=KTML_Bold=چەرچڵی سیاسی چەرچڵی رۆماننووسی قووتداوه!=KTML_End=
#مەحموود نەجمەدین#
=KTML_Bold=ئەو غەدرەی لە چەرچڵ کرا!=KTML_End=
بە درێژایی مێژووی ئەدەبیات، ئەدیب و نووسەر ھەمیشە غەدریان لێ کراوە؛ زۆر لە نووسەر و تەنانەت فەیلەسووفەکان تاوەکو لە ژیاندا بوون بە برسێتی و ھەژاری ژیاون و زۆرجار دەسەڵات بێ رەحمانە ئازاری داون. یەکێک لەو نووسەرانە چەرچڵە، کە من پێموایە ئەو غەدرەی لەو کراوە لە کەس نەکراوە، ئەو غەدرەی لە چەرچڵی رۆماننووس کراوە، غەدرێکی سەیر و سەمەرەیە، تاوەکو ئەمڕۆش زۆر لە وەرگێڕ و لێکۆڵەرەکان چەرچڵی رۆماننووس ناناسن و ھیچی لەبارەوە نازانن. جگە لە شانۆگەرییەکی، ھیچ بەرھەمێکی وەرنەگێڕدراوە بۆ عەرەبی و ئەوە بە کوردی ھەر نییە و ھیچت لەسەری دەست ناکەوێت جگە لەم بابەتەی من نەبێت. چەرچڵی رۆماننووس بەو ھەموو بەرھەمەوە ھێشتا بۆ زۆر لە خەڵکی دنیا نەناسراوە، تەنانەت مام گووگڵیش وەختێ ناوەکەی بۆ دەنێری، ئەو لەوسەرەوە تەلیسێک زانیاریت لەسەر چەرچڵە قەڵەوەکەی بەریتانیا بۆ دەنێرێتەوە.
زۆر له سیاسییەکان بە کەم سەیری جیهانی ئەدەب دەکەن، پێیانوایە کارێکی لاوەکییە، دەقی ئەدەبی وەکو خەیاڵێک دەبینن و هیچی دیکە. ئەدیب و نووسەران هەمیشە هەست بە و ستەمە دەکەن کە لێیان دەکرێت و بەپێی پێویست ئاوڕیان لێنادرێتەوە، جا ئە و بە کەم سەیرکردنە لەلایەن سیاسی و دەسەڵاتدارانەوە بێت، یانژی لەلایەن خەڵک و خوێنەرەوە بێت. ئەدیبەکان دەڵێن، دەسەڵات وەکو زەڵاتە سەیری ئەدەب دەکات. لێ ئەوەی سەیر و حەلامەتە لە ئەورووپا، لەناو جەرگەی رۆشنبیری و شارستانیدا لە پەنجاکانی سەدەی رابردوودا رێکخراوی نۆبڵ بۆ ئەدەب بە بەرچاوی هەموو ئەدیب و رۆماننووس و شاعیرەکانی دنیاوە خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی دەبەخشێتە کەسایەتییەکی سیاسی، ئەویش وینستن چەرچڵی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیای سەردەمی جەنگی داگیرکاری و سەردەمی جەنگی جیهانییە! ئەمە لە کاتێکدایە بەرهەمی نووسینی ئە و چەرچڵە خرپنە دەسەڵاتدارە، جگە لە بیرەوەرییەکانی و بابەتی مێژوویی و سیاسی هیچ بابەتێکی ئەدەبی نییە، ئەسڵەن بەلای ئەدەبدا نەچووە و فڕی پێوە نەبووە. لەوەش سەیرتر ئەوەیە، هەر لە و رۆژگارەدا یاخود چەند ساڵێک بەرلەوە چەرچڵی سیاسی نۆبڵی ئەدەبی وەربگرێت، وینستن چەرچڵێک هەبووە ئەدیب بووە، خەڵکی ئەو ئەمریکا کەڵەگەتە بووە، کە لایەکی دنیا بە ویستی ئەو هەڵدەسووڕێت، چەرچڵی ئەمریکی خاوەنی کۆمەڵێک رۆمان و شانۆنامەیە و لە رۆژگاری خۆیدا زۆر ناودار بووە و یەکێک لە رۆمانەکانی زیاتر لە یەک ملیۆن دانەی لێ فرۆشراوە.
