ناونیشانی پەرتووک: پۆپۆلیزم دیدگای و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ناوی نووسەر: #ڕێکەوت ئیسماعیل#
شوێنی چاپ: سلێمانی
دەزگای پەخش: مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاری .بۆردی هۆشیاری
مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان
ساڵی چاپ: 2024
زاراوەی پۆپۆلیزم مێژوویەکی زۆر کۆنی نییە لە ئەدەبیاتی سیاسیی کورد، بەڵکوو تازەیە و سەرەتای بەکارهێنان و ئاماژە بۆ کردنی دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاکانی سەدەی پێشوو، کە لە ئەدەبیاتی چەپی سیاسیی ئەو سەردەمەدا کەم تا زۆر حزب و ڕێکخراوە سیاسییە چەپەکان ئاماژەیان بۆ کردووە (1).
لەناو ئەدەبیاتی نوێی سیاسیدا بەکارهێنان و برەو سەندی زاراوەکە دەگەڕێتەوە بۆ دوای درووست بوونی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەوسا هەندێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی بێلایەن و لایەندار ئەو بزووتنەوەیەیان وەک شەبەنگێکی پۆپۆلیست وەسف دەکرد.
بوونی کەسان و حزب و ڕێکخراوی پۆپۆلیست لە هەموو کۆمەڵگەکاندا ئاساییە، بۆیە بۆ ئێمەی کوردیش زۆر ئاساییە کە لە کوردستاندا بەردەوام یاخود ناوە ناوە حزب و شەبەنگی پۆپۆلیستی لەنێو گۆڕەپانی سیاسیدا پەیدا ببن.
ڕەنگە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشکی شێری بەرکەوتبێت لەو شاڵاوانەی کە حزب و ڕێکخراوە پۆپۆلیستەکان دەیکەنە سەری. ئەو حزب و ڕێکخراوانە کە ناو بە ناو سەرهەڵدەدەن و یەکەم لایەنیش یەکێتی دەکەنە ئامانج، هەندێکیان خێرا وەکوو باڵۆنی فوو تێکراو فش دەبنەوە و هەندێکیشیان ماوەیەکی درێژتر بڕیان کردووە و ماونەتەوە. لە هەموو حاڵەتەکاندا دەبێت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاگایانە لەگەڵ ئەم شەبەنگە لە سیاسەت مامەڵە بکات، وەک چۆن دەبێت کادیرەکانیشی بەرچاویان ڕوون بێت لە ناسینەوە و ڕەفتارکردن لەگەڵ ئەم جۆرە دیاردانەدا.
ئایا گرایشی پۆپۆلیستی لە کوردستاندا بەهێزە؟ ئایا دیماگۆگن یان نوێنەرایەتی ئیرادەی ڕاستەقینەی گەل دەکەن؟ کێن ئەوانەی پۆپۆلیستن و لە کام حزب و ڕێکخراودا خۆیان مەڵاس داوە؟ کامە بارودۆخی سیاسی دەبێتە هۆکاری هەڵهێنان و تروکاندنی گەرای ئەو مشەخۆرانە؟ ئایا هەموو ئەوانەی دەنگ بە پۆپۆلیستەکان دەدەن خۆشیان پۆپۆلیستن؟ ئەمانە و چەندان پرسیاری تر هەوڵ دەدەین لەم نامیلکەیەدا بە کورتی وەڵامیان بدەینەوە و وەک بەرچاو ڕوونی بیخەینە بەردەمی کادیرانی یەکێتی.
ئێمە هەوڵ نادەین لە دیدگایەکی حزبی و ئایدیۆلۆژییەوە شیکردنەوە و شرۆڤەکاری بۆ تێگە و زاراوەکان بکەین، چونکە هۆشیارکردنەوەی کادر ئەوەمان لێدەخوازێت کە بنەما زانستی و ژیربێژییەکان بکەینە بناغە بۆ ئەو کارە، لەوەش زیاتر لە هەر شوێنێکدا پێویست بکات ڕەخنە لە سیاسەت و بۆچوونەکانی خۆشمان بگرین، ئەوە بەبێ دوودڵی ئەو کارە دەکەین و بەرچاوی کادیرەکانی خۆمان لەسەر ئەو پرسە ڕوون دەکەینەوە، چونکە بناغەی سیاسی و حزبیی یەکێتی لە بنەڕەتا لەسەر ئەوە درووست بووە کە پێش هەموو شتێک هەڵسەنگاندن بۆ فکر و ئەندێشەی خۆمان بکەین و دواتر ڕەخنە لە بەرانبەرەکانمان بگرین.. لێرەدا دەمانەوێت سەرنجی کادیرەکانی خۆمان بۆ خاڵێکی گرنگ ڕابکێشین، ئەویش ئەوەیە کە لەم نامیلکە تایەیبەتکراوە بە پۆپۆلیزم خۆمان بە دوور گرتووە لەوەی کە ناوی حزبێک یان بزووتنەوەیەک یان سەرکردەیەکی پۆپۆلیست لە کوردستان بێنین. هەڵبەتە لە ناواخنی نووسینەکەدا خوێنەری هۆشیاری ئێمە زۆر خێرا دەتوانێت درک بەوە بکات کامە ڕێکخراو یان سەرکردە ئەو جۆرە ئامراز و تاکتیکە پۆپۆلیستانەی بەکار هێناوە، بۆیە ئێمە ئەو کارە لێگەڕاوین بۆ تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی خودی خوێنەر و هەوڵمانداوە چەندە بتوانین بابەتییانە لەناو چێوەی بابەتەکاندا بمێنینەوە..[1]