لە ڕۆژهەلاتی #کوردستان# لە نزیکی شاری #کرماشان# ناو بەردێکی قەبارە گەورەی شێوە هەرەمی، لە بەرزیی پێنج مەتردا، ژوورێک لە شێوەی گۆڕی ستوونی، یان گۆڕدخمە هەڵکەندراوە. ئەم گۆڕدخمەیە ناوی سان رۆستەمە.
ئەم شوێنەوارە مێژوویی و ئایینییە، کە لەناو بەردێکدا هەڵکەندراوە و بە کردەوە بێبەشە لە هیچ نەخشاندن و تەلارسازییەک، بەڵام بەداخەوە بازرگانانی شوێنەوارە مێژووییەکان ئەو بیرۆکە درۆینەیان هەیە، کە لەوانەیە لەناو ئەم بەردەدا کەلوپەلی مێژوویی، یان گەنجینە هەبن، هەر بۆیە چاڵیان لەسەر هەڵکەندووە و زیانیان پێی گەیاندووە.
بنمیچی ئەم ژوورە بە شێوەی کەوانە دیزایین کراوە و بەپێچەوانەی گۆڕی سەردەمی #میدییەکان#ەوە، ئەم بەردە دەکەوێتە ناو دۆڵێک. لەم ساڵانەی دواییدا زیانێکی زۆر بەر ئەم شوێنە مێژووییە کەوتووە و ئەم شوێنەوارە دووچاری دەستدرێژییەکی زۆر بووە، چ لەناوەوە و چ لەدەرەوە، بەتایبەت بە بۆیاخ و یادگاری و پەیامی ڕێکلامیشەوە، هەر بۆیە گۆڕدخمە سان ڕۆستەم بە هاوکاریی نۆژەنکارانی پیشەگەر نۆژەن دەکرێتەوە.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!