەفتەى ڕابردووەوە لە کەرکووک دەگوزەرێت، ئەو وتارانەى ئەرشەد ساڵحى بە نوێنەرایەتیی تورکمان و مونز عاسى، بە نوێنەرایەتیى عەرەبى حەویجە لە میدیاکان بڵاویان دەکردەوە، مەغزاى زۆر شاراوە و مەترسیداریان هەڵگرتووە دژ بە کورد. ئەگەر کورد خۆى گێل نەکات لە تێگەیشتنى. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=