ناونیشانی بابەت لە گوندێکی گەرمیان کۆشکێک تەمەنی زیاتر لە 1400 ساڵە و خەریکە لەناو دەچێت
ئامادەکردنی: #فاتمە قاسم#
کوردستان خاوەن شارەستانیەتێکی گەورە و مێژوویەکی دیار و گرنگە. لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی کوردستان، کۆمەڵێک شوێنەواری گرنگ هەن کە بەشێکیان جێگایەکی دیاریان هەیە و ناوبانگییەکی زۆریان بەدەست هێناوە، لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆریشیان هەر نەدۆزراوەنەتەوە، یان هەتا ئێستا زانیارییەکی تەواو لەسەریان نییە، بۆیە وەک شوێنەوارەکانی دیکە یەکلایی نەبوونەتەوە و ناوبانگیان دەرنەکەوتووە. ناوچەی گەرمیانیش لە شوێنەوار بێبەش نەبووە و بە ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە شوێنەوارە مێژووییەکان ناسراوە و یەک لە شوێنەوارەکانیشی (کۆشکی حەوش کوروو)ە.
لە ناحیەی #قۆرەتوو# سەر بە شاری #خانەقین#، لە گوندی حەوش کوروو، کۆشکێکی کۆن بە ناوی (#کۆشکی حەوش کوروو#) هەیە، ئەم کۆشکە شوێنەوارێکی دێرینە و بە دیمەنە کۆنە بەردینەکەی سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت. بەڵام ئێستا کە بەشێکی ڕووخاوە و تەنیا بۆ جارێکیش نۆژەن نەکراوەتەوە. سەبارەت بەم بابەتە، #ساڵح مەحەمەد سەمین#، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری گەرمیان، لە چاوپێکەوتنێکدا تایبەت بە (باسکورد) گوتی: کوردستان بە لانکەی شارستانییەت و کۆشکی میر و پاشا دەسەڵاتدارەکان دادەنرێت، کاتێک دەچیتە گوندی حەوش کوروو لە ناحیەی قۆرەتوو، شوێنەواری کۆشکێکی گەورە دەبینیت بە ناوی (حەوش کوروو)، کە وەک ئەوەی باس دەکرێت، بە مانای (حەوت کوڕ، یان حەوشی ئەسپە بچووکەکان) دێت و هەر لەورەوە بە بینینی بیناکەی و ئەندازیارییەکەی هەست بە توانایەکی گەورە دەکرێت لە دروستکردنیدا.“
گوتیشی: ”بەپێی سەرچاوەکان، مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حوکمڕانیی خەسرەو پەروێز (پاشای #ساسانییەکان#) کە لە ساڵی 590ز هەتا 628ز، واتە بۆ ماوەی 38 ساڵ وەکوو پاشایەک حوکمی کردووە و هەر لەو ماوەیەدا بۆ چەندین مەبەست فەرمانی دروستکردنی ئەم کۆشکەی داوە. بە پێی بۆچوونەکان، خەسرەو پەروێز ئەم کۆشکەی بۆ حەوانەوەی خۆی و خێزانەکەی و بەخێوکردنی ئەسپەکانی دروست کردووە، هەروەها وەک بازاڕێک بۆ سەردەمی خۆی دروستی کردووە و سەرجەم ئەو تاقانەش کە ئێستا تەنیا شوێنەوارەکانیان ماوە، وەک دوکان بەکار هاتوون، ئەم کۆشکە بە نزیکەی حەوت کیلۆمەتر دەکەوێتە بەشی سەرەوەی قەسری شیرینەوە، هەروەها کۆشکێکی دیکەی هاوشێوەی ئەم کۆشکە لە قەسری شیرین دروست کراوە، بەڵام گەورەترە لە کۆشکی حەوش کوروو.