ناو: سنەوبەر
ناوی باوک: عومەر ئەحمەد ساحێبقران
ڕۆژی لەدایکبوون: 1951
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
$ژیاننامە$
سنەوبەر عومەر ئەحمەد ساحێبقران، ساڵی (1951) لە سلێمانی گەڕەکی مەڵکەندی لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و شاعیر و فیداکاری خاک و نەتەوە لەدایک بووە، کە ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە دوانزە سوارەی مەریوان و میرنشینی بابان و حکومەتەکەی #شێخ مەحمودی حەفید#ی نەمر شیعری شاعیرەکانیان لوتکەی مەشخەڵی شۆڕشی کوردستان بووە.
قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانەی (مەڵکەندی و گوێژ و گوڵاڵە) ی کچان لە سلێمانی تەواوکردووە، ناوەندی لە ناوەندی (سلێمانی) کچان تەواوکردووە، بەهۆی فشار و کێشەی سیاسییەوە باوکی چەند جارێک گیراوە و چەند جارێکیش بەبارمتە لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی بەخزمەت و خاوەن بە هەڵوێستی شارەکە گیراون بۆیە لە پۆلی دووی ناوەندی لە دوای نیوەی ساڵەوە دەچنە بەغدا لەوێ لە دواناوەندی (بەغدا جدیدە) دەخوێنێت و دوای ئەو ساڵە دەگەڕێنەوە شاری سلێمانی، ناوەندی و دواناوەندی لە سلێمانی تەواوکردووە.
ساڵی (1971) لە ئەکادیمیای (فنون جەمیلە) هونەرە جوانەکان وەرگیراوە، بەڵام وازی لێ هیناوە بۆ بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی بەغدا، ساڵی (1974) زانکۆی تەواوکردووە.
لە (#07-11-1974#) وەک مامۆستا دەستبەکاربووە لە شارەدێی عەزیزیە لە شاری کوت، وانەی کوردی هەموو قۆناغەکانی وتووتەوە لەگەڵ کۆمەڵایەتی و ئایین، چونکە بەشە وانەکانی کوردی کەمبووە.
پاشان گواستراوەتەوە بۆ بەغدا بۆ دواناوەندی (زەهرا)ی کچان، بەشە وانەکانیشی لە (ثانویة ذات الصواری للبنات) وتووەتەوە، پاشان گواستراوەتەوە بۆ شاری سلێمانی بۆ دواناوەندی (ئێوارانی کچان) پاشان بۆ ناوەندی (شیرین) کچان و پاشان بۆ دواناوەندی (ئاشتی) کچان.
ساڵی (1998) بووەتە سەرپەرشتیاری پسپۆڕی زمان و ئەدەبی کوردی.
پاش (39) ساڵ خزمەتکردن لە بواری پەروەردە و تەواوکردنی ماوەی یاسایی ساڵی (2014)خانەنشین کراوە.
مامۆستایەکی زۆر بە توانا و دڵسۆز و خەمخۆری بواری پەروەردە بووە خوێندکارەکانی ئاستێکی زۆر بەرزیان هەبووە پەیوەندییەکی گونجاو و شیاوی لەگەڵ خوێندکارەکان و مامۆستایان هەبووە خاوەن ڕێزێکی تایبەت بووە.
ماوەی (18) ساڵ وانەی بە پۆلی سێی ناوەندی وتووەتەوە، ڕێژەی دەرچووانی لە هەموو ئەو قوتابخانانەی وانەی وتووەتەوە (100%) بووە، پێنووسی زێرینی پێ بەخشراوە. بەشداری چەندین خولی کردووە (زمان و ئەدەبی کوردی _خولی سەرپەرشتیاری _ خولی ڕێکخراوی ستێپی بەریتانی) لە هەموویان زۆر سەرکەوتوو بووە بە پلەی زۆر باشە هەروەها ئەندامی لیژنەی پێداچونەوە و ڕێکخستنی ڕێزمانی کوردی پۆلی شەشەم بووە، خاوەنی چەندین ڕێز و سوپاسە ساڵی (1974) ژیانی هاوسەرگیری پێک هێناوە خاوەنی کچێکە. [1]
ئامادەکردنی: نیهایەت مەحمود