ناونیشانی بابەت: دراوی حکومەت و میرنشینە کوردییەکان لە سەردەمانی ئیسلامدا
نووسینی: #سوداد ڕەسووڵ#
کتێبێکی ناوازە لەبارەی میرنشین و حکومەتە کوردییەکان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا. ئەم کتێبە دیوێکی زۆر گرنگی مێژووی میرنشینە کوردییەکان ڕووناک دەکاتەوە، و نیشان دەدات کە کورد هەر لە سەدەی دەیەمی میلادییەوە لە سەرانسەری #کوردستان#دا کۆمەڵێک میرنشینی دامەزراندووە کە ئەم میرنشینانە لە حوکمڕانی و ئیدارە و ئاوەدانکردنەوە و خۆبەڕێوەبردندا تەواو سەربەخۆ بوون، تەنانەت لە ڕووی ئابووری و داراییەوەش بە ڕادەیەک سەربەخۆ بوون هەر میرنشینییەک خاوەنی دراوی خۆی بووە، هەر میرنشینییەک لە چەند شارێک کارگەی لێدانی دراویان هەبووە بە ناوی میرەکانیان پارە و دراوی خۆیان لێ داوە. ئەم میرنشینییانە بەم هەموو دامودەزگای بەڕێوەبردن و سەربەخۆیی ئابووری و دارایی، وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ بەڕێوە چوون، بە ڕادەیەک لە ڕووی ئیدارییەوە سەربەخۆ بوون تەنیا پەیوەندییەکی ڕەمزییان لەگەڵ خەلافەتی عەباسی هەبووە، کە نوێنەری خەلافەتی موسڵمانان بووە لە بەغدا. تەنانەتە لەم سەردەمەش حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان لە ماوەی سێ دەیەی حوکمڕانی خۆیدا بە ڕادەی یەکێک لەم میرنشینانە سەربەخۆ نەبووە، کە ئەوان خاوەنی دراوی خۆیان بوون، بەڵام حکومەتی هەرێم نەک هەر خاوەنی دراوی خۆی نییە، بەڵکوو هیچ سەربەخۆییەکی ئابوورییشی نییە.
کاتێک ئەم کتێبە دەخوێنییەوە وەک کوردێک هەست بە شانازییەکی زۆر دەکەی و بۆت دەردەکەوێت کە کورد لە سەردەمە ئیسلامییەکاندا خاوەن مێژووێکی یەکجار دەوڵەمەند بووە؛ ئەم قۆناغەیە لە مێژوو کە کورد وەک نەتەوە سەر هەڵدەدات و خەسڵەتە نەتەوەییەکانی تێدا گەشە دەکات، وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆی خاوەن دامەزراوە و سیستەمی حوکمڕانی دێتە ناو مێژوو، و بە ناوی نەتەوەی کورد دەناسرێ.
ئێمە ئەگەر ئەم مێژووە بە دیدێکی زانستی بخوێنینەوە، ئەوەندە بۆ ئێمە بەسە کە مێژووێکی پرشنگدارمان لە هەزار ساڵی ڕابروودا هەبووە؛ ئەم مێژووە ئەوەندە دەوڵەمەندە، ئیدی هیچ پێویست ناکات بنەچەی کورد بگێڕینەوە بۆ سۆمەری و #هوری# و #میتانی# و #ماد# و #ساسانی#، من ناڵیم ئێمە ڕیشەمان لە مێژووی کۆندا نییە، بەڵام ئەگەر لە مێژووی کۆنیشدا هیچمان نەبێت، ئەم گەنجینەیە بۆ خۆی سەرمایەیەکی مێژووییی یەکجار گەورەیە کە هەموو کورد وەک نەتەوە شانازی پێوە بکات و خۆی بە خاوەن مێژوو بزانێ.
ئەم کتێبە لەلایەن بەڕێز محەمەد سەلیم بەدرخان بوختی بە عەرەبی و ئینگلیزی نووسراوە، ناوبراو کوردێکی خەڵکی ئوردنە و لە نەوەی #بەدرخانییەکان#ی جەزیرەی بۆتانە؛ زۆر شانازی بە کوردبوون و پێشینانی خۆی دەکات، لەم دوور وڵاتییە دەستبەرداری ناسنامە و بنەچەی بنەماڵەکەی نەبووە، بە ڕادەیەک شانازی بە مێژووی بەدرخانییەکان دەکات، هەوڵی داوە لەسەر مێژووی بەدرخانییەکان بنووسێ و دراوەکانیان پەیدا بکات کە لە جەزیرەی بۆتان لێیان داوە، دواتر نووسەر هەر بەوە وازی نەهێناوە بە تەنیا لەسەر مێژووی میرنشینی بۆتان بنووسێ، دراوی هەموو میرنشینە کوردییەکانی دیکەشی پەیدا کردووە و بە بڕە پارەیەکی زۆریش لە بازاڕەکانی مەزاد کڕیویەتی، و لە سەر داراوەکانیشیان لێکۆڵینەوەیەکی مێژووی کردووە. لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی لەسەر دراوی ئەم میرنشینانە، ئەم کتێبەیە بایەخدارەی لێ بەرهەم هاتووە و پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە.
ئەمەی خوارەوە لیستی میرنشینە کوردییەکانە کە مێژووی میرنشینییەکە و دراوەکانیانی لەم کتێبە نیشان دراون:
کوردی ئازەربایجان، دەیسم کوڕی ئیبراهیم کوردی
میرنشینی کوردی هەدبانی
میرنشینی کوردی ڕەودای
حکومەتی شەدادی
میرنشینی حەسنەویەی بەرزیکانی
میرنشینی کوردی عەنازی
دەوڵەتی مەروانی (دۆستەکی)
ئەتابەگیەی شوانکارە (فەزڵەوەییە)
ئەتابەگیەی لوڕی گەورە
میرنشینی ئەیوبی لە میافارقین، چیای شنگال، حەران و خیلات (ئەخلات)
میرنشینی حوسنکەیفای ئەیوبی
میرنشینی کوردی بوختی
میرنشینی #بەدلیس# (شەرەفخان)
میرنشینی هەکاری (مەلیکەکانی هەکاری)
میرنشینی خیزان
میرنشینی دونبولی لە #خۆی# و #تەورێز#
لە بەرهەمهێنانی ئەم کتێبە برای خۆشەویست د. زرار سەدیق تۆفیق هەوڵ و کۆششێکی زۆری داوە، پێداچوونەوەی بە هەموو کتێبەکەدا کردووە و مێژووەکەی ساغ کردووەتەوە و پێشەکیی بۆ نووسیوە، منیش بە خۆشحاڵییەوە لە عەرەبییەوە تەرجەمەی کوردیی ناوەندیم کردووە، و د. ئازاد ئەحمەد عەلییش بۆ کوردیی باکوور (کورمانجی) تەرجەمەی کردووە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=