=KTML_Bold=تەڵەى سەرژمێری بە پێى کورد دا دەتەقێت=KTML_End=
#عارف قوربانی#
بەشێک لە وڵاتانى جیهان گەیشتوونەتە ئاستێک پێویستیان بە پڕۆسەى سەرژمێریى گشتى دانیشتووان نەماوە، چونکە بەهۆى پێشکەوتنى تەکنەلۆژیاوە ڕۆژانە ئەم پڕۆسەیە بەشێوەى ئەلیکترۆنى ئەنجام دەدرێت. دەزاندرێت چەند کەس لەدایک دەبن و چەند کەس دەمرن. نەک هەر لاى دەوڵەت تەنانەت بۆ هەر کەسێک بیەوێت دەستى بەو زانیارییانە بگات، بە ئاسانى دەتوانێت هەر لە ڕێگەى مۆبایلەکەى دەستییەوە بزانێت ژمارەى دانیشتووانى وڵاتەکەى چەند کەسە و هەریەک لە شارەکانى چەند کەسى تێدا دەژین، هەروەها دەزانێت چەندیان منداڵ و گەنج و چەندیان پیرن، چەندیان ڕەگەزى نێر و چەندیان مێینەن.
بەڵام لە ئێراق وانییە، ڕەنگە تاکە دەوڵەت بێت تا ئێستا ژمارەى ڕاستەقینەى دانیشتووانى نازاندرێت. ژمارەى ڕاستەقینەى ئەندامانى هێزە چەکدارەکانى و ژمارەى فەرمانبەران و مووچەخۆرانى ناڕاستن، تەنانەت ژمارەى ئەوانەى بەشەخۆراکى مانگانە وەردەگرن هەر ناڕاستە و ژمارەى دەنگدەر و کارکەر و بێکار، ژمارەى گەورە و منداڵ، نازاندرێت چەند لە هاووڵاتییەکانى لە ناوخۆى وڵات دەژین و چەندیان لە دەرەوەن. تەنانەت هەموو ئەو ژمارانەى لە وەزارەتى پلاندانانیش بڵاودەکرێنەوە جێگەى تێبینى و گومانى زۆرن، چونکە جیا لەوەى لە بنەڕەتدا کێشەیەک هەیە لەنێوان پێکهاتە نەتەوەیى و مەزهەبیەکانى ئێراقدا پەیوەندى بە ژمارەى دانیشتووانەوە هەیە، هۆکارى دیکەش هەن کە ناوى مردوو ناسڕدرێتەوە و ناوى وەهمى لە تۆمارى دەنگدان و لەنێو لیستى مووچەخۆرانى فەرمانبەرانى دەوڵەت و لە لیستى هێزە چەکدارەکاندا هەیە. بۆیە بۆ ئێراق پڕۆسەی سەرژمێریى گشتى دانیشتووان بووەتە یەکێک لە پێویستییە سەرەکی و لەپێشینەکان.
تا ژمارەى ڕاستەقینەى هاووڵاتییان، چین و توێژەکانى کۆمەڵگە، دابەشبوونیان بەسەر ڕەگەز و تەمەن و جوگرافیا، ژمارەى منداڵ و گەنج و بەتەمەن، کارکەر و بێکار، شارنشین و لادێنشین، خوێندەوار و نەخوێندەوار، لەشساخ و نەخۆش، هەژار و دەوڵەمەند، فەرمانبەر و ئەندامانى سوپا، ئەوانەى لە ناوخۆى وڵات دەژین و ئەوانەى لە دەرەوەى وڵاتن، تا ئەمانە و دەیان پێویستیى دیکەى زانیارى هەن لەبارەى کۆمەڵگەوە بە درووستى نەزاندرێت، ناتواندرێت پلانێکى گونجاو بۆ خزمەتگوزاریی گشتى و بەڕێوەبردنى وڵات دابنرێت. ئێراق هیچ کام لەوانەى بە ڕاستى و درووستى لە بەردەست نییە. هەر پڕۆسەیەکى وردبینى لە هەر جومگەیەکى دەوڵەتى و نادەوڵەتى نێو کۆمەڵگەى ئێراقى دەکرێت، بە قەبارەى زۆر ژمارەى ناڕاست ئاشکرا دەبێت.