لێرەدا ئەز دەمەوێت هەڵوەستەیەک لەسەر دوو شت بکەم، یەکەم رێکخراوێکی وەکو نۆبڵ کە باوەڕپێکراوە و گەورەترین خەڵاتی ئەدەبی دەبەخشێت، چۆن کارێکی لە و شێوەیەی کردووە؟! بە بەرچاوی دنیاوە خەڵاتی نۆبڵ دەبەخشێ بە سیاسییەک کە هیچ بەرهەمێکی ئەدەبی نەبووە، تەنیا لەسەر بیرەوەرییەکانی ئەم کەسایەتییە سیاسییەیان هەڵسەنگاندووە و ئە و خەڵاتەیان پێ بەخشیوە! هەر لە و سەردەمانەدا رۆماننووسی ئەمریکی وینستن چەرچڵ هەبووە؛ وەکو گوتم، خاوەنی کۆمەڵێک رۆمان بووە، کەچی ئەو خەڵاتەی پێ نەبەخشراوە! تۆ بڵێی لە و عەیامەدا رێکخراوی نۆبڵ و هەڵسەنگێنەرانی هەڵەیان کردبێت و بە هەڵە، لەبری ئەوەی خەڵاتەکە ببەخشن بە چەرچڵی رۆماننووس، بەخشیویانە بە چەرچڵی سیاسی؟ ئەوەی سەیرە بۆ هەڵوەستە لەسەر شتێکی وا نەکراوە؟!
خاڵێکی دیکە ئەوەیە چەرچڵی رۆماننووس کە لەلایەن رێکخراوی نۆبڵی ئەدەبەوە فەرامۆشکراوە و گرنگی بە چەرچڵی سیاسی دراوە، ئەی لە دنیای ئەدەب و ئەدەبیاتدا بۆچی گرنگی بە چەرچڵی رۆماننووس نەدراوە. کاتێک لەگەڵ هاوڕێم محەمەد کەریم سەرقاڵی کۆکردنەوەی بابەت و نووسین و زانیاری بووین لەسەر ئەم دوو کەسایەتییە (چەرچڵی سیاسی و دەسەڵاتدار و چەرچڵی رۆماننووس) تووشی نائومێدی بووین؛ ئە و هەموو زانیارییە لەسەر چەرچڵی سیاسی هەیە، ئەمما شتێکی ئەوتۆ لەسەر چەرچڵی ئەدیب نییە، دوای گەڕانێکی زۆر لە دوو بابەت زیاترمان دەستنەکەوت، ئەویش کورت و کەم بوون. تەنانەت بە ئینگلیزیش شتێکی ئەوتۆی لەسەر نەنووسراوە. تەنیا لەیەک سایتدا یەک دوو رۆمانی بە پی دی ئێف دانراون، شانۆنامەیەکیشی کراوە بە عەرەبی.
بەناونیشانی الدکتور جوناثان ئەم بەرھەمەی لە سێ بەش پێکدێ، حسین تقی سنبلی وەریگێڕاوە بۆ عەرەبی و د. علی محمد سلیمان پێداچوونەوەی بۆ کردووەو د. احمد صقر شیکاری ھونەری بۆ کردووە. کتێبەکە لە بڵاوکراوەکانی کۆمەڵەی نیشتمانی بۆ ھونەر و ئەدەب و رۆشنبیریی کوەیتی ساڵی 2013 لە دووتوێی 190 لاپەڕەدا بڵاکراوەتەوە. ناوەڕۆکی شانۆگەرییەکە باس لە ژیانی خەڵکی ئەمریکای ئەو سەردەمە دەکات و شەڕ و ململانێی ئەرستۆکراتی و چینی کرێکار و یەکسانی لە نێو کۆمەڵگا و کارکردن لە پێناوی گەشەی بیری نوێ و چوونە نێو دنیای تازەوە. دەرگای بە رووی زۆر بابەت و گرفتدا کردووەتەوە، بەڵام شانۆ کاری من نییە و نامەوێت زیاتر رۆبچمە ناوەڕۆکی بابەتەکەوە و بەو ھیوایەم کەسانی شارەزای ئەو بوارە قسەی لەسەر بکەن. یان ھەر وەرگێڕێکی شارەزا پێی باش بوو ئەم شانۆگەرییەی نووسەر وەربگێڕێ بۆ کوردی من کتێبەکەم لەلایە و لە خزمەتیدایە.
