ناونیشان: $ژینگەی ناتەندرووست و لەمپەڕەکانی ڕێگری ئەنجامدانی تاوان$
نووسین: #برایم محێدین عارف#
ناوەرۆک: وتار
ڕێکەوت: #01-08-2024#
کەتن و تاوان، لەگەڵ پەیدابوونی مرۆڤایەتیدا سەریان هەڵداوە، مرۆڤەکانن تاوان ئەنجام دەدەن و هەر مرۆڤەکانیشن سزای تاوانبار دەدەن و یاسایان بۆ سزادان و پاداشتی نواندنی چاکە و خراپە لە سروشتدا داڕشتووە. تاوانەکانیش بەپێی ڕادەی کاریگەریی و گەورەییان جیاوازە، تاوان هەیە مێژووی مرۆقایەتی شەرمەزار کردووە لەبەر دڕندەیی و کوشتنی بێشوماری مرۆڤ و ئەنجامدانی جۆری تاوانەکە. ڕێژەی ئەنجامدانی تاوان بە پێی پێکهاتەی کەس و کۆمەڵ و وڵاتان دەگۆڕێت. وڵات هەیە ڕێژەی تاوان تیایدا بەرزە، هەشە بە پێچەوانەوە، بەڵام بە دڵنیایی تا بوونی مرۆڤایەتی هەبێت، کەتن و تاوان بنەبڕ نابن و دیاردەکە لەگەڵ مرۆڤایەتیدا ڕێدەکات، بەپێی کرانەوەی خەڵک لەگەڵ شارستانی و هاتنی خۆشگوزەانیدا ڕێژەکەی کەم دەبێتەوە، یابەرز و نزم دەکات ، جاروبار هەلومەرجی پێچەوانەکەشی دێتە ئاراوە. تاوان لە ڕێگەی تاکی مرۆڤەکان و کۆمەڵ و تا حکومەتەکانیشەوە ئەنجام دەدرێت. ڕەنگە کۆمەڵێک وڵات بەرەیەک پێک بهێنن و تاوان ئەنجام بدەن لە بەردەوامی کارەکانیاندا دژی بەرەکانی تر، وەک بەرەی وڵاتان دژی یەکتر لە ئەنجامدانی تاوانەکانی شەڕەکانی یەکەم و دووەمی جیهانیدا. بەگشتی دەتوانین ڕێژەی کەمبوونەوەی تاوان بە بوونی چەند بەربەستێک ببەستینەوە، کە ڕادەی لەمپەڕدانانی هەریەکەیان بە بەپێی تاک و کۆمەڵ و وڵاتان دەگۆڕێت، جگە لە بوونیادی شەڕانگێزانەی مرۆڤەکان کە ژینگە تیایدا ڕۆڵی هەیە، هەمیشە ژینگە ناتەندرووستەکان مرۆڤی شەڕانگێز و تاوانکار دێننە ئاراوە و بە پێچەوانەشەوە، پێش ئەوەی باس لە لەمپەڕەکانی ڕێگری لە تاوان بکەین، پێویستە ئاماژە بە ژینگەی تەندرووست و مێژوویی ئەو هەلومەرجە بدەین، کە مرۆڤەکانی تێدا گەورەبووە و تیایدا دەژین. کێشەی ژینگەی زۆربەی وڵاتان بە گشتی و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک تایبەت مێژوویەکی ڕەشیان لە تاواندا تۆمارکردووە، کاریگەریی لەسەر تاکی کۆمەڵ هەیە و لەو ژینگەیەدا مرۆڤ نائاسایی گەشە دەکات، چونکە هێشتا نەچوونەتە دۆخی ژینگەیەکی درووستەوە، تا ژینگەکە کاردانەوەی خراپی لەسەر تاک نەبیت. ئەوەی مایەی تێڕامانە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا ئێستاش بەهۆی نالەباری ژینگەکانییانەوە تاکی خراپ و شەڕانگێز دێننە بەرهەم، لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا ئەو قۆناغەیان تێپەڕاندووە، ڕێژەیەکی کەمیش مابێت کاریگەریی تێکەڵاوبوونی تاکی وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ڕەنگدانەوەی دەمارگیری ئایین و مەزهەب و نەتەوە و تا توندڕەوی حزبایەتیشە کە تێکەڵ کۆمەڵگەکان بووە، مرۆڤی پەروەردەی ناو ژینگە نالەبارەکان کە دزە دەکەنە وڵاتانی خۆراوا بەئاسانی سرووشتی پێکهاتنیان گۆڕانی بەسەردا نایەت، ناکۆکە لەگەڵ کەشی ڕۆژاوادا، لێرە لە کەشێکی شەڕانگێری پڕکێشەدا گەورەبوون، لە دۆخی بێ کێشەدا کەمتر هەڵدەکەن، بەدەر لەوانەی لە تەمەنێکی منداڵییەوە تێکەڵ بە کەشێکی بێ کێشە دەبن لەناو ژینگەی تەندرووستدا گەورە دەبن، هەمان ڕەوشتی تاکی ئەوان وەردەگرن. یەکێک لە لەمپەڕەکانی ڕێگر لە ئەنجام نەدانی تاوان، کە ژمارەیەکی دانسقەی خەڵک دەگەڕێنێتەوە لەو تاوانانەی نابێت بکرێن بە پێی چوارچێوەیەکی دیاریکراوی پەیڕەوەکەی، پابەستبوونی مرۆڤە بە ئایینەوە، ئەوانەی بە دڵ ئایینیان گرتووە و پەیڕەوی دەکەن، نەک ئەو ژمارە زۆر و بۆرەی تاک، کە وەک نەریتێکی خۆسەپێنەر پەیڕەوی ئایین دەکەن، ڕووکەشانە لێی تێگەیشتون و ناچنە قوڵایی پیادەکردنییەوە، ئاییندارانی ڕۆحی کەمتر ئەو تاوانانە ئەنجام دەدەن کە لە ئایینەکەدا ڕێگە پێنەدراوە. ئایین لەمپەڕێکی بچوکی بەردەم ڕێگری کردن لە تاوانە، چونکە ئەوخەڵکە زۆرەی لە ڕووخساردا ئایینیان گرتووە وەک ناوەرۆک پیادەی ناکەن، تەنانەت هەندێکیان خۆیان لادەدەن لە پەیوەستبوون بە دەقە ئایینییەکانیشەوە. زۆرتر ڕوکنە سەرەکییەکانی ئایین، ئەنجامدەدەن کەئەنجامدان و ئەنجامنەانی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کۆمەڵ نییە و کاری کەسین. کە بەپێی دونیابینی تاکەکان و چاوەڕێی پاداشت لەو دنیا پەیڕەو دەکرێت، نەک پێوەرە گشتییەکانی پیادەکردنی ئایین کە زۆر بواری ژیان دەگرێتەوە و پەیوەندی بە خەڵکییەوە هەیە، ئایینەکانیش جەختیان لێکردووەتەوە، ئەم تاکانە لە ئایینیش نەگەیشتون، زۆربەی ڕێبەرە ئایینییەکانیش هەر ڕووکەشانە ڕوونکردنەوەی ئایینی دەدەن. ڕاستە ئاییین زۆرتر جەخت لە پابەند بوون بە پایە سەرەکییەکانی خۆی دەکاتەوە، بەڵام کۆمەڵی پابەند بوونیشی گشتگیرە و پەیوەندی بە ژیانی کەسانی ترەوە هەیە، ئایینیش ئاماژەی پێداوە، دەکرێت پیادەبکرێت و جێبەجێکردنیان لەگەڵ پەیڕەوی ئاییندا کۆکە، نەک ئەو مرۆڤانەی وەک دەست تێوەگرتنێکی ڕووکەشانە لە ڕووخساردا پەیوەست بن بە ئایینەوە، کەمتر لە ناوەرۆکدا ئاوڕ لەو کارانە بدەنەوە کە لە دنیادا دەبێت پەیڕەوبکرێن و پێویستی ژیان و ژیاری خەڵکن. پەیوەسبوون و پەیوەست نەبوونی خەڵک بە ئایینەوە، سزا و پاداشتی خۆی هەیە، لە دنیادا کەس سزا و پاداشت وەرناگرێ و نادیارە، زۆرتر پەیڕەوکەرانی ئایین کە چوونە تەمەنەوە دەچنە دۆخی تۆبەکردنەوە، (حەج و عەمرە) دەکەن و کەمتر تاوان ئەنجامدەدەن. بەڵام لە گەنجی و لاوێتیدا سڵ لە ئەنجامدانی تاوان ناکەنەوە، بەپێی ئایینیش هەرکاتێک مرۆڤ تۆبەی کرد و گەڕایەوە سەر ڕێگەی ڕاست، ئیتر تاوانکردنی وەستاند لە گوناهەکانی پاکدەبێتەوە بە