گرفتەکەش تازە نییە، هەر لە سەرەتاى درووستبوونى دەوڵەتى ئێراقەوە بەهۆى بوونى ململانێ و ناکۆکى نێوان پێکهاتەکانى، هەندێکجار لە ناوەندى دەسەڵاتەوە کار بۆ شێواندنى ژمارەى ڕاستەقینەى دانیشتووان کراوە. بە درێژایى 100 ساڵى ڕابردووى تەمەنى ئێراق هیچ ئامار و سەرژمێرییەکى نییە بە درووستى و دوور لە ئەجێنداى سیاسى و نەتەوەیى و مەزهەبى ئەنجام درابێت.
ئێراق تاکە دەوڵەتە خۆى دەستکارى تۆمارى گشتیى دانیشتووانى کردبێت، تاکە دەوڵەتە لە سەرژمێریی گشتیی دانیشتوواندا بە مەبەست و بۆ ئامانجى ڕەگەزپەرستى، ڕێگەى نەدابێت چەند ناوچەیەک سەرژمێرى تێدا ئەنجام بدرێت وەک ئەوەى لە سەرژمێریی ساڵى 1987 دا کردى و ڕێگەى نەدا بەشێکى زۆرى گوندەکانی کوردستان پڕۆسەى سەرژمێرى بیانگرێتەوە و وەک ناوچەى قەدەخەکراو ناسێندران، دواتر دانیشتووانەکانى کۆمەڵکوژ کران. هەر ئەو کات لە بەغدا و بەشێک لە شارەکانى نێوەڕاست و خوارووى ئێراق ڕێگەى نەدا ناوى کوردە فەیلییەکان لە پڕۆسەى سەرژمێریی گشتى وەک هاووڵاتى ئێراقى تۆمار بکرێن. بە پێچەوانەى ئەمەشەوە، لە هەندێک ناوچەى وەک #کەرکووک# و #خانەقین# و لە دەشتى نەینەوا بە مەبەستى بەرزکردنەوەى ژمارە و ڕێژەى عەرەب ئەو کرێکارە میسرییانەى لە سەرژمێریی گشتى وەک هاووڵاتیی ئێراقى تۆمارکردووە کە بۆ کارکردن هاتبوونە ئێراق. هەروەها لە سەرژمێریی ساڵى 1997 دا دانیشتووانى ناوچەکانى ژێر دەسەڵات و ئیدارەى هەرێمى کوردستان لە سەرژمێریی گشتى تۆمار نەکراون.
لە مێژووی ئێراقدا ڕووداوێک تۆمارکراوە کە دەتوانرێت وەک پێوەر بۆ هەموو ئاست و قۆناخەکانى ژیانى سیاسى و کۆمەڵایەتیی ئێراق وەک نموونەیەکى بەرجەستە وەربگیرێت، ئەویش ئەوەیە دەڵێن لە سەروبەندى جەنگى دووەمى جیهانى، کاڵا و پێویستیی خۆراکى زۆر کەم بووە، دەوڵەت بڕیاریداوە لە ڕێگەى پسوڵەیەکەوە هەندێک پێویستیی خۆراکى بداتە هاووڵاتییان، لە کاتێکدا ئەو کات ژمارەى دانیشتووانى ئێراق کەمتر بووە لە چوار ملیۆن کەس، بەڵام ئەوانەى ناویان تۆمارکراوە بۆ وەرگرتنى ئەو پسوڵە خۆراکییە گەیشتووەتە سەرووى 20 ملیۆن هاووڵاتیی ئێراقى. لە هەموو ئاستەکاندا ئەم دیاردەیە تا ئێستاش بەردەوامە.
