ناونیشان: $چەند لایەنێکی ئەرێنی و نەرێنی نووسەر و خوێنەر$
نووسین: #برایم محێدین عارف#
ناوەرۆک: وتار
ڕێکەوت: #09-09-2024#
$درێژەی بابەت$
لە دێڕە نووسینێکی نووسەرێکدا هاتووە (من نووسەرێکی پڕ ئازار و ئێوەش خوێنەرێکی بێ دەنگ). کاتێک لەسیمای مانای گشتی دێڕەکە ورد دەبیتەوە، پاڵنەرێکە و دەتخاتە نێو گڵێنجانەیەکی تێکەڵەی تێکهەڵکێشی هەردوو جیهانی نووسین و خوێندنەوە و دیاردە ئەرێنی و نەرێنی جیهانە تایبەتەکەی ئەم دوو دیاردەیە، کە هەمیشە هەڵبژاردەی تاکەکانی کۆمەڵ پێوەی سەرقاڵن و دەکەونە ژێر سێبەری چەتریانەوە، زۆر دەگمەن تێکڕای تاکەکانی کۆمەڵ، دەچنە سێبەری ئەم دوو دیاردە و کاتی خۆیانی بۆ تەرخان دەکەن، لەم ڕۆژگارە سەرقاڵییەی هەڵبەز و دابەزی بەڕێکردنی ژیاندا.
لە دەمێکەوە ئاماژە دراوە مەرج نییە هەموو خوێنەرێک نووسەر بێت، بەڵام مەرجە هەموو مرۆڤێک خوێنەر بێت، لێرەوە دەردەکەوێت پێویستی خوێندنەوە گشتییە و بۆ هەموو تاکێکە، لە کاتێکدا نووسین ، زۆرتر ئارەزوومەندانەیە، ئیلهام و داهێنانی تیایە، نووسەران خەڵکانێکی هەڵبژاردەن و مەرج نییە هەموو خوێنەرێک بنووسێت، یان بەدیوێکی تردا دەکرێت کۆی تاکەکانی کۆمەڵ خوێنەر بن و نووسەران چینێکی کەمی هەڵبژاردە و داهێنەر، مەحاڵە نووسەر خوێنەرێکی هەمیشەیی نەبیت، ببیتە نووسەرێکی داهێنەر. لە هەمان کاتدا ئەوەی کاتی تەرخانکراوی ڕۆژانەی بۆ خوێندنەوە نەبێت نابێتە نووسەرێکی کارامە، چونکە خوێندنەوە سەرچاوەیەکی سەرەکی کرانەوەی مێشک و فراونی ئاستی بیر و تێگەیشتن لە ژینگە و دەوروبەرە، هەرگیز خاڵی کۆتایی نییە، سەرچاوە و زەمینە ڕەخسێنەری داهێنانیشە. مرۆڤ لەهەر بوارێکی ژیاندا کاربکات و لە بوارەکەی خۆیدا پسپۆڕیش بێت، هەر پێویستی بە خوێندنەوەیە لە هەموو بوارەکاندا، ئەگەر لە بواری پسپۆڕیەکەیدا ئەزموونی باشی وەدەس هێنابێت، کرانەوە مێشک و خوێندنەوەی قوڵی هەبێت، لە پیشەکەی خۆدا زیاتر قاڵ دەبێت، فراوانتر نیگا دەکات بۆ دیاردەکان و ڕۆ دەچێتە نێو قوڵایی تێگەیشتن و بازنەی کارکردنەوە، ئەمەش دەبێتە مایەی چاپوکی و ژیری ورد، لە ئەنجامدانی کارەکان و ئەزموون پەیدا کردن و زۆر نواندنی کرداری جوان لە بوارەکەی خۆیدا. مرۆڤی بیرکراوە زیاتر بە قوڵی دیاردەکان دەبینێت، کەبە قوڵیش دیاردەکانت بینی، بە دڵنیاییەوە جوان و ناشیرینی دەخەیتە نێوان دوو کەوانەی جیاوازەوە، جوانییەکان هەڵدەبژێری تا مامەڵەیان لەگەڵ بکەیت و ناشیرینییەکان دەخەیتە لاوە تا بەرۆکت نەگرن. مامەڵە کردن لەگەڵ دیاردە جوانەکان بەختەوەرت دەکات، بەکارهێنانی ناشیرینییەکانیش