ئەوە باسی وێنە هەر ناکەم! چەرچڵی سیاسی هەزاران وێنەی لە گووگڵدا هەیە و چەرچڵی رۆماننووس سێ وێنەی هەیە. ئەوانیش بێ کوالێتین. لە گەڕانەکانمدا ویستم رۆمانێکیم بە عەرەبی دەستبکەوێت هەرچەند ناوەکەیم دەنووسی و لە گووگڵ دەگەڕام بیرەوەرییەکانی چەرچڵی سیاسی بۆ دەهێنام.
ئەوەی قوڕەکەی بۆ چەرچڵی رۆماننووس خەستتر کردووەتەوە ئەوەیە سپێڵی ناوەکەشی بەهەمان پیتەکانی ناوی چەرچڵی سیاسییە، واتە (Winston Churchill) ئەوسا گەیشتمە ئە و باوەڕەی چەرچڵی سیاسی بووەتە ماری مارخۆر و چەرچڵی ئەدیب و رۆماننووسی داماوی قووت داوە!
=KTML_Bold=جیاوازی لەنێوان دوو چەرچڵدا=KTML_End=
جیاوازی نێوان ئەم دوو چەرچڵە زۆرەو بە هیچ شێوەیەک ناچنەوە سەر جەلەی یەک. خاڵی لە یەکچوویان تەنیا ناوەکانیانە، کە وەکو یەک وایە. با بزانین جیاوازییان لە چیدایە. لە رووی جەستییەوە چەرچڵی سیاسی بە گەنجی بەدەنێکی رێکی هەبووە، نە قەڵە و و نە لاوازبووە، لەپیریشدا پیاوێکی خڕیلە و گۆشتن بوو، پێستی ناسک دیارە. چاوی شینە و لووتی تۆزێک پان بووە. بەڵام چەرچڵی رۆماننووس کە سێ وێنەی هەیە پیاوێکی نە قەڵە و و نە لاوازبووە و ئاسایی بووە، گەرچی وێنەکەی رەش و سپییە لێ پێدەچێ پیاوێکی تا ئەندازەیەک ئەسمەر بووبێت، بەپێچەوانەی چەرچڵی سیاسییەوە برۆی پان و تۆخە.
لەڕووی تەمەنیشەوە جیاوازی نێوانیان بەم شێوەیەیە: چەرچڵی سیاسی (1874) لەدایک بووە و لە ساڵی (1965) مردووە. واتە 91 ساڵ ژیاوە، چەرچڵی رۆماننووس لە ساڵی (1871) لەدایک بووە و لە ساڵی (1947) مردووە، واتە 75 ساڵ ژیاوە. شەش ساڵ دوای مردنی چەرچڵی رۆماننووس چەرچڵی سیاسی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی وەرگرتووە و کەیفی پێکردووە. چەرچڵی سیاسی سی ساڵ لە چەرچڵی رۆماننووس منداڵتر بووە و هەژدە ساڵ دوای ئەویش مردووە، کەچی ئەوەی ئە و داماوەی بەجۆریک کردووە بە بەشخوراو لە دنیای تەکنەلۆژیا و فراوانی ئینتەرنێتی ئەم رۆژگارەشدا نەهاتووەتەوە مایە.
