دایک دای ڕەنج، بۆ مناڵ دای؛
بۆ بزەی ناو بێشکەی ئارام،
بۆ شیرینیی گڕوگاڵ دای...
باوک هەچ ئارەقێکی ڕشت
بۆ ئەوەی ڕشت - من دڵنیام -
نەمری کات: بڕبڕەی پشت...
ئای ئەو ماڵە چەن ئاوایە:
کە دایک و باوک لای بێشکەدا،
گوێیان لە مشەی ساوایە!
ئای ئەو ماڵە چەن بێ باکە:
کە لە بارووت و لە بۆمبا
ژێر بێشکەی مناڵیان پاکە!
ئای چەن خۆشە: ماڵێک بێ وا
ڕووی دنیا، ئەم پەڕ تا ئەوپەڕ،
دڵنیا بین بێشکەی ساوا
نابێ بە خۆڵەمێشی شەڕ!
سەرچاوە: #دیوانی گۆران#
هۆزانەوان: #گۆران# [1]