سوێی ئازاری ناسۆری و پەشیمانی دێنێتە مەیدان. لەم وڵاتەدا هێندە ڕووداوو کارەساتی ناخ و بیر هەژێن زۆرن، هەرچەندە تەقەڵا بکەیت هەستکردن بە ئازارەکان زیاترن لە ئاسوودەیی و چێژ وەرگرتنی خۆشییەکان، چونکە وڵاتەکە ژینگەیەکی ناتەندرووست بۆ مرۆڤ دێنێتە ئاراوە، لەهەلومەرجی نالەباردا ڕۆژانە کێشە و بەرەی بەدەر لە توانای تاکەکان بەرۆکی مرۆڤەکان دەگرێت، کاریگەریی لەسەر توانای بیرکردنەوەی مرۆڤ هەیە، هیلاکی و شەکەتیش هێندە زۆرن، مرۆڤ هەمیشە لەگەڵ ئازارەکاندا دەژی، کەمتر پەی بە ئاسوودەیی ڕووحی و دەروونی دەبات. دیارە ئەمەش لە تاکێکەوە بۆ تاکێکی تر جیاوازە، بە پێی باوەش گرتنەوە بۆ کاریگەریی کێشەکان و ڕادەی ڕەنگدانەوەی کاریگەریان لەسەر مرۆڤەکان، کە بە پێی سرووشتی پێکهاتەی کەسەکان، ڕادەی کاریگەرییەکە دەگۆڕێت، مرۆڤ هەیە زۆرتر بوونیادی گەشبینی تێدا کۆبووەتەوە و کەمتر ڕەشبینە بە سرووشتی خۆڕسکانەی پێکهاتەی بوونی وەک تاک، بێگومان پێچەوانەکەشی ڕاستە. دیارە بەشێک لە کەسایەتییە ڕەشبینەکان کە پێکهاتەی سرووشتیان وا هەڵکەوتووە زیاتر بێ ئومێدی لە کەسایەتیاندا ڕەنگ دەداتەوە، هەمیشە لە بازنەی هەستکردن بە ئازاردا دەخولێنەوە و ئاییندەی ڕووناک نابینن. زۆربوونی دیاردە دزێوەکانی ئەم وڵاتە، نا ڕوونی ئاییندەش هێندەی تر قوڕەکە خەستدەکاتەوە و مەدای ڕەشبینی فراوان دەکات. لە وردبوونەوە لەم دێڕەوە دەگەیتە ئەو ڕاستییەی زۆربەی هەرە زۆری نووسەران لە مرۆڤە دانسقە و دیارەکانی کۆمەڵن، هەمیشە هەڵگری کۆڵی خەم و ناسۆرەکانی میللەتن، لەگەڵ کۆی ئازارەکانی گەلدا دەژین، هەر بۆیە هەمیشە دڵ پڕ ئازارن. ڕووداوەکان دەیان هەژێنێت و لە ڕێگەی نووسینەکانیانەوە ڕازە نهێنییەکانی خەمی میللەت هەڵدەڕێژن، تا زیاتر لە گەڵیاندا گینگڵ نەخۆن و بێ هیوایی سەردەر نەهێنێت بۆ دۆخی چەقین لە هەنگاونانی ڕێڕەوی ژیاندا. بەدیوێ تردا خەم و ئازار و ناسۆری دیاردە دزێوەکانی ئەم وڵاتە، مایەی هەڵڕشتنی سۆزی خۆشەویستی نەتەوە و نواندنی بەها جوانەکانی داهێنان و ئافڕاندنی نووسەرانە، تا لە پێناو میللەت و نەهامەتییەکانیاندا بژین. دیارە خوێنەرانیش کە بەرهەمەکان دەخوێننەوە و تێکەڵ ئاریشە و کێشەکان دەبن، کێشە زەقەکان کەم و زۆر تووشی شڵەژانی دەروونیان دەکات و بەدەم ئازارەکانەوە دەتلێنەوە. بەشێکیان لە ئاست دیاردەکاندا بێ دەنگن، ئەمەش بۆ کۆمەڵێک هۆکار دەگەڕێتەوە کە ڕەنگە سرووشتی کەسەکان، ملدان بۆ بەڕێکردنی ژیانی ڕۆژانەی ئەوەی دێت با ڕووبدات، زۆر هۆکاری تر لە بازنەی ڕازیبوون بە ڕێڕەوی پڕ کێشەی ژیان بێت بە