=KTML_Bold=سەرلەنوێ هێنانەوەى #داعش#=KTML_End=
#عارف قوربانی#
نیوەشەوێکى مانگى سێى ساڵى 2014، بە دیاریکراوی سێ مانگ پێش دەرکەوتنى داعش لە عێراق، ئێمە لە بەشى عەرەبیی ماڵپەڕى خەندان ڕاپۆرتێکمان بڵاوکردەوە کە لە چەند مانگى داهاتوو گرووپێکى تووندڕەوى چەکداریی ئیسلامى دێنە عێراق و هەموو ناوچە سوننەنشینەکان لەژێر کۆنترۆڵى بەغدا دەردەهێنن، بەڵام پاش چەند خولەکێکى کەم بەسەر بڵاوکردنەوەیدا، بەخێرایى سڕیمانەوە.
هۆکارى بڵاوکردنەوەى ئەو ڕاپۆرتە، هەڵە تێگەیشتنێکى من بوو. بەرپرسێکى کورد لەو کاتەدا لە دەرەوەى عێراق لە (عەممان) بوو، تەلەفۆنێکى بۆ کردم و لە باسوخواسى کێشەکانى نێوان #هەولێر# و بەغدا، باسى ئەوەی کرد بارودۆخەکە وەک خۆى نامێنێت، گوتى با هەندێ زانیاریت بدەمێ. دواتر زانیم مەبەستى ئەو لە پێدانى ئەو زانیارییانە بۆ بەرچاوڕوونیی من بووە، بەڵام من واتێگەیشتم ئامانجى لە پێدانى زانیارییەکان بە مەبەستى بڵاوکردنەوەیەتى. ڕاستەوخۆ دواى تەلەفۆنەکەى ئەو، پەیوەندیم بە سەرنووسەرى بەشى عەرەبیی ماڵپەڕەکەمانەوە کرد، چونکە بەشى کوردیمان تا ئەو کاتانە لە دەوام نەدەمانەوە، بەڵام سەرنووسەرى بەشى عەرەبى تا نیوەشەوى درەنگ لە ماڵەوە هەر کارى دەکرد. پوختەیەک لە قسەکانیم بۆ گواستەوە، داوام لێکرد هەر ئەو شەوە ڕاپۆرتێکى لەسەر ئامادە بکات و بڵاوی بکاتەوە. دان بەوەدا دەنێم ئەو لە من وریاتر بوو، چەند جارێک بۆمى دووپاتکردەوە کە کارێکى باش نییە ئەوە بڵاوبکەینەوە، بەڵام من هەر سووربووم لەسەرى و پێم گوت دەبێت بڵاوی بکەیتەوە. بڵاومانکردەوە، بەڵام ئەو شەوە بۆ من شەوێکى ناخۆش بوو.
بۆیە ئەگەر ناسنامەى داعش و خاوەندارێتیان، چیرۆکى هاتن و ڕۆیشتنیان تائێستاش بۆ خەڵکانێکى زۆر جێگەى پرسیار بێت، بۆ من وانییە. لانى کەم ئەوە دەزانم سەرهەڵدانێکی خۆڕسکانە نەبوو، هەروەها دەزانم ئامانج و ستراتیجی هێنانى ئەو گرووپە تۆقێنەرە، پێچەوانەى ئەو سیما و خەسڵەت و ناسنامە مەزهەبییە بوو کە کرابووە پەرچەمى ڕێکخراوەکە. لە سەرەتاى دەرکەوتنیشیانەوە بۆ ئێستا لە چەندین گوتار و دیدارى تەلەڤزیۆنیدا بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستوخۆ گومانی لایەنی ئاراستەکەری پشتەوەی ئەم هێزەم خستووەتەڕوو، باسى ئەوەم کردووە کە دەستى زۆر لایەن لە هەناوى داعشدا هەبووە و بۆ ئامانجى جیاجیا بەکاربراون.
