ناونیشانی بابەت: هێرشی ڕووسەکان بۆ سەر کوردستان و داگیرکردنی ڕواندز
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە، بەشێک لە وڵاتە زلهێزەکان بەردەوام چاویان لەوە بووە، کە هێرش بکەنە سەر ناوچەکانی #کوردستان#، یەکێک لە هێرشەکانیش لەسەرەتاکانی سەدەی ڕابردوودا، واتە لە ساڵی 1916، نەخش و پلان و هێرشی سوپای ڕووس بووە بۆ سەر باشووری کوردستان.
هەروەک ئیسماعیل گوندەژۆری، لە لاپەڕەکانی (23-24-25)ی پەرتووکی (لە ئیمارەتی سۆرانەوە بۆ ئیدارەی سۆران)، نووسیویەتی: «لەسەرەتاکانی سەدەی ڕابردوو دا، واتە لە ساڵی 1916، نەخش و پلانی سوپای ڕووس بووە بۆ باشووری کوردستان، بۆ دەست بەسەرداگرتنی ناوچەکانی #ڕواندز#، #خانەقین#، #پێنجوێن# و #ئامێدی#، بە ئامانجی نزیکبوونەوەیان لە شارە گەورەکانی #هەولێر#، #سلێمانی#، #کەرکووک# و #مووسڵ#، بەڵکوو ئامانجی خۆیان بە گرتنی بەغدا بپێکن، بەڵام کۆمەڵێک کۆسپ و تەگەرە ببوونە ئاستەنگ لەهەمبەر پیلانەکانی ڕووسەکان، یەکێک لەوانەش، چاوتێبڕینی پێشتری خودی ئینگلیزەکان بوو لە وڵاتی (میزۆپۆتامیا)، بەڵام ڕکابەری و ململانێی سەربازیی رووسەکان لەسەر ناوچەکە، تا بەرپابوونی شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917 بەردەوام بوو.
نووسیویشیەتی: «لە ساڵی 2016 ڕووسەکان زیاتر لە حەوت قۆڵەوە دەستیان بە هێرش کرد لە رێگەی باشووری کوردستان، هاوکات دوای ئەوەی تورکەکان لە پاییزی 1915 (جەعفەلی ڕواندزیان) هەڵوەشاندەوە، گشت یەکە سەربازییەکانیان خستە سەر ویلایەتی مووسڵ، هێزی ڕواندز بووە چەند قۆڵێکی بچووک و بەرتوبڵاویی بەخۆیەوە بینی، بەمەش لە سنوورەکانی ئێران لەبەردەم زۆریی هێزی ڕووس خۆیان نەگرت، ناچار بوون بۆ هێڵی سەر سنووری (بۆکان- ڕایات) دەست بە پاشەکشێ بکەن.
هەروەها دەڵێ: «تورکەکانیش لەو ماوەیەدا بایەخی ئەوتۆیان بە ناوچە سنوورییانە نەدەدا، بەڵکوو بایەخیان زیاتر بە بەرەی باشووری عێراق دابوو، کە ئەوکات هێزەکانیان تەنگیان بە هێزێکی گەورەی ئینگلیز لە کوت هەڵچینی بوو، شکستخواردنی ئینگلیزیش لە عێراق، بەهۆی خۆبەدەستەوەدانی ژەنەڕاڵ (تاوەزەند) بوو.
ئیسماعیل گوندەژۆری نووسیویەتی: دواجار لە مانگی ئایاری 1916، هێڕشێکی نوێ لەلایەن سوپای ڕووسیاوە بۆ دەوروبەری ڕواندز دەستی پێکرد، بە ئامانجی کەمکردنەوەی گوشارەکان لەسەر هێزەکانی بەریتانیا، ڕۆژی 13ی مایس ئەو هێزانە توانییان لە هێڵی حاجی ئۆمەران بەئاسانی بگەنە ڕواندز و دەستی بەسەردا بگرن و سوپای تورکەکان لەسەر رێگای خۆیان تێکبشکێنن لەگەڵ هێزە کوردییەکان، لەوێشەوە تا خانەقین و پێنجوێن ڕۆیشتن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=