ناونیشانی پەرتووک: کورد و مارتین
ناوی نووسەر: مارتین ڤان بڕاونێسن
ناوی وەرگێڕ: #حەسەن قازی#
شوێنی چاپ: ، هەولێر 2017
دەزگای پەخش: ئەکادیمیای کوردی
ساڵی چاپ: 2017
ئەمن نزیکەی چل ساڵە لە کۆمەڵ و مێژووی کوردەکان دەکۆڵمەوە و بابەت دەنووسم ، و زیاتر لە بیست ساڵە نووسینەکانی من بەردەوام لە دیالۆگ دا بووە لەگەڵ حەسەن قازی. یەکەم وەرگێڕانەکانی حەسەن لە نووسینەکانی من لەو گۆوارە کوردیانەی دا وا لە ساڵانی 1990 کان لە سوید بڵاو دەبوونەوە چاپ کران و کارەکانی منی بە کوردەکانی ئێراق و ئێران لە تاراوگە چاکتر ناساند.
حەسەن هەر وەها ئەمنی لە کاردانەوەی خوێنەرەوان لە ئاست نووسینەکانم ئاگادار دەکردەوە و وەک پردێکی پەیوەندیی بوو لەنێوان من و خوێنەرەوەکانمدا و بە دەربڕینی بۆچوون و پرسیار لێ داهێنانم درێژەی دەدا بە بەردەوامی ئەو دیالۆگە. دواتر حەسەن چاوپێکەوتنی شی لەگەڵ کردم بۆ ئەو بەرنامە تێلێڤیزیۆنی یانەی بەڕێوەی دەبرد و لە سەری بەردەوامە، پرسیارەکانی لە من زۆرجار بووەنەتە هۆی ئەوەی ئەمن بەشێکردنەوەکانمدا بێمەوە. حەسەن خۆی ئاگاداری باشی هەیە لەسەر مێژووی کوردەکان و لە بەشکردنی زانست و بۆچوونەکانی دا کەسێکی سەخی یە.
بۆ من شانازییەکی گەورەیە ببینم کە کۆکراوەیەک لە وەرگێڕانە کوردییەکانی حەسەن لە کارەکانی من لە کوردستاندا بڵاو دەبێتەوە . وەکوو لێکۆلەرەوەیەکی بێگانە، ئەمن هەمیشە بە بەرعۆدەیی ئەخلاقیم زانیوە کارەکانم لە بەر دەست ئەو خەڵکەی دا بێ کە لە سەریان دەنووسم، بەو زمانانەی کە ئەوان لێیان تێ دەگەن. ئەمن لە قووڵایی دڵەوە پێزانی خۆم لە ئاست حەسەن قازی دەردەبڕم بۆ ئەوەی ئەو هەلەی ڕەخساندووە خوێنەرەوان لە کوردستانی ئێراق لەگەڵ هێندێک لە کارەکانی مندا ناسیاوی پەیدا بکەن.
وا بزانم لە ساڵی 1995 بوو ، لە کۆنفرانسێکدا لە ستۆکهۆڵم بۆ ڕێز لێنان لە ئەحمەدی خانی کە ئەمن بۆ یەکەم جار لە نزیکەوە حەسەنم دی، بەڵام پێشتر ئێمە لە مێژ بوو بە نامە پەیوەندیمان هەبوو، و ئەو دەبێت هێندێک لە وەرگێڕانەکانی کارەکانمی بۆ نارد بم، چونکە باشم وەبیر دێ لەو کۆنفرانسە دا بە بەشدارانم وت کە وەرگێڕانەکانی حەسەن جاروبار باشترن لە دەقی ماکی کارەکانی من.
وتارەکەی من لە ستۆکهۆڵم لە 1995، کە حەسەن هاوکات وەری دەگێڕا، و دواتر پێی داهاتمەوە و لەم کۆکرایەوەیە لە (بەندی 7) دا بڵاوکراوەتەوە، مشتومڕێکی زۆری ورووژاند. ئەمن دەوێدا دەڵێم هێندێک بەشی دیباچەی مەم و زین ی خانی زۆر مۆدێڕن وەبەر گوێیان دەکەوێ...[1]