هەموو جۆرە کێشەکانەوە. بەشێکی تریشیان لەگەڵ ئازارەکاندا دەتلێنەوە و گینگڵ دەخۆن، کار لەسەر بەرەنگاربوونەوەی دیاردە دزێوەکان دەکەن، بەڵام کە پەیام نانێرنەوە بۆ نووسەر، تێکڕا لەگەڵ بێ وەڵامەکاندا لای نووسەر دەچنە خانەی بێدەنگیەوە. دۆخی ڕێڕەوی ژیانی نووسەران وخوێنەران بە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی خۆشبەختی و نا ئاسوودەییدا گوزەر دەکات، لایەنە ئەرێنییەکانی بەختەوەری ژیانی نووسەر لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، زۆربەی نووسەران هەمیشە لە سەنگەری میللەتدان، لەگەڵ ئێش و ئازارەکانی میللەتەکەدا دەژین، خەمەکانیان لەبازنەی ئێش و ئازارەگشتییەکاندا دەخولێتەوە، جۆرێک پەیوەستبوون بە میللەتەوە لەگەڵ ئازارەکانی مرۆڤایەتیدا خول دەخۆن، لە مێژوودا وەک کەسانی خەمخۆری میللەت تۆمار دەکرێن و ناچنە سەنگەری نەیارانی میللەتەوە ، ئەمەش لایەنێکی ئەرێنی گەشە و دەکرێت ئاسوودەیی ڕوحی لێبکەوێتەوە. لایەنی نەرێنیش بەهۆی کرانەوی مێشکی نووسەرانەوە دێتە بوون، کە ئەمان کەمتر ئاسوودەیی دەروونی دەچێژن لەساتی بینینی دیاردە دزێوەکادا، کراوەتر لەنەهامەتییەکانی ژیان دەڕوانن و بە دیاردە دزێوەکان دڵتەنگ دەبن چونکە ناتوانن چاویان لێ بپۆشن، ڕێگاچارەشیان لانییە، تەنیا دەتوانن بیان خەنە ڕوو ئاماژەیان پێبدەن، چونکە نووسەران کەمتر لە هەڕەمەکانی دەسەڵاتی بەڕێوەبردندا بەشدارن، توانای چارەسەری کێشە و دیاردە دزێوەکانیان نییە. ئەمەش وەک دیاردەیەکی نەرێنی دەگەڕێتەوە سەرکەسێتیان و نائاسوودەیی دێنێتە ئاراوە و لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بێ ئومێد دەبن، ئەوانەی ناچنە ژێر باری ستەمی ڕۆژگارەوە ئەو تاکانەن کەکەمتر هەست بە ئێش و ئازاری مرۆڤ دەکەن و بیر تەسکن. لە بەرانبەردا زۆری کێشە و ڕووداوەکانیش کاریگەریی لەسەر نووسەر هەیە، بەپێی سرووشتی کەسەکان کاریگەریی خۆ خواردنەوەی لایەنە نەرێنییەکان جیاوازە، ئەو کاتانەی خەم و ناسۆریەکان بەتوندی بەرۆکی نووسەر دەگرن، بێهیوایی دێتە بەرهەم و ڕەنگە جاروبار بێهیوایی ڕەشبینی بۆ نادیاری ئاسۆی ئاییندەشی لەگەڵ بێت، کە چارەنووسی ئاییندەش ڕەشبینانە بینرا، مرۆڤ نازانێت بەرەو چ هەڵدێڕێکی ترسناک هەنگاو دەنێت. ڕەشبینی دەبێتە تەقینی کانگای خەمۆکی لەمرۆقدا. هەروەک لە سیمای دێرەکەوە ناخی نووسەر دەخوێنرێتەوە، حەسرەت بۆ ناسۆری میللەت و بێ دەنگی خوێنەر دەردەدەبڕێت. ئەم دیاردەش لە هەستکردن بەجوانی بیرکردنەوەی نووسەر و هەڵبژاردنی سەنگەری گشتی میللەتەوە دێت کە زۆربەی نووسەران