مەرجێک نەگەڕێتەوە سەر ڕێڕەوی گوناە و تاوان، دەبێت ئەوانەشی کە مافیان لای تۆبەکارە، لە مافەکانیان خۆشبن، لەم ڕوانگەوە تێگەیشتن لە ئایین کرانەوەی مێشکی دەوێ، تا مامەڵە لەگەڵ کرۆکی ئاییندا بکرێت، بۆیە هەمیشە ئایینیش لەمپەڕێکی سەرەکی نییە، تا بتوانێت زۆرترین ژمارەی خەڵک لە ئەنجامدانی تاوان بگەڕێنێتەوە. لەمەداری ئەنجامدانی تاوانە کەسییەکانی بازنەی ژیانی تاک و کۆی ئەم وڵاتەدا، ڕێگاکانی بەردەم جێبەجێ نەکردنی سەروەری یاسا زۆرە، تا ژینگەی شیاوی تاوان بێنێتە ئاراوە و ببێتە هاوکار لەئەنجامدانی تاواندا، وەک: (دەست تێخستنی لێپرسراوان و کەسوکاریان، لەکاروباری ئیداری و دادگاکان کە ڕێگرن لە هەژمونکردنی سێبەری سەروەر یاسا بەسەر کۆی کۆمەڵگەدا، بەوەی خۆیان دەپارێزن، مل بۆ ڕاپێچی یاسا نادەن، بگرە خۆیان لە سەرووی یاساوە دەبینن، بە جۆرێک چوارچێوەی جێبەجێکرنی یاسایان تەسککردووەتەوە، هەموو کون و قوژبنێک، سەروەری یاسا نایگرێتەوە.)ئەوبەر ئەوبەری زۆنە حزبیەکانیش کەلێنێکی گەورەیە کە یاسا دەستی بە هەموو شوێنێک ناگات، هەر زۆنە تاوانبارانی زۆنەکەی تر دەشارێتەوە و هاوکارییان دەکات، بەگشتی دەتوانین بڵێن: یاسا و سزای یاسایش هەر بۆ بێ باڵەکانە و باڵداران دەفڕن و شوێنی جێبەجێکردنی یاسا جێدەهێڵن. هەرلەم مینبەرەوە دەڵێین: ( (=KTML_Bold=یاسا و جێبەجێکردنی یاساش ڕێژەیەکی کەمی خەڵک لە تاوان دەگەڕێنێەوە، لەمپەڕێکی سەرەکی ڕێگری سەرپێچییەکان نییە، کەسانێک هەن خۆیان لە سەرووی یاساوە دەبینن، دادبینی تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە دەچنە بەردەم یاسا و زۆرتر خەڵکانی ڕەشوڕووت و بێ پشت و پەنان.=KTML_End=))
یەکێکی تر لە لەمپەڕە کەسییەکانی بەردەم ئەنجام نەدانی تاوان، ویژدانە، ویژدان لەمپەڕێکی پێکهاتەی کەسێتییە و لە هەموو کەسێکدا وەک یەک بوونی نییە، تاک هەیە ویژدانی پەردەیەکی ئەستوور نییە و نابێتە ڕێگری ئەنجام نەدانی تاوان، مرۆڤیش هەیە ئەگەر ویژدانیشی هەبێت پەردەیەکی تەنکە و هیچ ڕێگریەک لە گەڕانەوەی تاوان ناکات، لە هەمان کاتدا مرۆڤیش هەیە ویژدانی ڕێگەی ئەنجامدانی تاوانی نادات. بوونی ویژدان بەپێی ڕادەی تێکگەیشتن و پێکهاتەی کەسەکان دەگۆڕێت، کرانەوەی بیر و ئەزموونی ڕووناکبیری ڕۆڵی کاریگەریی هەیە لە ئەستووربوونی پەردەی ویژدانی تاکەکانی کۆمەڵدا، بەگشتی خەڵکانی ڕووناکبیر زۆرتر پەردەی ویژدانیان ئەستوورترە، پەردەش کەئەستوور بوو، ڕێگر دەبێت لە ئەنجامدانی تاوان. دەتوانین بڵێن: ( (ویژدانیش لەمپەڕێکی کەسی گێڕانەوەی تاوانە و تاک بۆ تاک دەگوڕێت، ڕێژەیەکی کەمی مرۆڤ هەن پابەندی هەموو فلتەرو ڕێگریەکی ویژدانن، ئاسوودەیی دەروونیان پابەندە بە بڕیارەکانی ویژدان و تاوان ئەنجام نادەن و ویژدان سزای دەروونیان دەدات.))
