=KTML_Bold=تۆفانەکەی ئەقسا لە #تاران# خۆشدەکاتەوە=KTML_End=
#عارف قوربانی#
ئەو هێرشە چاوەڕواننەکراوەى بزووتنەوەى حەماس لە بەرەبەیانى حەوتى تشرینى یەکەم بۆ سەر ئیسرائیل، لە زۆر لایەنەوە مایەى هەڵوێستە لەسەرکردن و لەسەر وەستانە. ڕووداوێکە وەک شۆکێک لە مێژووى شەڕوپێکدادانى نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان دەچێتە مێژووەوە، چونکە بە درێژایى سێ چارەکە سەدەى ڕابردووى نێوان درووستکردنى دەوڵەتى ئیسرائیل بۆ ئەمڕۆ، ئیسرائیل ڕووداوى لەو شێوەیەى بەخۆیەوە نەبینیوە.
یەکەم جارە ئیسرائیل بکەوێتە بەر هەڵمەتێکى چڕى پەلامارى زەمینى و ئاسمانییەوە کە لە ماوەى کەمتر لە نیو کاژێردا پێنج هەزار مووشەک ئاڕاستەى بارەگا و بنکە سەربازى و کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکانى بکرێت. لە یەک ڕۆژدا ژمارەى کوژراوەکانى بگاتە نزیکەی 300 کەس و هەزاران بریندار و دەیان سەرباز و ئەفسەرى بکەونە دەست چەکدارە فەلەستینییەکانەوە.
توانا و تاکتیکى سەربازیى حەماس لەم هێرشە لەناکاو و چاوەڕواننەکراوەیدا بۆ سەر ئیسرائیل، مایەى تێڕامانە. لە ڕابردوودا نە هێزە فەلەستینییەکان و نە ئەو دەوڵەتە عەرەبییانەش کە شەڕیان دژى ئیسرائیل کردووە، نەیانتوانیوە گورزى لەو شێوەیە لە ئیسرائیل بدەن. ئەم توانا و تاکتیک و گەشەکردنەخێرایەى حەماس چەند جێى سەرسووڕمانە، لە بەرانبەردا سستى و لاوازیی زانیاری و تواناى بەرگریى زەمینى و ئاسمانى ئیسرائیلیش، هەر جێى پرسیارە.
لە سەردەم و هەلومەرجێکى وەک ئێستاى پێشکەوتنى ئامرازەکانى زانیاری و تەکنەلۆژیاى سەربازی و هەواڵگری، قورسە باوەڕ بەوە بهێنرێت ئیسرائیل لە نزیکترین دەروازەى جەستەى خۆیەوە بەو ئەندازەیە بێئاگابووە لە خۆپڕچەککردن و مەشق و ڕاهێنانەکانى بزووتنەوەى حەماس کە توانایان گەیشتبێتە ئەو ئاستەى لە ماوەى چەند خولەکێکدا پێنج هەزار مووشەک ئاڕاستەى نێوجەرگەى ئیسرائیل بکەن.
نەک دەزگاى هەواڵگریی دەوڵەتێکى وەک ئیسرائیل، ئێستا هاووڵاتییەکى ئاسایى دەتوانێت لە ڕێگەی کامێرای چاودێرییەوە لەسەر شاشەى مۆبایلەکەى چاودێریی ماڵ، یان دووکانەکەى بکات. چى لۆژیکێک ئەوە دەسەلمێنێت ئیسرائیل کە خاوەنى مانگى دەستکردى تایبەت بەخۆیەتى بۆ چاودێری، خاوەن بەهێزترین دەزگای هەواڵگیرییە کە ڕۆڵ و کاریگەرییان لەسەر تەواوى وڵاتانى جیهان هەیە، ئەمریکا و ناوەندە هەواڵگرییەکانى نیوەى وڵاتانى جیهانیش لەگەڵ ئیسرائیل زانیاریی هەواڵگری دەگۆڕنەوە، بێئاگابووە لەوەى بزووتنەوەى حەماس بە هەزاران مووشەک و کاتیۆشاى دوورمەوداى دەستخستووە و خەریکى مەشق و ڕاهێنان و خۆئامادەکردنە بۆ لێدان لە ئیسرائیل.
چەند قورسە باوەڕ بەوە بهێنرێت ئیسرائیل هیچ زانیاری و ئاگاییەکى پێشوەختەى نەبووبێت، لەوەش قورستر ئەوەیە بگوترێت ئیسرائیل چاوپۆشیکردووە لەوەى حەماس ئەو دەستپێشخەرییە بکات لە وەشاندنى گورزێکى لەو شێوەیە و ئیسرائیل پێویستى بە ڕەخساندنى زەمینەى شەڕێک هەبووبێت کە لە داهاتوودا ئەنجامەکانى دەرکەون، ڕەنگە بۆ هەندێک وڵات ئەوە تا ڕادەیەک چاوەڕوانکراوبێت وەک ئەوەى تا ئێستاش کەسانێکى زۆر لە ڕووداوى 11ى سێپتێمبەر بە گومانن و پێیان وابوو ئەمریکا کارى بە ئەنجامەکەى هەبوو، بەڵام بۆ گەل و دەسەڵاتێکى دامەزراوەى وەک دەوڵەتى ئیسرائیل ئێجگار قورسە، هیچ سەرکردە و سیاسییەک بتوانێت مساوەمەى لەو جۆرە بە گەلى ئیسرائیلەوە بکات، مەگەر لە پێناو ئامانجێکدا بێت کە بەلاى ئیسرائیلەوە زۆر چارەنووسسازبێت.