تیایدا بەشدارن. بەدەر لە دنیای نووسەران کە هەموو خوێنەری هەمیشەیین، لایەنە ئەرێنییەکانی ئەو مرۆڤانەشی کە خوێنەری ڕۆژانەن، بەڵام نانووسن، بە هەمان دۆخی لایەنی گەش و ڕەشدا تێدەپەڕێت، خوێنەر دووبارە نووسەرانیش دەگرێتەوە چونکە هەموو نووسەرێ خوێنەرە، کاتێک خوێنەرێکی قۆڵە و ڕۆدەچێتە دنیای خوێندنەوە وەک خۆراکی مێشکی ڕۆژانە دەبێتە پێویستییەکی ژیان، تێکەڵ بوون و هەستکردن بە دیاردەی گەش و ڕەش. لە ڕێگەی خوێندنەوەی ناخی خۆی و نووسەرانەوە پەی بەسەختی ئازارەکان دەبات، تاریکی و ڕووناکی ژیانی لێوە دیارە، دەتوانێت وەک تاکێ هەستیار بژێت و لەشتەکان تێبگات! دەزانێت نووسەر چی دەڵێت: لە کام بازنەی سەنگەردا قۆڵی لێ هەڵماڵیوە، ڕۆدەچیتە نێو ئەندێشەکانی نووسەر و لە گەڵیاندا دەژی. لەم کڵاوڕۆژنەوە بەرهەمەکانی نووسەر هەڵدەسەنگێنێ و بڕیار دەدات ببیتە خوێنەرێکی هەمیشەیی بەرهەمەکانی، یان دنیا تایبەتەکەی نووسینەکانی جێبهێڵێت. خوێنەران هەمیشە مێشکیان دەکرێتەوە فراوانتر لە ژیان دەڕوانن، لە کڵاوڕۆژنەی تەسک بینییەوە نیگا بۆ ژیان ناکەن، لەم ڕۆژگارەی بەرپابوونی ئازادیشدا، لەفەزای ڕەخساوی ژیانی تاکی کوردا هێندە بگرەو بەردەی ئەم سەرو ئەو سەری ژیان زۆرە، خوێنەران دیاردەی نەرێنیش دەیان گرێتەوە، کە کاردانەوەی لەسەر ڕێڕەوی ژیانی ڕۆژانەیان هەیە، تیشک خستن سەرنەرێنییەکانی ژیانی خوێنەرانیش لە چەند دیاردەیەکدا کۆدەکرێتەوە. ئەوانەی تامەزرۆی خوێندنەوەیەکی قوڵی ڕۆژانەن زۆربەیان گۆشەگیر دەبن، کاتیان بۆ بابەتە کۆمەڵایەتییەکان کەم دەبێت، بگرە هەر بڕوایان بەهەندێک بابەتی درووستکراوی نەریت نامێنێت، تا پەیڕەویان بکەن. ئەمەش بەشی خۆی کێشەیان لە کۆمەڵدا بۆ دەنێتەوە، گلەیی دێتە سەریان، چونکە ئەمان لە هەندێک ڕووەوە سنووری نەریتی داسەپێنراویان بڕیوەو کۆتەکەیان شکاندوە. لە کاتێکدا نەریتەکان بەسەر نەچون، سیفەتی دەست پێوە گرتنیان لەناو کۆمەڵدا ماوە. خوێنەرانی قوڵی بیرکراوە کەمتر لەگەڵ ئەو ژینگانەدا دەگونجێن کە چواردەوری داون هەندێکجار ڕوو لە گۆشەگیری و تەنیایی دەکەن. بەگشتی ئەم دیاردانە ئەوخوێنەرانە دەگرێتەوەکە بەهۆی خوێندنەوەوە تەواو لە هزردا کراونەتەوە، جیهان بە فراوانی دەبینن. ڕۆ دەچنە دنیای پەی بردن بە چێژی خوێندنەوەو لەگەڵ نازارەکانی هەڵگری پەیامی نووسەردا دەژین. ئەم دیاردە کەمتر خوێنەرانی ڕوو کەشی ڕۆژنامەو سۆشیال میدیا دەگرێتەوە، کە نەگەیشتونەتە کەناری کرانەوەی مێشک. کەمتر دەچنە قوڵایی تێڕامانەکانی خوێندنەوەو شیتەڵ کردنەوەی دیاردە ئەرێنی و نەرێنییەکان.
[1]