=KTML_Bold=سیاسەتەکەى چارلى چاپڵین=KTML_End=
#عارف قوربانی#
ئەکتەرى کۆمێدیی بەناوبانگى جیهانى (چارلس ئێسپێنسێر چاپڵین) کە بە چارلى چاپڵین ناسراوە، لە کورتەفیلمێکدا پیشەى (جامچى)یە، بۆ ئەوەى خەڵک شووشەى لێبکڕێت، دارلاستیکێک دەداتە دەستى کوڕە منداڵەکەیەوە و ڕایدەسپێرێت شوشەى پەنجەرەى ماڵان بشکێنێت. کوڕەکەى نیشان لە پەنجەرەى هەر ماڵێک دەگرێت، کاتێک خاوەنماڵ بە نیگەرانییەوە لە دیار شوشەى شکاوى پەنجەرەکە ڕادەمێنێ، چارلى چاپڵین دەگاتە سەرى و بەپارەیەکى باش بۆى چاک دەکاتەوە.
خەریکە دەگەمە قەناعەتى ئەوەى زۆرێک لە ڕووداوەکانى هەرێمى کوردستانیش سیاسەتێکى هاوشێوەى چارلى چاپڵین لە پشتییەوە بێت. هەر لە کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکانەوە بیگرە لەنێوان #هەولێر# و #بەغدا# و کێشە ناوخۆییەکانەوە، تا دەگاتە سیاسەت و بەڕێوەبردنى ئابوورى و بازاڕ و کەرتەکانى پەروەردە و تەندرووستى و تەنانەت زۆربوونى سەگى بەرەڵاى کۆڵان و گەڕەکەکانیش. لێکەوتەى هەموو ئەمانە لە بەرژەوەندیی کەسانێکدایە لە پشتەوەى دیمەنەکانەوەن، جا خۆماڵى بن یان دەرەکى.
لەم ڕۆژانەى ڕابردووش بەڕێز #سۆران عومەر#، سەرۆکى فراکسیۆنى #کۆمەڵى دادگەریی کوردستان# لە پەڕڵەمانى ئێراق، لە نووسینگەى پەڕڵەمان لە سلێمانى لەگەڵ ژمارەیەک کارمەندى تەندرووستى کە بایکۆتیان کردووە، کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیان سازکرد. لە کۆنگرەکەدا سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵ لەگەڵ دەربڕینى پشتیوانى بۆ داخوازى و مافى کارمەندانى تەندرووستى و مامۆستایانى ناڕازى و چین و توێژەکانى دیکە، گومانى ئەوەى خستەڕوو کە بەدەنگەوەنەچوونى لایەنە پەیوەندارەکان و بێباکییان لە داخستنى دەرگاى نەخۆشخانەکان و نەکردنەوەى دەرگاى قوتابخانەکان، بۆ ئەوەیە خەڵک بە ناچارى ڕوو لەو کەرتە تایبەتانە بکات کە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدارانى تێدایە.
پرسێکى گرنگى وروژاند، لە کاتێکدا هەموو دام و دەزگاکانى هەرێمی کوردستان مووچەیان دواکەوتووە، بۆچى تەنیا کەرتى تەندرووستى و پەروەردە لە زۆنى سلێمانى بایکۆت دەکەن؟ ئەو پێی وابوو ئەگەر فەرمانگە و دام و دەزگاکانى دیکە بیانەوێت بایکۆت بکەن، حکومەت ناهێڵێت، بەتایبەت ئەوانەى سەرچاوەى کۆکردنەوە و پەیداکردنى داهاتن. بەڵام بۆ کەرتەکانى تەندرووستى و پەروەردە کە زۆرترین پەیوەندییان بە ژیانى خەڵکەوە هەیە، زەمینەیان بۆ خۆش دەکەن درێژە بە بایکۆت بدەن. چونکە هەموو کەسێک پێویستى بە نەخۆشخانەیە، کە نەبوو، هاووڵاتییان بەناچارى دەبێت بچنە نەخۆشحانە ئەهلییەکان. کە دەرگاى قوتابخانە گشتییەکانى حکومەت داخرابوو، خەڵک ناچارن منداڵەکانیان ببەنە قوتابخانەى ئەهلى کە زۆرینەیان یان سەرمایەدار، یان دەسەڵاتدارێک لە پشتیانەوەیە.
هەرچەندە هێشتا لە کۆنەستى گشتى خەڵکدا ئەوەى چەند ساڵێکە لە ناوچەکانى سلێمانى دەگوزەرێت وا لێکدەدرێتەوە پەیوەندیی بە بوونى ئازادى و ئاستى ڕۆشنبیریى دانیشتووانەکەیەوە هەیە وەک شارێکى زیندوو. بەڵام دەرئەنجامەکان شتى دیکەى لێدەخوێنرێتەوە. نەک هەر بەرپرس و سەرمایەدارى ناوخۆیی، پێدەچێت نەخشەى ئەم سیاسەتە لە شوێنى دیکەوە داڕێژرابێت.