فراوانی ئاستی ڕوووناکبیری و باشی ئاستی ئابووری ڕۆڵی گرنگی لە ئەنجام نەدانی تاوان هەیە، مرۆڤ کە لە هزر و بیردا کرایەوە، فراوان دیارەکان دەبینێت، دیاردەی تاوان لای قێزەوەنە، لە لایەکی تریشەوە هەمیشە ئەو کۆمەڵگەیانەی ئاستی ئابووری و ڕووناکبیری تاک تیایدا بەرزە تاوانی کەمتر تێدا ئەنجام دەدرێت، چونکە هەندێکجار نادادپەوەری و کێبەرکێی ژیان مرۆڤ ڕووە و کارەساتی هەڵە دەبات، بەتایبەتیی ڕاو و ڕووت و دزی و قۆڵبڕین لە کۆمەڵگەی دواکەوتووەکانی گیرۆدەبووی قەیرانی ئابووریدا زۆرتر دەبینرێت، مرۆڤ کە توانای دابینکردنی بژێوی ژیانی نەما، لە پێناوی هەڵسووڕاندنی بژێوی ژیاندا ، پەنا بۆ هەموو شتێک دەبات. هەروەها نادادپەروەری و نایەکسانی ژیان لە ناڕێکی دابەشبوون، کە کۆمەڵ دەکاتە دوو چینی زۆر دەوڵەمەند و هەژار، چینی مامناوەند نامێنیێت، کە دەشێت گەورەترین چین بێت لە ڕووی ژمارەوە، نادادی دێتە ئاراوە، هەمیشە لە کۆمەڵگەی تەندرووستدا چینی مامناوەند زۆرینەن و چینە دەوڵەمەند و هەژارەکان کەمینەن. لە وڵاتە هەژارەکاندا مرۆڤ هەر عەوداڵی دابینکردنی ژیان دەبێت. لەو وڵاتانەی باری ئابوورییان باشە، ژیان پێشکەوتووە، منداڵان لەژێر سایەی سیستەمی پێشکەوتوودا بێکێشە گەورە دەبن تاوان کەمە و خەڵک دەق دەەبەستن، لەگەڵ نەکردنی تاواندا، بارودۆخێک دێتە ئاراوە، ژیانی ڕۆژانەی ئاسایی دەڕوات و تاوان و دزیکردن دیاردەیەکی تەواو قێزەوەنه، تا منداڵانیش ڕووی تێناکەن. بە شێوەیەکی گشتی لەگەڵ بوونی ڕێگرەکانی ئەنجامدانی تاواندا جێبەجێکردنی یاسا وەک و یەک و بێ جیاوزی لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەمانی تاوانە، بەڵام جێبەجێکەرانی یاسا بە پەراوێزی کۆمەڵە کەسانێکدا ناچێت کە خۆیان لەسەرەوەی یاساوە دەبینن، لێرەدا نەک یاسا ڕێگری سەرەکی تاوان نییه، بگرە لە پشتگوێ خستنی یاسا و نایەکسانیدا کێڵگەی لەباری تاوان دەڕەخسێت. لێرەوە دەتوانین ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ تاوان، بەنەبوونی یاسا، بێ سەر و بەرەیی نەبوونی سەروەری یاسا ببەستینەوە، کە زۆرتر دەسەڵاتدارانی حزب و حکومەت لێی بەرپرسیارن، ئەم دیاردە ژینگەیەکی توندوتیژ دێنێتە ئاراوە. منداڵانیش لەو ژینگە توندوتیژەدا چاو هەڵدەهێنن و گەورە دەبن مرۆڤی ئاسایی دەرناچن، چونکە دایەنگەکانی پەروەردەی منداڵ کە (خێزان، قوتابخانە، کۆمەڵن)، هەموو لەژێر سێبەری هەژموونی ئەو توندوتیژیەدان، نایەکسانی و نادادی ژیان، دێتە ئاراوە، چینی ناوەند زۆرکەمن، چینیکی کەمی دەستڕۆیشتوویی باری دارایی هەموو شتەکانیان قۆرخ کردووە، بەرانبەر چینی زۆری باری دارایی خراپ و قوربانیدەری دۆخەکە.
نەبوونی سزا بۆ هەموو ئەو تاکانەی کار ناکەن، بوونی ژمارەیەکی بێشوماری بن دیوار، دۆخێکی وا دێنێتە ئاراوە، کەسە دڵسۆزەکانیش ساردبن لە کارەکانیان، چونکە ژیانیان دابین ناکرێت ومسۆگەر نابن لە دابینکردنی بژێوی ژیاندا، بیر لە ڕێگەی تر بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان دەکەنەوە. [1]