=KTML_Bold=کێ بنێرین بۆ بەغدا؟=KTML_End=
#عارف قوربانی#
ئەوەى لە کێشە و ناکۆکییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و #بەغدا# بۆ من ناڕوونە و هێشتا یەکلانەبوومەتەوە لەوەى ئایا هەرێمى کوردستان گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی هیچ لە بەغدا ناچنێتەوە و وەک پێویستییەک بۆ دۆزینەوەى ڕێگەچارەیەکى دى، یارى بەکات دەکات؟ یان هەر بە ڕاستى چاوى لەوەیە لە دەرئەنجامى گفتوگۆکانى ئەو شاندەى بەردەوام بەڕێى بەغداوەن، مافەکانى کورد بەدەستبهێنێت؟
ئەگەر ئەو باوەڕەى بۆ درووست بووبێت کە بەغدا جێى ئومێد نییە، بەڵام لانى کەم ئێستا چارەیەکى دیکە شک نابات و بە یاریکردن بەکات چاوەڕوانى پێشهات و قەدەرێکى باشترە، یا بەدواى دەروازەیەکدا دەگەڕێت لە تەوقى بەغدا ڕزگارى بێت و پێویستى بەکات هەیە، ئەگەر ئەوەبێت ئەم سیاسەتەى پەیڕەوى دەکات ئاساییە، بەڵام ئەگەر بەچاوى هیواوە لە بەغدا بڕوانێت و ئومێدى لەسەر ئەوە هەڵچنیبێت بە دانووستانى ئەو شاندانەى بەغدایان کردووەتە ڕێى کانى، شتێک لە مافەکانى کورد بەدەستدەهێنرێت، دەبێت پێش بەغدا لۆمەى خۆمان بکەین کە گفتوگۆکان هیچیان لێ شین نابێت.
دەگێڕنەوە لە سەردەمى دەسەڵاتدارێتیی مەلیک مەحمووددا، کابرایەک عاشقى کچى پیاوێکى بەدفەڕ دەبێت. زۆر کەس دەنێرێتە خوازبێنى و باوکى کچە ڕازى نابێت. پەنا دەباتە بەر شێخ مەحموود و سکاڵاى دەردى خۆى بۆ دەکات، شێخ مەحموود بەڵێنى پێ دەدات خۆى بچێتە لاى باوکى کچە و خوازبێنى بۆ بکات. دەچێت و بەهەمان شێوە دەست بە ڕووى شێخیشدا دەنرێت و کابرا کچەکەى ناداتێ. ئەم هەواڵە بەناوچەکەدا بڵاودەبێتەوە، کابرایەکى بەدفەڕ و شەڕانگێز کە هاوڕێى باوکى کچەکەیە هەواڵەکە دەبیستێت و دەچێت بۆ ماڵى کیژەکە و هەر لە دەرگەوە هاوار دەکات فڵانى کەروکەرباب بوویتە ئەو پیاوەی شێخ مەحموود بێتە ماڵەکەت و دواى ڕەتیبکەیتەوە، (ئا وەرە دەرەوە با واو وات لێبکەم). کابرایش لە دەرگەی ژوورەکەوە سەرى دەردێنێ و دەڵێت: جا با پیاوێکى وەک تۆیان بناردایا بزانە دەستم بەڕوویەوە دەنا.
هەرچەندە خۆم باوەڕم وایە بەغدا بەهیچ جۆرێک نایەوێت یارمەتیدەربێت لە تێپەڕاندنى ئەم کێشە و قەیرانانەى بەرۆکى هەرێمى کوردستانیان گرتووە، بەڵام کە باوەڕت وابوو بۆ تێپەڕاندنیان لە دەرگاى بەغدا بدەیت، دەبێت بزانیت کێ دەنێریت. دابەزاندنى ئاستى شاندى هەرێمی کوردستان بۆ ئاستیک کە بەغدا وەک سکرتێر و بەڕێوەبەرى نووسینگەی بەرپرسانى هەرێمی کوردستان دەیانبینێت، هاندەرى زیاترە بۆ ئەوەى دەست بە ڕوویانەوە بنرێت و بە دەستى بەتاڵەوە بێنەوە.