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، بەڕێوبەرەکە ئاماژەی بەوە کرد: ئەم کۆشکە لەسەر زەوەییەکی فراوان دروست کراوە، بەڵام لەبەر نەبوونی پارە، نەمانتوانیوە هەمووی ڕووپێو بکەین، هەرچەندە دیواری ناوحەوشەکەی داڕماوە و تەنیا لە چەند بەشێکی جیاواز بەردی بناغەکەی دیارە، بەڵام ئەو بەشەی ماوە پێی دەگوترێت کۆشکی حەوش کورو، لەسەر ڕووبەری پێنج هەزار مەتری دوجا بەشێوازی لاکێشەیی دروست کراوە، پێکهاتەی دروستکردنی وەک بەشێکی زۆر لە شوێنەوارەکانی دیکە (بەردی سروشتی و قسڵ و تاوێرە) ئەم کۆشکە لە دوو نهۆم و زیاتر لە دەیان ژووری گەورە و بچووک و دیوەخان پێکهاتووە، بنمیچی هەردوو نهۆمەکە بە شێوازی کەوانەییە، بەڵام لەبەر کۆنیی بیناکە و داڕووخانی، دەرگا و پەنجەرەی لێ نەماوە، تەنانەت هیچ جۆرە کەرەستەی ئەو سەردەمەش لەسەر زەویی کۆشکەکە نییە.“
ئەو بەڕێوەبەرە جەختیشی کردەوە: ”کۆشکەکە لەدوای پاشا هەتا ساڵی 1975 لەلایەن خەڵکی گوندەکە بۆ کۆگاکردنی دانەوێڵە و بەخێوکردنی مەڕوماڵات بەکار هێنراوە، ئەگەر بەوردی سەیری بکرێت، بەهۆی دوکەڵی ئاگری ئەو کەسانەی زستانان ئەم شوێنەیان بەکار هێناوە، بەردی تاقەکان ڕەش هەڵگەڕاون، هەرچەندە ئەم کۆشکە ساڵانێکی زۆر بەکار هێنراوە و ئێستا تەمەنی نزیکەی هەزار و 434 ساڵ دەبێت، بەڵام تا ئێستا نۆژەن نەکراوەتەوە و مەترسیی داڕووخانی لەسەرە و دەبێتە هۆی لەدەستدانی مێژوو و شارستانییەت و بیناسازی وڵاتەکەمان.
تایبەت بە بابەتی پاراستنی کۆشکەکە، ساڵح محەمەد ئەوەیشی بۆ قسەکانی زیاد کرد: لە کاتێکدا ئەم کۆشکە ساڵانێکی زۆر لەلایەن پاشا و خەڵکی گوندەکە بەکار هێنراوە و ئێستا تەمەنی نزیکەی هەزار و 434 ساڵ دەبێت، بەڵام تەنانەت بۆ جارێکیش کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ نەکراوە، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2010 هەتا ئێستا بەردەوامین لە بەرزکردنەوەی دەرخستە بۆ سەرەوەی خۆمان و داوای دابینکردنی بودجە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەم شوێنەمان کردووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وەڵامێکمان وەرنەگرتووە، بۆیە خۆمان دەستبەکار بووین بۆ ئەوەی کە ئەوەی لە کۆشکەکە ماوەتەوە بەو شێوازە بپارێزین، هەتاکوو ئەو ڕۆژەی دەرخستەکەمان بۆ نۆژەنکردنەوەی قبووڵ دەکرێت.“
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری گەرمیان سەبارەت بە هەوڵەکانیشیان گوتی: ”کارەکانمان بریتی بوون لە:
- لە دەوروبەری کۆشکی حەوش کوروو بە دووریی 50 مەتر خانوو هەیە، کە بەشێکیان بەشێوازی زیادەڕیی لەسەر زەویی شوێنەوارەکە دروست کراون، بۆیە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، واتا لە ساڵەکانی 2015- 2016 بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری گەرمیان بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی قۆرەتوو دەستمان بە دابەشکردنی زەویی بەسەر بەشێک لەو خانوانە کرد کە بە شێوەی زیادەڕۆیی لەسەر زەویی شوێنەوارەکە دروست کرابوون، بەڵام ئێستا چەند خانوویەکی دیکە ماون کە چاوەڕێی ڕێکاری یاسایین لە بەرامبەریاندا بکرێ، بۆ ئەوەی پارچە زەوییان پێ ببەخشین، هەتاکوو لەو شوێنەدا نەمێنن، چونکە دروستکردنی خانوو یان هەر شتێکی دیکە لەسەر زەویی شوێنەوار، لە یاسای شوێنەوار و کەلەپووردا ڕێگەپێدراو نییە.