مەبەستم بوو ئەم پێشەکییە دوورودرێژە ببمەستمەوە بەو هەواڵانەوە کە باس لەوە دەکەن نزیکەى 1200 زیندانیکراوى داعش کە زۆرینەیان خەڵکی موسڵ و عێراقن، لە گرتووخانەکانى ژێر دەسەڵاتى ئیدارەى ڕۆژئاواى کوردستان بوون، ئازادکراون و ئەگەرى ئەوەش هەیە لە ڕۆژانى داهاتوو دەرگەى زیندان لەسەر ژمارەیەکى زیاتریان بکرێتەوە. پێش ئەوەى چارەنووسى ئەم داعشە ئازادکراوانە ببێتە پرسیار لامان، پێویستە ئەو پرسیارە بە یادى خۆمان بهێنینەوە ئەو چەندین هەزار چەکدارەى دیکەى داعش لە کوێن، چونکە ئەوە ڕوونە ئەم چەکدارە ئازادکراوانە دەچنە پاڵ ئەو داعشانەى دیکە کە بە حیساب لە دواى ڕاگەیاندنى کۆتایى داعشەوە شوێنیان نادیارە، کە لە ڕاپۆرتى دەزگا جێمتمانە و باوەڕپێکراوەکانى ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا ئاماژە بەوە دەکرێت زیاتر لە 10 هەزار چەکدارى داعش لە ناوچەکانى نێوان سووریا و عێراق و لەنێو عێراق خۆیان حەشارداوە.
لەم سەردەمى تەکنەلۆژیاى زانیارى و پیشەسازیى چاودێرییەدا، دیارنەمان و خۆحەشاردانى 10 هەزار چەکدار لە ناوچەیەکی جوگرافیای بەرتەسکدا، نەک جێى هەڵوەستەکردن، بەڵکو باوەڕکردن پێى، مایەى پێکەنینە. ئەوانەى ڕووداوەکان ئاراستە دەکەن و جیهان هەڵدەسوڕێنن، دەزانن داعشەکان لەکوێن. هێشتنەوەى داعشە دەستگیرکراوەکانى نێو بەندینخانەکانى ڕۆژئاواى کوردستانیش بە بڕیارى ئەوان بووە و ئێستاش ئازادکردنیان هەر لەژێر ڕێنمایى ئەواندایە.
بەڵام بۆچى لەم چرکەساتە ئازادیان کردوون و کورد واتەنی چی لەژێر سەریاندایە، ئەمەیان جێى پرسیارە؟ هەرچەندە بەشێکى زۆر لە شرۆڤەکاران، ئەوانەى تائێستا لەم بارەوەیە قسەیان کردووە، ئەم ڕووداوە دەبەستنەوە بە گفتوگۆکانى نێوان حکومەتى عێراق و ئەمریکاوە تایبەت بە کشانەوەى ئەمریکا لە عێراق. پێیان وایە بەهۆى ئەو گوشارانەى گرووپە چەکدارییەکانى شیعە لەسەر هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق دروستیان کردووە، پێدەچێت ئەمریکا ئازادکردنى چەکدارانى داعش بکاتە کارتى گوشار لەسەر عێراق تا دەست لە پێداگیرییەکانى بۆ دەرکردنى ئەمریکا لە عێراق هەڵبگرێت، بەڵام من واینابینم جووڵاندنى کارتى داعش بۆ ترساندنى دەسەڵاتدارانى عێراق بێت، چونکە لە بنەڕەتدا داعش سەرچاوەى مەترسى نەبووە بۆ سەر دەسەڵاتى شیعە لە عێراق و لە ناوچەکەیش. بە پێچەوانەوە، داعش داینەمۆى زاڵبوونى هەژموونى شیعە بوو لە عێراق، هەروەها زامنی مانەوەی دەسەڵاتی شیعەبوو لە سووریا، لەوەش زیاتر هۆکاری تەواوکردنی پڕۆژەی پێکەوەبەستنی شیعەی ئێران بوو بە سووریا و لوبنانەوە.