هەر ئەو هۆکارانەشە ڕێگربووە لەوەى لە سێ دەیەى ڕابردوودا پڕۆسەى سەرژمێریى گشتى دانیشتووان لە ئێراق ئەنجام بدرێت، لە کاتێکدا پێشتر وەک نەریتێک هەر 10 ساڵ جارێک ئەگەر بە ڕووکەشیش بووبێت پڕۆسەکە بەڕێوەچووە. بەڵام لە دواى ڕووخاندنى سەدام و درووستکردنەوەى ئێراقى نوێ، کە پێویست بوو لە پڕۆسەیەکى دوور لە ئامانجى سیاسى و تائیفى و نەتەوایەتى سەرژمێرى گشتى دانیشتووان ئەنجام بدرایە و بکرایەتە بنەمایەکى ڕاست و درووست بۆ ئێراقى نوێ. بەڵام نەک ئەوە نەکرا، بەدرێژایى ئەم 20 ساڵەش هاوشێوەى دەسەڵاتى شۆڤێنیانەى سوونەى عەرەب کە لە دەسەڵاتى #بەعس#دا بەرجەستە بووبوو، دەسەڵاتى شیعەیش لە چوارچێوەى پڕۆسەى تەشەیوعدا بەهەمان ئەو ڕێگایانەدا ڕۆیشت تا سەرژمێرى بۆ بەرژەوەندى شیعە بەکاربەرێت. ساڵى 2007 کە دەبوو پڕۆسەى سەرژمێرى بەڕێوە ببرێت، دەسەڵاتى زاڵى شیعە ڕێگەیان نەدا و بڕیاربوو لە ساڵى 2010 ئەنجامى بدەن، ئەوەشیان نەکرد و بۆ ساڵى 2017 دوایانخست، لە ساڵى 2017 بە هەندێک پاساوى دیکە خۆیان لە ئەنجامدانى دزییەوە، بەدەستى دەستی پێ کردن هێنایان بۆ ئێستا و بڕیارە لە مانگى 11ی ئەمساڵ پڕۆسەکە بەڕێوە ببرێت.
بەپێى ئەو ڕێکارانەى لەلایەن حکومەتەوە گیراونەتەبەر پێدەچێت ئەم جارە دوانەخرێت و لەو وادەیەى بۆى دیاریکراوە پڕۆسەى سەرژمێرى گشتى دانیشتووان لە سەرتاسەرى ئێراق ئەنجام بدرێت. هەرچەندە بڕیار وایە هیچ ئاماژەیەک بە مەزهەب و نەتەوە نەدرێت لە تۆمارى کەسى سەرژمێرى گشتیدا، بەڵام ئامانجەکە بەدەر نییە لەو ململانێ نەتەوەیى و مەزهەبییەى ئێراقى گیرۆدە کردووە. خۆدزینەوەکانى دوو دەیەى ڕابردووش هەر لەو چوارچێوەیەدا بوو.
ئێستا لە هەموو ڕوویەکەوە هەلومەرج بۆ شیعەى دەسەڵاتدار لەبارە، بۆیە سەرژمێرى ئەنجام دەدات. لە بەرانبەر کورد ڕێژەیەکى زۆرى عەرەب هێنراونەتە ناوچەکانى کوردستان، چى ئەو بەشەى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم کە ڕاستەوخۆ بەعدا بەڕێوەى دەبات و چى ناو هەرێمى کوردستانیش. هەروەها شیعەیەکى زۆرى بردووەتە ناو قووڵایى ناوچە سوونییەکانەوە، لە بەغدا و دیالەوە بۆ سەڵاحەدین و نەینەوا و تا ئەنبار. بڕیار وایە هەموو ئەوانەى لە ئێستادا لەم ناوچانە دەژین وەک شوێنى نیشتەجێبوون لە سەرژمێرى گشتى تۆمار بکرێن. گرنگ نییە ئاماژە بەوە نادرێت ئەمانە سەربە چ مەزهەبێکن. یاخود ئەو عەرەبانەى هێنراونەتە کەرکووک و تەواوى ناوچە کوردستانییەکان، هیچ ئاماژەیەک بەوە ناکرێت چ نەتەوەیەکن، ئەمە تاکتیکێک بوو گرتیانە بەر تا سوونە و کورد ڕازى بکرێن بۆ ئەنجامدانى سەرژمێری. گرفتەکە بۆ کورد و بۆ سوونە ساڵانى دواتر دەردەکەوێت.
بەدەر لەو ڕێکارانەى دیکە بۆ هێنانى عەرەب و نیشتەجێکردنیان گرتبوویانەبەر، چەند مانگێکە ڕێژەیەکى زۆرى عەرەب دێنە کەرکووک و لە گەڕەک و ناوچە کوردنشینەکان دەبن بە کرێچى، نموونە زۆرن کە پێشەکى شەش مانگ کرێیان داوە و هەر بۆ شەش مانگ خانووەکانیان بەکرێ گرتووە. ئامانجەکە ئەوەیە ئەم هاووڵاتییە عەرەبە لە سەرژمێرى گشتى دانیشتوواندا وەک هاووڵاتییەک لە کەرکووک تۆمار بکرێت، با هەر نەنووسرێت عەرەبە، بەڵام دواتر وەک عەرەبێک دەبێت بە هاووڵاتى کەرکووک و ئەم سەرژمێرییە دەکرێن بە بناغە بۆ داهاتووى. ئەمە بۆ عەرەبەکانى دانیشتووى ناو پارێزگاکانى هەرێمیش هەر ڕاستە.