بۆ ئەوەى وا لێکنەدرێتەوە کە گومانەکە بچێتە سەر فەرمانبەرى بەستەزمان و ئەوەى لەبەر بێپارەیى و نەبوونى ناتوانێت بچێتە سەر کارەکەى، یان وەک مافێکى سەرەتایى ئامادە نییە بێ وەرگرتنى مووچەى مانگانەى، درێژە بە کارکردن بدات؛ ئەو بەدەست لە قەڵەم بدرێت. دەبێت بە ڕوونى بیڵێین خوڵقێنەرانى کێشەکە، ئەوانەى هۆکارى سەرەکى ئەم بارودۆخەن کە فەرمانبەرانى کوردستان تێى کەوتوون، گومانەکە لەسەر ئەوانە، چى ئەوەى لە بەغداوە بەڕێوەدەبرێت و بەشێکى لە شێوازى ئیدارەدانى ئەم کەیس و بابەتانەش لە هەرێمەوە، جێى تێڕامان و گومانن. دەستەکە ئەو دەستە گەورانەن کە کاریگەرییان لەسەر ڕووداوەکان هەیە، نەک هاووڵاتییەک کە بێئەوەى بەخۆى بزانێت کراوەتە ئامرازى ئەو ئامانجانە.
مرۆڤ دەتوانێت لە دەرئەنجامەکانەوە سەرچاوە و ڕیشەى کێشەکان بدۆزێتەوە، یاخود لە دەرئەنجامەکانەوە ئامانجە شاراوەکان ببینێت. ئایا بۆ تۆش وەک خوێنەرێک جێى تێڕامان نییە بۆ نموونە لە #کەرکووک#، دوز، #خانەقین#، #شنگال# و دەشتى نەینەوا دەرگاى خوێندن بۆ منداڵى عەرەب و تورکمان کرایەوە و بەهۆکارى بوونى کێشە لەنێوان هەولێر و بەغدا، ئەو مامۆستایانەى بە زمانى کوردى وانە بە منداڵانى کورد دەڵێنەوە مووچەیان نادرێتێ و بایکۆتیان کردووە. بەڵام لە هەولێر، سلێمانى، #گەرمیان#، #شارەزوور# و بادینان ئەو مامۆستایانەى بە زمانى عەرەبى وانە بە منداڵانى ئاوارەى عەرەب دەڵێنەوە، بەغدا مووچەیان دەداتێ. پێویستە شتێک لە دەرئەنجامى ئەم نادادپەروەرییە تێبگەیت کە مامۆستایەکى کورد لە دوز#خورماتوو# لە نزیکترین دەروازەى بەغداى پایتەخت وانە بە منداڵى کورد دەڵێتەوە، بەغدا مووچەى ناداتێ، بەڵام لە پشدەر و بتوێن و سەر سنوورەکانى ئێران مامۆستایەک وانە بە منداڵى ئاوارەى عەرەب دەڵێتەوە بەغدا بۆ یەک ڕۆژ مووچەکەى دواناخات.
دەبێت بەدواى دەرئەنجامى ئەوەشدا بگەڕێین داخستنى دەرگاى نەخۆشخانەکان و زانکۆکان لە زۆنى سلێمانى، کێ لێى سوودمەند بووە؟ ئایا هیچ ناوەندێکى توێژینەوە یان هیچ میدیایەک تاقەتى ئەوەى هەیە بەدواداچوون بکات بۆ ئەوەى بزانرێت بەهۆى ئەو دۆخەوە ساڵانە چەند هەزار کەس بەناچارى دەچنە نەخۆشخانەکانى ئێران؟ یاخود چەند خوێندکار نەک هەر بۆ ماستەرو دکتۆرا، تەنانەت ئێستا دواى تەواوکردنى قۆناغى ئامادەیى بۆ تەواوکردنى خوێندنى زانکۆش ڕوو لە شارەکانى ئێران دەکەن؟
کاتێک دەرگاى نەخۆشخانە گشتییەکان داخراون، هاووڵاتییەک بۆ چارەسەر ڕوو بکاتە #سنە#، تێچووى کەمترە وەک لەوەى لە نەخۆشخانەیەکى تایبەت لە سلێمانى بمێنێتەوە. کە ڕێگە نادرێت دەرگاى زانکۆ حکومیى و گشتییەکان بکرێتەوە، خوێندکارێک ڕوو بکاتە زانکۆکانى تەبرێز و #کرماشان# لە ئێران پارەى کەمترى پێویستە وەک لە زانکۆیەکى ئەهلى لە سلێمانى بخوێنێت. وەک چۆن سەردەمانێک ئەمە لە هەولێریش بۆ قوبرس و شارەکانى تورکیا وابوو.
بابەتەکە هەر پەیوەست نییە بە کەرتەکانى پەروەردە و تەندرووستییەوە، تەنانەت لە بوارەکانى ژینگە، ئابوورى، پیشەسازیى و پێداویستییە خۆراکییەکان زیاتر ڕەنگیداوەتەوە. هیچ بەدواداچوون و بنکۆڵکارییەک ناکرێت بۆ دۆزینەوەى هۆکارى ئەو هەموو نەخۆشیى و دەردە کوشندانەى لە کوردستان بوونیان هەیە، نەک هەر لەناو مرۆڤەکان، بەڵکوو لەناو ئاژەڵ و پەلەوەرەکانیشى. کەس ناپرسێت هۆکار چییە ساڵانە لە وەرزى پێگەیشتندا ڤایرۆس لە پەلەوەرى کوردستان دەدات، کە نەک تەنیا لە کێڵگە پەلەوەرییەکان، تەنانەت لە گوندە دوورە دەستەکانیش قڕ دەکەوێتە قەل و مریشکى گوندنشینان. کار گەیشتووەتە ئەوەى دارگوێزەکانى هەورامان و سنەوبەرەکانى بنارى کێوەڕەشیش ڤایرۆس لێیداوون.
دەبێت کورد لەم خەوى غەفڵەتە بەخەبەر بێتەوە و بەدواى تەگبیردا بگەڕێت، ئەگینا کاتێک ئازارى جەستە و داڕزانى ڕۆح و نیشتمانەکەى بەئاگای دێنێتەوە، فریاى هیچ ناکەوێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=