=KTML_Bold=لە جێبوونەوەوە بۆ جیابوونەوە=KTML_End=
#عارف قوربانی#
11ی ئەیلوول یادى 62 ساڵەى سەرهەڵدانى شۆڕشى ئەیلوولە لە ساڵى 1961، بەم بۆنەیەوە دەمەوێ پرسێک بووروژێنم بۆ ئەوەى مرۆڤى کورد بیر و هۆشى خۆى بخاتە بەردەم ئەم پرسیارەوە، کورد لە باشوورى کوردستان، لە پێناو چیدا خەبات دەکات؟
سەرەتا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ چرکەساتى لکاندنى باشوورى کوردستان بە ئێراقى عەرەبییەوە لە ساڵى 1925، پێشتر بەریتانیا لە کۆنگرەى قاهیرە بڕیارى دامەزراندنى چەند دەوڵەتێکیان بۆ عەرەبەکان دابوو. یەکێک لەو دەوڵەتە تازە دامەزراوانە، دەوڵەتى ئێراق بوو کە لە ویلایەتەکانى بەغدا و بەسرە بۆ عەرەبەکانى ئێراق درووستیان کرد. باشوورى کوردستان کە ئەو کات پێى دەگوترا ویلایەتى موسڵ، دواى پێنج ساڵ لە درووستبوونى ئێراق بە بڕیارێکى (کۆمەڵەى گەلان) بە کۆمەڵێک مەرج و ڕێنمایى کە پەیوەست بوون بە مافى کوردەوە، بەسترایە ئێراقى عەرەبییەوە.
کورد لەو چرکەساتەوە واتا لە ساڵى 1925ەوە بۆ ئێستا، سێ بژارەى لە بەردەم بووە بۆ جۆرى مامەڵەکردنى لەگەڵ ئێراق. یەکەمیان ئەوە بووە هیچ داخوازییەکى نەتەوەیى، سیاسى، مەدەنى نەبێت و بەو قەدەرە ڕازى بێت کە لکێندراوە بە وڵات و نەتەوەیەکى بێگانەوە. ڕێگەى دووەمیان ئەوە بووە لە ئێراقدا هەوڵبدات مافە نەتەوەیى، سیاسى و مەدەنییەکانى بەدەست بهێنێت. ڕێگەى سێیەمیش ئەوەبووە هەوڵ بدات لە ئێراق جیاببێتەوە. بێجگە لەم سێ ڕێگەیە کە هەر یەکەشیان کۆمەڵێک لق و پۆپى لێدەبێتەوە، هیچ بژارەیەکى دیکە نییە پەناى بۆ بەرێت.
تورکمانەکانى باشوورى کوردستان ڕێگەى یەکەمیان هەڵبژارد و لەنێو نەتەوەى سەردەستەى عەرەبیشدا نەتوانەوە و مانەوە، بەڵام لەبەر ئەوەى لە بنەڕەتەوە کێشەى کورد کێشەى خاک و نەتەوەیە، کێشەى داگیرکارییە نەک تەنیا چەوسانەوە، بۆیە ڕێگەى یەکەم لەگەڵ خەسڵەتى کێشەى کورد یەک ناگرێتەوە و تاقینەکراوەتەوە.
کورد ڕێگەى دووەمى هەڵبژارد، هەوڵیداوە لەنێو ئێراقدا بتوانێت مافەکانى بەدەستبهێنێت. لە ساڵى 1925 تاوەکوو ساڵى 1961 کە دەکاتە 36 ساڵ، هەموو ئەو ڕێگەیانەى تاقیکردووەتەوە کە پێى وابووە بەهۆیانەوە دەتوانێت لە ئێراقدا جێی ببێتەوە. بە بەشداریی سیاسى لە ئەنجوومەنى نوێنەران و کابینە وزارییەکان، بە یاخیبوون لە داریکەلى و ناوچەکانى بارزان، بە ناردنى وەفد و گفتوگۆ و خەباتى مەدەنى، بە درووستکردنى حیزبى سیاسى و خەبات بۆ دیموکراسى، ویستوویەتى مافى هاووڵاتیبوون بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەو مافەى عەرەبەکان هەیان بووە، بە کورد نەدراوە.