لە بەرانبەر ئەمەدا مەترسییەکى دیکەش هەیە کە کورد هەستى پێناکات تا وەک تەڵەیەک بە پێیدا نەتەقێت، ئەویش ئەوەیە ڕێژەیەکى زۆرى کوردى کەرکووک لە دەرەوەى کەرکووک دەژین لە #دهۆک# و #هەولێر# و سلێمانى، پێشتر بۆ کاتى دەنگدان لە پڕۆسەکانى هەڵبژاردن دەچوونەوە بۆ کەرکووک، بەڵام ئایا لە پڕۆسەى سەرژمێرى دانیشتووان لە کوێ ناویان تۆمار دەکرێت؟ ئایا ڕێگە دەدرێت لە هەر خانوویەکدا لە کەرکووک چەند ماڵ لەسەر ئەو خانووە تۆمار بکرێت؟ ئەم کوردانەى کەرکووک کە لە دەرەوەى کەرکووک دەژین و پێشتر دەچوونە ماڵە خزم و کەسوکار بۆ دەنگدان، ئایا تەگبیرى ئەوە کراوە لە سەرژمێرى شوێنى تۆمارکردنیان بۆ دابین بکرێت؟ ئەى کە لە سەرژمێرى ناویان لە کەرکووک تۆمار نەکرا، لە پڕۆسەکانى داهاتووى دەنگدان چى مافێکیان دەمێنێت بەشدارى پڕۆسەى هەڵبژاردن بکەن. کە بەمەش ڕێژەیەکى زۆرى دەنگدەرى کورد کەم دەبێتەوە.
جیا لەوانەش بەشێکى زۆر لە دانیشتووانى کفرى و #کەلار# و #چەمچەماڵ#، بەهۆى مادەى 140ی دەستوورەوە تۆمارى دەنگدان و کۆبۆنى خۆراکیان لە کەرکووکە. بەڵام هیچ بنە و شوێنێکیان نییە لە کەرکووک تا ئەگەر ڕێگەش بدرێت بچن لە کەرکووک لەسەر خانوویەک وەک شوێنى نیشتەجێ خۆیان تۆمار بکەن لەسەر کەرکووک. سبەینێ چى گرفتێکیان بۆ درووست دەبێت کە ناویان لە سەرژمێرى گشتیدا لە کەرکووک تۆمار نەکراوە؟
ڕاستە ئەو فۆرمەى ئێستا لە پڕۆسەى سەرژمێرى گشتى دانیشتووان ناوەکانى لەسەر تۆمار دەکرێت، ئاماژە بە نەتەوە و مەزهەب نادات. بەڵام خۆ ئەم سەرژمێرییە مەزهەب و نەتەوە لە کەس داناماڵێت و دواى پڕۆسەکە شیعە هەر شیعەیە و کورد هەر کوردە و عەرەب هەر عەرەب. بە سەتان هەزار و بگرە زیاتر عەرەبى تازە هێندراونەتە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم و لە داهاتوودا سەرژمێرى گشتى دانیشتووانى ساڵى 2024 دەکرێت بە بنەما و پێوەر بۆ ئەوەى بیسەلمێنێت خەڵکى کام ناوچەى ئێراقە. ئەو وەک هاووڵاتییەک دەبێت بە کەرکووکى با هەر لە سەرژمێرییەکەدا نەنووسرابێت عەرەبە یان کورد.
کورد سەرقاڵکراوە بە هەندێک پرس و بابەتى لابەلا و ناپێویستەوە ئاگاى لەم هاوکێشانە نەماوە، بەڵام لە سەرژمێریدا و دواى پڕۆسەکە دەردەکەوێت چى پڕۆژەیەکى مەترسیدارى تەشەیوع و بەعەرەبکردن بەسەر کورد دا سەپێنراوە. [1]