لەلایەکى دیکەشەوە داعشەکانى نێو عێراق ئاشکرایە لەکوێن، لە سێگۆشەى حەمرین بۆ سەڵاحەدین و نەینەوا و #کەرکووک#، هەروەها لە سێگۆشەى حەمرین بۆ کەرکووک و دیالەدان. هەموو ئەو ناوچانەش لەژێر کۆنترۆڵى ڕاستەوخۆى بەغدایە. جار جارە کە چەکدارێکى داعش دەستگیر دەکرێت دان بەوەدا دەنێت بە ئاشکرا مەشق و ڕاهێنان دەکەن و خواردن و پێداویستى ژیان و چەک و کەرەسەى سەربازیشیان پێدەگات. تازەترینیان ئەو ڕووداوەی 10 ڕۆژی ڕابردووی قەرەهەنجیر بوو کە دوو چەکداری داعش لەناو شارۆچکەکە ڕووبەڕووی ئاسایش بوونەوە، دوای ئەوەی یەکێکیان بە برینداری کەوتە دەست هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دانی بەوەدا ناوە بنکە و شوێنی سەرەکییان چەند لە سەربازگەکانی عێراق و هێزەکانی #حەشدی شەعبی# و ناوەندی شاری کەرکووکەوە نزیکە، کێ ئەمە دەکات؟ بێگومان دەستێکى بەهێز لە سەرووى سەرى دەوڵەتەوە ئەم دۆسێیە بەڕێوەدەبات.
مانەوەى هەزاران چەکدارى داعش لە ماوەى حەوت ساڵى دواى ڕاگەیاندنى کۆتایى خەلافەت و جوگرافیاکەیان، هەروەها هێشتنەوەى 12 هەزار چەکداریان لە زیندان و ئێستاش دەستکردن بە پرۆسەى ئازادکردنیان، وەک پێدراوێک ئەوەمان پێ دەڵێت کە پێشهاتى دۆخێکى نەخوازراو لە ناوچەکە دێتە ئاراوە و ئاڵۆزیى و کێشەگەلى جۆراوجۆر سەرهەڵدەدەن.
لێرەدا ئەوەى لە هەموو وڵاتانى ناوچەکە زیاتر پێویستى بە خۆئامادەکردن و وریایى زیاترە، گەلى کوردستانە لە ڕۆژئاوا و باشوورى کوردستان، چونکە ئەگەر خاوەنە ڕاستەقینەکانى داعشیش هیچ پلان و ئامانجێکی دووژمنکارانەیان نەبێت بۆ ڕووبەڕووکردنەوەى هەڕەشە و مەترسى داعش دژ بە کوردستان، لەبەر ئەوەى دەوڵەتانى ناوچەکە هەموویان بە شێوازى جیاجیا دەستیان لە هەناوى داعشدا هەیە و دەتوانن بەکاریان ببەن، بۆیە ئەگەر تەنیا بۆ گۆڕینى ئاراستەى ڕووداوەکانیش بێت، هێنانەوەى داعش بۆ ناوچەکە پێش هەر لایەکى دیکە، مەترسییە بۆ سەر کورد.
بەڵام ئەوەى لێرەشدا جێگەى هەڵوەستەیە، بە هیچ جۆرێک هەست بەوە ناکرێت کوردستان درکى بە مەترسى کردبێت، هیچ ئامادەسازی و خۆمشتوماڵکردنەوەیەک نابیندرێت. کە لە ڕاستیدا ئەمە مەترسیدارە. پێویستە ڕووداوى #شنگال# هەمیشە لەبەرچاومان بێت و بەشى ئەوە پەندمان لێوەرگرتبێت نەهێڵین لە هیچ شوێنێکى دیکەى کوردستان دووبارە ببێتەوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=