لە دەستپێکى شۆڕشى ئەیلوولیشەوە کە وەک بزووتنەوەیەکى چەکداریى ڕێکخراو، بە هەردوو قۆناخەکەى شۆڕشەوە 1961 بۆ 1975، هەروەها لە 1976 تا ئێستا کە درێژەى هەیە، کورد هەر داواى ئەوەى کردووە لە ئێراقدا مافە نەتەوەیى و مەدەنى و سیاسییەکانى دەستەبەر بکات. واتا خەباتى بۆ ئەوە بووە ئێراق ببێتە وڵاتیکى دیموکراسى تا بتوانێت لەناو ئەو کۆمەڵگە دیموکراسییەدا بە دەستەبەربوونى مافەکانى جێى ببێتەوە. هەموو ئەو مەینەتییانەى بەسەر گەلى کوردستاندا هاتوون، دەرئەنجامى ئەوەیە کورد خەباتى بۆ دیموکراتیزەکردنى ئێراق کردووە.
بەڵام مێژووى خوێناویی ئێراق، مێژووى نەتەوەى سەردەستەى عەرەب بە هەردوو پێکهاتەى سوننە و شیعەوە، ئەوەیان سەلماندووە ئێراق نەک ئێستا و دەیان ساڵى دیکە، سەتان ساڵى دیکەش ناتوانێت ببێتە وڵاتێکى دیموکراسى. ئەوەشى سادەترین هۆشیاریی سیاسى هەبێت دەزانێت تا ئێراقیش نەبێتە دیموکراسى، لەناو ئێراقدا کورد ناتوانێت مافە نەتەوەیى و سیاسى و مەدەنییەکانى بەدەست بهێنێت. بۆیە دەبیت بەڕەهایى لەوە تێبگەین نەک ئێستا و دەیان ساڵى دیکە، سەتان ساڵى دیکەش کورد ناتوانێت هەموو مافەکانى لە ئێراق بەدەستبهێنێت.
ڕێگەی یەکەم و دووەم بە بنبەست گەیشتوون، کورد دەبێت ڕێگەچارەى سێیەمیش تاقیبکاتەوە. ڕەنگە ئێستا خەڵکانێک بڵێن لە گشتپرسیی سەربەخۆیی ساڵی 2017 دا باجی ئەو ڕێگەیەشمان دا، هەرچەندە من باوەڕم وانییە، بەڵام با گریمانەى ئەوە بکەین 16ی ئۆکتۆبەر و هەموو ئەو ستەمکارییانەى دواى ئەوە پەیوەستن بەداواکردنى سەربەخۆییەوە. ئایا ئەوەى لە ڕابردوودا لەسەر داواى دیموکراسى بۆ ئێراق بەسەر کورددا هێندراوە، دەیان جار زیاتر نین لەوەى لەسەر سەربەخۆیى پێمان کراوە؟
بۆ داهاتووش هەموو ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێن، مانەوەى کورد لە ئێراق، خەڵکى کوردستان دەخاتەوە بەردەم پڕۆسەى پاکتاوکردن و سڕینەوە. ئەوەى لەدواى کەوتنى سەدامەوە چاودێریی ڕەوشى سیاسى و حوکمڕانیی ئێراقى کردبێت و فێڵ لە بیر و هۆشى خۆى نەکات، دەزانێت ئاییندەى ئەم وڵاتە ڕوو لە چى کاولکارییەکە. عەقڵیەتى حوکمڕانان و ئەو ڕیشە کۆمەڵایەتییەش کە بووەتە منداڵدانى بەرهەمهێنانى سەرکردە و سیاسییەکانی ئێراق، هى ئەوە نییە پەسەندى پێکەوەژیان لەگەڵ کورد بکات، تەنانەت ئەگەر کورد زەلیلیش هەڵبژێرێت.
ئەو مەترسییە دیارانەى لە داهاتووى ئێراقدا ڕووبەڕووى کورد دەبنەوە، بە هەموو پێوەرێک زۆر زیاترن لەو مەترسییە نادیارانەى لە ئەگەرى هەڵبژاردنى ڕێگەى جیابوونەوە دێنە ڕێى کورد. ئاسۆى پێکەوەژیان و دیموکراتیزەکردنى ئێراق زۆر لێڵترە لە ئاسۆى پشتکردنە ئێراق. بۆیە دواى 62 ساڵ خەبات بۆ بە دیموکراسیکردنى ئێراق و هەوڵدان بۆ جێبوونەوەى کورد لە ئێراق، هەق وایە خەڵک و حیزب و سەرکردە سیاسییەکانى کورد بە وردى بیر لە تەگبیرێکى دیکە بکەنەوە کە لە برى قوربانیدان بۆ جێبوونەوە، قوربانى بۆ جیابوونەوە بدەین. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=