- دروستکردنی تەڵبەندێک بە چواردەوری بینای کۆشکەکە، دیسان بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی قۆرەتوو، بەمەبەستی بەکارنەهێنانی لەلایەن خەڵکی گوندەکە بۆ کۆگاکردنی دانەوێڵە، یان بۆ بەخێوکردنی مەڕ و ماڵات، تێچووی ئەم کارەش لەنێوان 5- 6 ملیۆن دینار بوو.
بەڵام کارەکانمان بەبێ نۆژەنکردنەوە نەیتوانیوە بەپێ پێویست کۆشکەکە بپارێزێت، بۆیە گەرمای هاوین و بارانی زستان و بوومەلەرزە، لەگەڵ تەمەنی زۆری کۆشکەکە، هۆکاری سەرەکیی خراپبوون و لەناوچوونی ئەم شوێنەوارەن و ئێستا نهۆمی یەکەم بە ڕێژەی 50% ڕووخاوە و نهۆمی دووەمیش بە ڕێژەی 70% ڕووخاوە، ئەم ڕووخاوییەش لەنێو خۆیدا بووەتە هۆی مەترسی لە هەبوونی زیندەوەری وەک مار و دووپشک، کە بەدڵنیاییەوە مەترسی لەسەر دەوروبەرەیدا دەبێت، ئێستا خەڵک بە ڕێژەیەکی کەم سەردانی ئەم شوێنە دەکەن، بەتایبەت خەڵکی بیانی، بەڵام ئەگەر نۆژەن بکرێتەوە، ئەوا بەدڵنیاییەوە ڕێژەی سەردانکردنی گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی ڕوو لە زیادبوون دەکات.
سەبارەت بە بڕی بودجەی پێویست بۆ نۆژەنکردنەوەی کۆشکەکە، ساڵح مەحەمەد سەمین، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری گەرمیان بۆ ئاژانسی (باسکورد) ئەوەی ئاشکرا کرد: بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەم کۆشکە پێویستمان بە بڕە بودجەی یەک ملیار و 500 ملیۆن دینار دەبێت، ئەگەر دەرخستەی نۆژەنکردنەوەکەی قبووڵ بکرێت و بودجەمان پێ بدرێت، ئەوا هەوڵ دەدەین بەزووترین کات، بە بەکارهێنانی هەمان کەرەستە دەست بە نۆژەنکردنەوەی ئەم کۆشکە بکەین و کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی بۆ دابین بکەین، تاکوو لە ڕووی گەشتیارییەوە سوودی لێ وەربگیرێت و ببێتە جێگای سەرنجی گەشتیارە ناوخۆیی و بیانییەکان.
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری گەرمیان گوتی: هیوادارم دەزگاکانی ڕاگەیاندن هاوکارمان بن، هەم بۆ ئاشناکردنی خەڵک لەگەڵ مێژووی ئەم کۆشکە و سەرجەم شوێنەوارەکانی دیکەی کوردستان، هەمیش بەمەبەستی گەیاندنی دەنگمان، هەروەها داواکارم لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرخستەکەمان قبووڵ بکەن و بودجەمان بۆ خەرج بکەن، بۆ ئەوەی ئەم کۆشکە نۆژەن بکەینەوە و لە لەناوچوون بیپارێزین، چونکە هەر کارێک بۆ ئەم شوێنە گرنگە بکرێت، پاراستنی بەشێکە لە مێژووی وڵاتەکەمان. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=