لە سەردەمى شێخ مەحموود و مەلا مستەفا بارزانییەوە تاوەکوو #مام جەلال# و کاک مەسعود، هەمیشە خۆیان وەک کەسى یەکەم و بڕیار بەدەستى سەرەکى، سەرکردایەتیی ورد و درشتى دانووستاندنیان کردووە. بۆ ئێستا چى شتێک لەوە پێویستترە کە هەوڵبدرێت مووچە بۆ مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دەستەبەر بکرێت. پێویستە کەسانى یەکەم لەناو دامەزراوە حوکمڕانییەکانى هەرێمی کوردستان دانووستاندن بکەن نەک سکرتێر و سەرۆکى نووسینگەکانیان.
پرسى نوێنەرایەتیی کورد چى بۆ دانووستاندن و چى ئەوانەش کە بە نوێنەرایەتیی کورد پۆستیان لە بەغدا وەرگرتووە و ئەوانەیش بە نوێنەرایەتیی کوردستان دەچنە پەڕڵەمان، بابەتێکە پێویستى بە لێکۆڵینەوە هەیە، کورد نەیتوانى لەم ئەزموونە سەرکەوتووبێت کەسانى شیاو دیاریبکات نوێنەرایەتیی گەلى کوردستان بکەن. بە دیاریکراوى لەم دەیەیەى ڕابردوودا ناڵێم هەموویان، بەڵام بەشى زۆرى ئەوانەى لەو پۆست و پێگە و نوێنەرایەتییانەبوون ئەوەیان سەلماند کە دەگوترێت کورد ئەوەى لە مەیدانى شەڕ بەدەستى دەهێنێت لەسەر مێزى گفتوگۆ لەدەستى دەدەن. لەوەش جێى سەرنجتر ئەوەیە کە هەندێک لەوانەى بە نوێنەرایەتیی خەڵکى کوردستان چوونەتە بەغدا و بە حیسابى خۆیان و خەڵکیش بۆ ئەوە چوون پارێزگارى لە مافە بەدەستهاتووەکانى گەلى کوردستان بکەن و هەوڵى بەدەستهێنانى ئەو مافانەش بدەن کە بەدەستنەهێندراون. کەچى خۆیان بوونە بەشێک لەو هەڕەشە و مەترسییانەى لەسەر مافەکانى کورد بوون.
باوەڕناکەم لە مێژووى هیچ میللەتێکى چەوساوە و خاک داگیرکراودا ئەوە ڕوویدابێت کە خەڵکانێک بە نوێنەرایەتیی میللەتێک بۆ داخوازى و مافە زەوتکراوەکانى نەتەوەکەیان ڕوو بکەنە دیوانى نەتەوەى سەردەستە، لەوێ بچنە پاڵ نەتەوەى سەردەستە دژ بە داخوازیی نەتەوەکەیان. ئەمەى لە باشوورى کوردستان ڕوودەدات لە مێژووى گەلاندا بێ پێشینەیە و ڕەنگە جگە لەنێو کورد بۆ هیچ گەلێکى دیکەش نەبێتە مۆدێل، بەڵام لەناو ئەم قەومى کوردى ئێراقە، حاڵەتی تێپەڕاندووە و بووەتە دیاردەیەکى سەردەمەکە. خەریکە لە ئاستى کەسیشەوە سەردەکێشێت بۆ مۆدێلى گرووپى کۆمەڵایەتى و حیزبى لەو جۆرە.
لەنێو ئەوانەشدا کە بە نوێنەرایەتیی کورد پۆستیان وەرگرتووە، هەیانە لەبرى ئەوەى هەموو توانا و شارەزاییەکى بۆ خزمەتى پرسى کورد تەرخان بکات، کەچى لە پێناو دەستکەوتى شەخسى و بەدەستهێنانى سەروەت و سامان بۆ خۆى و دەوروبەرەکەى، بوونە نموونەى کەسانى گەندەڵ لە ئێراق. تەنانەت لەنێو ئەوانەشى بە وەفد دەچوون بۆ بەغدا بۆ داواى مافەکانى کورد، هەبوون بەدواى بەدەستهێنانى پۆست و پلەى کەسوکاریانەوە بوون.
کورد دەبێت ئەم پەتایەى ناوخۆى چارەسەر بکات پێش ئەوەى لۆمەى بەرانبەرەکەى بکات کە مافەکانى لێ زەوتکردووە. تا ڕێگەچارەیەک بۆ ڕیشەکێشکردنى ئەو دیاردانە نەدۆزێتەوە، ساڵ لەدواى ساڵ ژمارەى ئەوانە زیاتر دەبن کە لەسەر پشکى کورد و بە نوێەرایەتیی کوردستان دەچنە بەغدا و لەوێوە سەنگەر لە کوردستان دەگرن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=