لە ناوەڕاستی یادەوەریدا
دەق: ڤینۆس فایەق
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: #رۆزا حەمە ساڵح#
کڕنوشی دەبرد دایکم
لە یەکەم ڕکاتەوە
پێی نەزانیبوو
گەڵا سەوزەکانی
سەر دامێنی کراسە وەنەوشەییەکەی
زەرد هەڵگەڕابوون و
دەوەرین
سەری بۆ ئاسمان بەرزکردەوە و
پاڕایەوە
بێ ئاگا بوو لەوەی
کراسەکەی نوقمی ڕەشی بووە
بەڕێکەوت لە ناوەڕاستی یادەوەریدا
خۆمم لەبیرکرد
خۆمم لە دوای خۆم بەجێهێشت
زمان خیانەتم لێدەکات
وا خەریکە دەگەمە خۆرئاوابوون
لێکدانەوەکان بێزارم دەکەن
ڕوونکردنەوەی ئەم تووڕەییە
تووشی دڵ تێکهەڵاتنم دەکات
سەرپۆشەکەم لە جنسی تاریکیە
دەنگێک لە قوڕگما دەخنکێنێت
بریقەیەک لە چاوەکانمدا دەکوژێنێتەوە و
خەونی پەپوولەیەکیش کە من بوو
سەرپۆشەکەم لادەبەم
بۆ ئەوەی هزرم گەشە بکات و
بەرەو ئاسۆ بفڕم و
بگەڕێمەوە بۆ ئەو شۆڕشەی کە من بوو
بەڕێکەوت لەسەر ئەم زەوییە دەژین
بریا ماسییەک بوومایە
هیچ لە ژیان تێناگات
هێشتا گوێبیستی کەشتی نوح نەبووە
کە بەسەریدا تێپەڕی
بریا وابوومایە.[1]