یەکێک لە دەقە شیعرییەکانی #کەژاڵ نوری# کە زۆر بوێرانە نوسراوە و وتراوە.
کاژی زمان
دەمم پڕە لە زەخیرەی خۆشەویستی و،
لە ژێر نازی شەرمنانەی ژنێتیدا،
لێوانم بۆ ناکرێتەوە بەتاڵی کەم
خۆزگەم بە کانی کە پڕ بوو،
لە ژێر بەردیشدا دەتەقێ
زمانم کاژی خۆشەویستی لەسەر نیشتووە و،
قورس قورسە
خۆزگەم بە مار،
خۆ هیچ نەبێ،
ئەو ئەزانێ کەی فڕێی دا
دڵم پڕە لە هەنگوینی خۆشەویستی و،
دەرچە و دیواری بە یەکتریدا،
نووساون
خۆزگەم بە هەنگ،
خۆ شانەیەکی هەیە بۆ هەڵڕشتنی
گیانم پڕە لە شۆکی خۆشەویستی و،
توندتوند گرتوومی
خۆزگەم بە دارتێلەکانی سەرشەقام
تەزوو بەسەریاندا دەڕوا و،
جارێکیش ڕای نەتەکاندن
ڕۆحم پڕە لە حەسرەتی خۆشەویستی و،
بیرم نایە لە کەیەوە تەکان ئەدات،
بۆ دەردانی تکەی ئاورینگ
خۆزگەم بە گوڵ،
بەیانیان تەڕتەڕە بە شەونم
خۆشەویستی لە بەری ژنێتیم دەڕوا و،
ئامباری تەمەنم لە عەشق و،
جاویدان لە ئامێزم و،
سەرم لە سەوداسەری پیاوێک،
بیگرم و بە خەندەوە پێی بڵێم،
ئا وەرە!! کوڕیژکە،
خۆشم دەوێی!!
ئەم پیاوە هەر پەیدا نەبوو
منیش ئەم وشەیەم هەر نەوت
خۆزگەم بە گوڵەبەڕۆژە،
خۆ هیچ نەبێ ئەو ڕۆژانە
خۆرێکی هەیە ڕووی تێکا
تا لە پیری نزیک بمەوە و،
سەرم زیاتر بڕوتێتەوە
لەگەڵ وەرینی هەموو تاڵێکی قژمدا
وشەیەکی خۆشەویستی،
لە دەمم دەکەوێتە بەرپێم
وەلێ نابێ بە هاوەڵی،
سەرەڕێی هەنگاوی پیاوێ
خۆزگەم بە دڕک
بێشەرمانە ئەڕوا بە هەموو پێ یەکا
خۆشەویستی وەکوو لیک لە دەمم دەڕژێ و،
تا هەنوکەش؛
نەرمەی گوێچکەی پیاوێکم پێ تەڕناکرێ
خۆزگەم بە مناڵ،
چەناگەی ئەڵێی تاڤگەیە،
بێ وەستان لە دەمی ئەڕواو،
هەمووان زمانی تێ دەخەن
ئاخ!!
چەند ئەستەمە!!
ئەم هەموو کەبتی سەرجێیە
ئەم هەموو لەبەر ڕۆشتنەی تافی جوانی و
ئەم هەموو بەستەڵەکە ساردە و
ئەم دژبەری گیانی نێوان نێر و مێیە
#کەژاڵ نوری# [1]