بڕیارە شاری #سلێمانی# پاڵەوانێتی تێنسی سەرمێزی ڕۆژاوای ئاسیا میوانداری بکات، کە سەردەکەوێت بۆ ئۆڵۆمپیادی پاریس.
یەکێتی ناوەندی تێنسی سەر مێزی ئێراق سەرجەم ئامادەکارییە تایبەتەکانی بۆ ئەنجامدانی پاڵەوانێتی تێنسی سەر مێزی وڵاتانی ڕۆژاوای ئاسیا بۆ پاڵاوتنەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریس تەواوکرد، کە هۆڵەکانی زانکۆی سلێمانی میوانداری دەکات و دە تیمی کوڕان و کچان بە نوێنەرایەتی وڵاتانی ڕۆژاوای ئاسیا تێیدا بەشدار دەبن.
سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ئەو پاڵەوانێتییە، #هەردە ڕەوف بارام# سەرۆکی یەکێتی ناوەندی تێنسی سەر مێزی ئێراق ڕایگەیاند، پاڵەوانێتییەکە بە پاڵپشتی لیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتمانی و وەزارەتی لاوان و وەرزش و زانکۆی سلێمانی دەبێت، هەروەک سەرۆکی یەکێتی تێنسی سەر مێزی ئێراق ئاماژەی پێکرد کە لە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو ڕکابەرییەکان دەست پێدەکات لە دوو قۆناغدا بۆ کوڕان و لاوانی ئافرەتان دەبێت کە براوەکان و لە مانگی ئابی ئەمساڵدا سەردەکەون بۆ پاڵەوانێتی ئاسیا لە وڵاتی چین.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پاڵەوانێتی ڕۆژاوای ئاسیا بۆ پاڵاوتنە پێشکەوتووەکان بۆ ئۆڵۆمپیادی داهاتووی پاریس هەینی داهاتوو دەست پێ دەکات، بە بەشداریی دە وڵات کە بریتین لە: (ئێراق، لوبنان، سووریا، فەلەستین، ئوردن، سعودیە، یەمەن، قەتەر، سوڵتانییەتی عومان، بەحرەین).
سەبارەت بە بانگێشت کردنی میوانان بۆ ئەو پاڵەوانێتییە بەهێزە هەردە ڕەئوف وتی هەریەک لە جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی و سەرۆکی فیدراسیۆنی عەرەبی و ئاسیا، بەڕێز (خەلیل موحەننادی)ئامادە دەبن وە هەروەها سەرجەم سەرۆکی فیدراسیۆنە لاوەکییەکانی ڕۆژاوای ئاسیا و سەرۆکی فیدراسیۆن، (تاریق الزوبی) لەم پاڵەوانێتییە بەهێزە میوان دەبن.
دواجار بارامی سەرۆکی یەکێتی ناوەندی تێنسی سەرمێزی ئێراق وتی سوپاسی سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی بەڕێز دکتۆر (عەقیل موفتین) دەکەین کە پەیوەندی بەردەوامی هەیە و لە نزیکەوە چاودێری ئامادەکارییەکانی کردووە بۆ بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکی سەرکەوتوو کە وێنای نەبێت و پیشانی جیهانی بدەین کە ئێراق و کوردستان و شاری سلێمانی دەتوانێت میوانداری لە ڕکابەری و پاڵەوانێتییە جیهانییەکان بکات.[1]