=KTML_Bold=ئەم جووتە چییان نووسیوە؟=KTML_End=
لەم بەشەی نووسینەکەمدا باسی نووسین و بەرهەمی هەردوو چەرچڵەکە دەکەم. با ئێمەش غەدری لێنەکەین و لە رۆماننووسەکەوە دەست پێبکەین، وینستن چەرچڵی رۆماننووس بە یەکێ لە باشترین رۆماننووسەکانی ئەمریکا دادەنرێ، بەپێی ئە و زانیارییە کەمەی لەبارەیەوە هەیە، ئەم رۆماننووسە لە ساڵی (1871) لە سانت لویسی ویلایەتی میسۆری لە ئەمریکا لەدایک بووەو لە ساڵی (1947) مردووە. لەو ماوەیەی لە ژیاندا بووە کۆمەڵێک رۆمان و شانۆنامەی نووسیوە (رۆمانی یەکەمی لە ساڵی (1898) بە ناوی (ناوداران) نووسیوەو رۆمانی دووەمی (ڕیچارد کارفیل) ساڵی (1899) نووسیوە، رۆمانی سێیەم بە ناوی (قەیران) ساڵی (1901) نووسیوەو ساڵی (1903) رۆمانی (هەڵهاتنی سەید کیگان)ی نووسیوە. ساڵی (1904) رۆمانی (پەڕینەوە)ی نووسیوە و ساڵی (1908) رۆمانی (پیشەی سەید کرو)ی نووسیوە. ساڵی (1910) رۆمانی (رووداوە تازەکان) و ساڵی (1913) رۆمانی (نێوجامەکە) و ساڵی (1915) رۆمانی (شارە دوورەکە)ی نووسیوە و ساڵی (1917) رۆمانی (شوێنی تەنک) و ساڵی (1940) رۆمانی (رێگای ون)ی نووسیوە. ساڵی (1918) شانۆگەری (موسافیرێک لەکاتی شەڕدا)ی نووسیوە، ساڵی (1919) شانۆگەری (دکتۆر جۆناسان)ی نوسیوەو کتێبێکی هەیە بەنێوی (زانستی خود لە بیروباوەری ئینجیلدا). هاوکات سێ شانۆگەری نووسیوە بە نێوی سێ رۆمانی خۆیەوە. ئەوانیش شانۆگەری (ڕیچارد کارفیل)و (پەڕینەوە) و (قەیران).
ڕۆمانی (ڕیچارد کارفیل) رۆمانێکی مێژووییە، بیرەوەری پیاوچاکێکە لەسەدەی هەژدەدا. چەرچڵی رۆماننووس بەم بەرهەمەی ناوی دەرکردووە و چاپی یەکەمی رۆمانەکە ساڵی (1899)دا بووە و یەک ملیۆن نوسخەی لێ فرۆشراوە. ئەم رۆماننووسە زۆرتر لە مێژوودا کاری کردووە بەتایبەتی مێژووی ئەمریکا. رۆمانی قەیرانیش دیسان رۆمانێکی مێژووییە و لە سەردەمی خۆیدا فرۆشی زۆربووە. ئەم رۆمانە لەسەردەمێکدا بڵاوکراوەتەوە ئەمریکا گیرۆدەی شەڕی نێوخۆیی بووە، ئیشکردن لەسەر خەیاڵی مێژوویی خاڵی سەرەکی نووسینی ئەم رۆماننووسەبووە. هاوکات باس لە کێشەکانی وڵاتەکەی کردووەو لە بارەی ئاریشە و گرفتە سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتەکەیەوە نووسیویەتی.
=KTML_Bold=چەرچڵی سیاسی لەپای چی نۆبڵی وەرگرتووە؟=KTML_End=
وینستن چەرچڵی سیاسی لە ساڵی (1874) لەدایک بووە، دەسەڵاتدار و سیاسەتمەدارێکی گەورەی بەریتانییە و ناوی لەسەر زارانە. لە ساڵی (1965) لە لەندەن لە تەمەنی 91 ساڵی مردووەو لە ژیانی سیاسی و سەربازیدا گەلێک پۆستی وەرگرتووە، لە هەمووشیان باڵاتر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بووە. ئەم پیاوە لە دنیای سیاسەتدا هێندە نێودارە خەڵکی ئاساییش ناویان بیستوە، بەیەکێ لە دیارترین سەرکردە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە و جیهانیش دادەنرێ و دەوری زۆری هەبووە لە بەهێزکردن و پێشخستنی وڵاتەکەی دا لەسەدەی بیستەمدا. بەرهەمی چەرچڵی سیاسی لە نووسیندا بریتین لە کۆمەڵێک بابەتی مێژوویی و هەروەها کتێبی بیرەوەرییەکانی لە چەند بەرگێک پێکدێ و خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی لەسەر وەرگرتووە، لەگەڵ وتاری سیاسی و وتەی سیاسی، لە بواری هونەری شێوەکاریشدا توانای هەبووە، وێنەکێش بووە، لێکۆڵەران دەڵێن حەزی وێنەکێشان لای ئەم سەرۆکوەزیرانەی بەریتانیا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی دوور خراوەتەوە، تووشی کەئابە بووە، کەچی ئەو تابلۆیانەی ئالدووزی کردوون گەشبینی پێوە دیاربووەو وێنەی سروشتی کێشاوە. چەرچڵ ساڵی (1953) خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی پێبەخشراوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=