ئەوەى ڕوویدا ئەگەر داوى ئیسرائیل خۆى بووبێت بۆ حەماس و ئەوانەى خەریکى پڕچەککردنى حەماسن، یان بە حەقیقەت ئیسرائیل بەو ئەندازەیە بێئاگابووبێت لەوەى چى لە دەوروپشتى دەگوزەرێت، ئەنجامەکەى یەک شتە. ئەویش ئەوەیە کاردانەوەى ئیسرائیل تەنیا بەوەوە ناوەستێت پەلامارى بزووتنەوەى حەماس بدات لە کەرتى غەززە، ئەو گەردەلوولە دەبات لە شوێنێکى دیکە دەینیشێنێتەوە.
ئەگەر ئیسرائیل چاوپۆشیکردبێت لەوەى ئەو دەستپێشخەرییە بکرێت لەلایەن حەماسەوە بۆ دەستپێکردنى وەک ناوى ناوە گەردەلولى ئەقسا، ئەوە بەدڵنیاییەوە ئیسرائیل ئەمەى تەنیا بۆ ئەوە نییە وەک پەرچەکردار و وەڵامدانەوە پەلامارى حەماس بدات، چونکە بۆ پەلاماردانى حەماس پێویستى بە درووستکردنى سیناریۆ نییە. نە گەلى ئیسرائیل و تەنانەت هێزە نەیار و ئۆپۆزیسیۆنەکانى ئیسرائیلیش ناڕازى نەبوون و نین لەوەى ئیسرائیل چەند گوشارى زیاتر بخاتە سەر فەلەستینییەکان بەگشتى و حەماسیش بەتایبەت. کەواتە ئەگەر سیناریۆ بێت، بۆ ئێرانە، چونکە ئەمڕۆ جگە لە ئێران هیچ دەوڵەتێک پشتگیرى لە بزووتنەوە چەکدارییەکانى فەلەستین ناکات.
ئەگەر سیناریۆ نەبێت و بزووتنەوەى حەماس توانا و تاکتیک و سەرچاوەى هێزیان گەیشتبێتە ئەو ئاستەى بتوانن لە ڕۆژێکدا گورزى لەو جۆرە لە ئیسرائیل بدەن. بە دڵنیاییەوە ئیسرائیل لە سەرچاوەکانى پشتیووانیکردن و پڕچەککردنى حەماس دەدات کە ئەویش ئێرانە، چونکە ئیسرائیل و هەموو دنیا دەزانن سەرچاوەى ئەو مووشەک و چەک و کەرەستە جەنگییانەى حەماس دەتوانێت بەهۆیانەوە ڕووبەڕووى ئیسرائیل ببێتەوە، لە ئێرانەوەیە. تەنانەت ئەگەر لەنێو کەرتى غەززەش درووستبکرێن و بەرهەم بهێنرێت، پسپۆڕ و شارەزای ئێرانى بەرهەمى دەهێنێت. خەسڵەتى ئیسرائیلیش وەک ئێران وایە، هەمیشە دەیەوێت کێشە و قەیرانەکان لەنێوخۆى خۆى دووربخاتەوە. بۆیە ئەگەرێکى کراوە و چاوەڕوانکراوە کە کاردانەوە و وەڵامى ئیسرائیل تەنیا لە کەرتى غەززە و بە حەماسەوە ناوەستێت، تاران دەبێتە ئامانجى ئیسرائیل.
ئەمە جیا لەوەى ئەمریکا و ئیسرائیلیش لەسەر ئەوە هاوڕان کە نابێت ڕێگەبدرێت ئێران ببێتە خاوەن چەکى ئەتۆمى. ئاژانسى وزەى ئەتۆمى نێودەوڵەتى و زۆر ناوەندى گرنگى زانیارى و هەواڵگریش ئەوە دەسەلمێنن کە ئێران گەیشتووەتە نزیک قۆناخەکانى کۆتایى دەستڕاگەیشتنى بە چەکى ئەتۆمى. بۆیە لەم سۆنگەیەشەوە بە دوور نازانرێت ئەم ڕووداوانەى ئێستاى ئیسرائیل، دەستپێکێک بن بۆ لێدان لە وێستگە ئەتۆمییەکانى ئێران.
نووکتەیەکى باو هەیە دەڵێن کابرایەک دوو کچى هەبوو، یەکێک لە زاواکانى لە #گەرمیان# بوو ئەوى دیکەیان لە کوێستان. چوو بووە دیدەنى کچەکانى. زاواکەى کوێستانى داد و بێدادى بوو لەوەى ئەگەر باران ببارێت بەهۆى سەرما و سۆڵەوە زیانى زۆر بە بەروبووم و مەڕوماڵاتەکەى دەگات. زاوا گەرمیانییەکەیشى داد و بێدادى بوو لەوەى ئەگەر باران نەبارێت، مەڕوماڵات و بەروبوومى کشتوکاڵى تیادەچێت. کابرا گوتبووى، باران ببارێت یان نەبارێت، یەکێک لە زاواکانم فت. دەبێت چاوەڕوانى ئەوە بین لەم ڕووداوەى ئیسرائیلیش، تارانم فت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=